رووداو دیجیتاڵ
خەڵک بەگشتی و موسڵمانان بەتایبەتی، بەرامبەر سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد تووڕەن و چەندین وڵات سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد، لەنێویاندا رووسیا و ئەمریکا.
کلیزیۆ، دانیشتووی ستۆکهۆڵم دەڵێت، "من کەسێکم رێز لە ئایینی هەمووان دەگرم و دەبێت رێزێکی هاوبەش هەبێت. پێموانییە ئەوە کارێکی دادوەرانە بێت، بەوەی بێیت کتێبی ئایینیی وەکو ئینجیل و کتێبە ئایینییەکانی دیکە بسووتێنیت، تەنیا لەبەر ئەوەی تۆ بڕوات پێی نییە. نابێت تۆ بێڕێزی بەرامبەر شتێک بکەیت کە خەڵکی دیکە بڕوای پێیەتی و تۆ بڕوات پێی نییە."
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، گەنجێکی عێراقیی تەمەن 37 ساڵ بەناوی سەلوان مۆمیکا، دوای ئەوەی مۆڵەتی لە دادگەی سوێد وەرگرت، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
کارەکەی سەلوان، جگە لە تووڕەکردنی موسڵمانان، کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
ڤلادمیێر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئەوە بۆ موسڵمانان شتێكی پیرۆزە و بۆ ئایینەکانی دیکەش پیرۆزە. دەزانین لە وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و رێز لە بڕوا و ئایینی خەڵک ناگرن و دەڵێن، ئەوە تاوان نییە. لە وڵاتی ئێمە ئەوە تاوانە."
ئەمریکاش هاوشێوەی رووسیا سەرکۆنەی کارەکەی سەلوان مۆمیکای کرد. ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بەردەوام رامانگەیاندووە کە سووتاندنی کتێبی ئایینی بێڕێزی و ئازاربەخشە. کارێک کە رەنگە یاسایی بێت، بێگومان مەرج نییە گونجاو بێت."
لەدوای سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز، حکومەتی عێراق بە تووندی سەرۆکۆنەی ئەوکارەی کرد و هۆشداری لە ئەنجامە نەرێنییەکانی دەدات و دەڵێت، "ئەم کردەوانە رەنگدانەوەی گیانێکی شەڕانگێزیی رقاوین، کە پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕینەوە نییە."
مەغریبیش بانگهێشتی باڵیۆزەکەی لە ستۆکهۆڵم کردەوە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو کارە و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند، ئەوە قبووڵکراو نییە بەناوی ئازادیی رادەربڕین رێگە بە سووتاندنی کتێبی پیرۆز بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ