رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتا بە بەشداریی هاوبەشەکانی لە ئەوروپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا، زنجیرە پانێڵێکی لەژێر ناوی 'رۆژی ڤیدیۆی مێتا' رێکخست و بۆ ماوەی دوو کاژێر پسپۆڕانی مێتا قسەیان کرد. رووداو دیجیتاڵ وەکو هاوبەشی مێتا بەشداریی کرد.
لە پانێڵەکاندا گەورە پسپۆڕان لە مێتا و بواری میدیا و مارکێتینگ قسەیان کرد و نوێترین داتا و زانیارییەکانیان سەبارەت بە پلاتفۆرمەکانی مێتا و گەشەسەندنی میدیای دیجیتاڵی خستەڕوو. تێیدا باس لە بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکانی مێتا وەکو فەیسبووک و ئینستاگرام کرا و چەند خاڵێک خرانەڕوو بۆئەوەی لەڕێگەی ڤیدیۆوە هاوبەشەکانی مێتا بتوانن کاریگەرییەکانیان زیاتر بکەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کۆمپانیای مێتا لە پانێڵەکاندا بڵاویکردنەوە، مانگانە دوو ملیار کەس لە فەیسبووک سەیری ڤیدیۆی ئین ستریم دەکەن و ڤیدیۆی ریڵ لە ئینستاگرام پڕبەکارهێنەرترین خزمەتگوزاریی کۆمپانیای مێتایە. هەروەها ئاماژە بە نوێترین لێکۆڵینەوەی زانکۆی ئۆکسفۆرد و کانتەر کرا، کە تێیدا سۆشیاڵ میدیا وەکو رێگەیەکی زۆر کاریگەری رێکلام کردن و گەیاندنی زانیاریی هەڵبژێردراوە.
فیزۆ ئەحمەد یونس، بەرپرسی کاروباری کریەیتیڤ شۆپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆمپانیای مێتا لە پانێڵێکدا قسەی کرد و تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی بەکارهێنانی ئینستاگرام و فەیسبووک بۆ گەیاندنی زانیاری دا. بەپێی ئەو ئامارانەی فیزۆ بڵاویکردنەوە، نەوەی نوێ ناسراو بە 'نەوەی زی' کەمتر سەیری تەلەڤزیۆن دەکەن و نزیکەی 20%ی ئەو نەوەیە بە هیچ شێوەیەک تەلەڤزیۆن سەیر ناکات. هەروەها فیزۆ گوتی، رێژەی سەیرکردنی ڤیدیۆ لە دوو ساڵی رابردوودا لە پلاتفۆرمەکانی مێتا بۆ چوار هێندە زیادیکردووە.
لە بەشێکی دیکەی رۆژی ڤیدیۆی مێتادا باس لە 'نەوەی زی' کرا کە بە نەوەی نوێ دەگوترێت. بەپێی داتاکانی مێتا ئەم نەوەیەی بەڕێوەیە نزیکەی نیوەیان سەیری تەلەڤزیۆن ناکەن و پێویستە لەڕێگەی دیکەوە زانیاری و رێکلامیان پێ بگەیێندرێت.
کۆنستانزە فیچنەر، شارەزای زانستیی مارکێتینگ لە کۆمپانیای مێتا باسی لە کاریگەرییە نزیک و دوور مەوداکانی رێکلامکردن لە فەیسبووک و ئینستاگرام بەراورد بە تەلەڤزیۆن کرد. فیچنەر چەند ئامارێکی خستەڕوو و گوتی، لە نزیک مەودادا پلاتفۆرمەکانی مێتا کاریگەرییان لە گەشەپێدانی براند دا لە تەلەڤزیۆن زیاترە و لە دوور مەودادا تەلەڤزیۆن کاریگەریی زیاترە، بەڵام بەگشتی کاریگەریی رێکلامکردن لە ئینستاگرام و فەیسبووک لە گەشەپێدانی براند لە تەلەڤزیۆن زیاترە.
لە پانێلەکاندا باس لە مێتاڤێرس و کاریگەرییەکانی لەسەر شێوازی گەیاندنی زانیاری و رێکلام لە داهاتوودا کرا. ناس دەیلی، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای ناس دەیلی و ناس ئەکادیمی گوتی، مێتاڤێرس گۆڕانکاریی زۆر لە جیهانی کار و بازاڕگەریدا دەهێنێتە کایەوە و چیدیکە خەڵکی بەهۆی شوێنیانەوە دەرفەتی کەمتر یان زیاتریان بۆ هەڵناکەوێت و هەمووان پێکەوە لە مێتاڤێرس کۆدەبنەوە.
رووداو دیجیتاڵ کە هاوبەشی کۆمپانیای مێتایە، توانیویەتی ترێندە نوێیەکانی ڤیدیۆ وەکو فەیسبووک ئین ستریم و ئینستاگرام ریڵ بە باشی بەکاربهێنێت و ڤیدیۆکانی رووداو لە پڕبینەرترین ڤیدیۆکانی سۆشیاڵ میدیان لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ