بەربژێری بەڕێوەبەری هەواڵگری ئەمریکا: ئەوەی لە سووریا دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکی تووندڕۆیە

31-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێری سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆستی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند ئەوەی ئێستا لە سووریا دەسەڵاتدارە، "ئیسلامییەکی تووندڕۆیە" و لەکاتی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەردا لەسەر شەقامەکان لەخۆشییان سەمای کردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 30ی کانوونی دووەمی 2025، تولسی گابارد، بەربژێری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی نیشتمانی ئەمریکا (DNI)، لەلایەن لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیرانەوە بانگهێشتکرا بەمەبەستی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان و دەنگدان لەسەر بەربژێربوونی. 
 
لەو دانیشتنەدا کە نزیکەی سێ کاژێر و نیوی خایاند، گاباردی تەمەن 43 ساڵ چەندین تۆمەتی ئاراستەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا و بەتایبەت باراک ئۆباما کرد بەوەی هاوکاریی گرووپە تووندڕەوەکانی وەکو قاعیدەی کردووە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سیاستەکانیان بووەتە بەهێزبوونی ئەو گرووپانە. 
 
گابارد رایگەیاند "تووشی شۆک و هەستم بە خیانەت بەرامبەر بە خۆم و قوربانیانی 11ی سێپتێمبەر کرد، کاتێک لە رێگەی بەرنامەیەکی سی ئای ئەی لەسەر ئیدارەی ئۆباما زانیارم دەستکەوت لەسەر هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی رژێمی سووریا، ئەویش لە رێگەی کارکردن و پڕ چەککردن قاعیدە."
 
 
ئەو سیاستڤانەی پارتی کۆمارییەکان کە لە رابردوودا ئەندامی کۆنگرێس بووە و سەر بە دیموکراتەکان بوو، هێرشی زیاتر دەکاتە سەر ماوەی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما و دەڵێت "بەرنامەی مەشق و پڕ چەککردنی وەزارەتی بەرگری لە سەردەمی سەرۆک ئۆبامادا زۆر ناسراوە و چاودێریی کراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەکارهێنراوە بۆ مەشقپێکردنی 'گرووپی چەکداریی میانڕۆ'، بەڵام راستییەکەی ئەوان ئەو چەکدارانە بوون کە نزیک بوون لە گرووپەکانی سەر بە قاعیدە لە سووریا." 
 
گابارد هۆشداری دا لە ئەنجامی گۆڕینی رژێمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە گوتەی ئەوە لە سەردەمی باراک ئۆباما دەستیپێکرد و دەڵێت: "ئەوان ئەو راستیەیان پشتگوێخست و ئێستاش بووەتە واقیع. هەروەکو عێراق، رووخانی قەزافی لە لیبیا، موبارەک لە میسر، جەنگی گۆڕانی رژێم لە سووریا، دەرئەنجامەکەی بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە سەرهەڵدان و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیسلامییەکی تووندڕۆی هاوشێوەی قاعیدە." 
 
بەربژێری ترەمپ بۆ ئەو دەزگە هەواڵگرییە ئەمریکییە، باسی هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لە سووریا دەکات و دەڵێت: "من لەبەرامبەر رووخانی رژێمی ئەسەد نەگریام، بەڵام ئەمڕۆ ئیسلامییەکی تووندڕۆ لە سووریا دەسەڵاتدارە، کەسێک بووە لەکاتی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەردا، لەسەر شەقامەکان سەمای کردووە و بە ئیدارەیەکی ئیسلامی تووندڕۆ حوکمی ئیدلیبی کردووە و ئێستاش دەستیکردووە بە سەرکوتکردن و کوشتن و دەستگیرکردنی پێکهاتە ئایینییەکان لەنێویشیان کریستیانەکان لە سووریا."
 
گابارد پێیوایە پێدانی زانیاریی هەڵەی هەواڵگری بە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا، زیانی بە ئەمریکا گەیاندووە، بە تایبەتی لە جەنگی عێراقدا، کە کۆتایی بە رژێمی سەدام حوسێن هێندرا.
 
تولسی گابارد گوتی: "بۆ ماوەی دوورودرێژ، هەواڵگریی ئاراستەکراو و زانیاریی هەڵە و پڕ لە کەموکوڕی، بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانیمان. دیارترین شکستی هەواڵگریمان، داگیرکارییەکەمان بوو لە عێراق، لەسەر بنەمای زانیاریی دروستکراو. ئەم بڕیارە کارەساتاوییە، بووە هۆی کوژرانی دەیان هەزار سەربازی ئەمریکی و بە ملیۆنان خەڵک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆچی بەکۆمەڵ، ناسەقامگیری، زیانگەیاندن بە ئاسایشی ئەورووپای هاوپەیمانمان، دروستبوونی داعش و بەهێزبوونی قاعدەی و گرووپە جیهادە ئیسلامییەکانی دیکە و هەروەها بەهێزبوونی ئێران."
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندانی ئەمریکییەکان لە دژی ترەمپ لە واشنتن، "رژێمی فاشیستی ترەمپ دەبێت ئێستا بڕوات." وێنە: AFP

لە ئەمریکا بە درووشمی 'نا بۆ پاشایەتی' خۆپێشاندان لە دژی ترەمپ کرا

هەزاران ئەمریکی لە واشنتنی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئەمریکا دژی سیاسەت و رێکارە نوێیەکانی حکومەتی ئەمریکا، هەروەها سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە جەنگەکانی ئۆکراینا و غەززە خۆپێشاندانیان کرد.