رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایدەگەیێنێت کە بەهیچ شێوەیەک ترس لە ئیسلام (ئیسلامۆفۆبیا) قبووڵ ناکەن.
رۆژی شەممە 29-1-2022 جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "ئیسلامۆفۆبیا قبووڵکراو نییە. نووقتە سەری دێڕ". دەشڵێت پێویستە سنوورێک بۆ "ئەم رقە" دابنێین و کۆمەڵگەی کەنەدی بۆ موسڵمانان بکەنە شوێنێکی ئارامتر.
لە بەشێکی بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت بۆ ئەمەش "نوێنەرێکی تایبەت" دەستنیشاندەکەن تاوەکو رووبەڕووی ئەو رق و کینەی لە دژی موسڵمانان لە نێو کۆمەڵگەی کەنەدی هەیە نەهێڵن.
هاوکات ئاژانسی میراتی کەنەدای حکومەتی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند کە ئیسلامۆفۆبیا، واتە ترسان لە ئیسلام و رق و کینە هەڵگرتن لێی، "بە هەموو شێوەزاکانییەوە هیچ شوێنێکی لە کەنەدا نییە".
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆژی شەممە، ئەحمەد حوسێن، وەزیری نیشتەجێبوون و هەمەرەنگیی کەنەدا پلانی حکومەتی بۆ دامەزراندنی "نوێنەرێکی تایبەت" بۆ جەنگان لە دژی ئیسلامۆفۆبیا راگەیاندووە و ئەم دامەزراندنەش بەشێک دەبێت لە ستراتیژی دژە رەگەزپەرستیی کەنەدا.
ساڵێک لەمەوبەر حکومەتی کەنەدا رایگەیاند کە رۆژی 29ـی کانوونی دووەم دەکرێتە رۆژی نەتەوەیی بۆ بیرهێنانەوە لە هێرشی سەر مزگەوتی شاری کیوبێک و کردار لە دژی ئسلامۆفۆبیا.
ئاژانسی میراتی کەنەدی ئەو هێرشە بە "تیرۆریستی" ناو دەبات و دەڵێت بۆ ئەمساڵ و لە پێنجەمین ساڵیادیدا "حکومەتی کەنەدا لەگەڵ کۆمەڵگەی ئیسلامیی کەنەدی دەوەستێت و پابەندبوونی خۆی بۆ جەنگان لە دژی ئیسلامۆفۆبیا و رق و کینە دووپات دەکاتەوە".
کۆمەڵگەی کەنەدی، کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنە و بەگوێرەی راپرسیێکی ساڵی 2017ـی فەرمانگەی ئاماری کەنەدا 2.4 ملیۆن موسڵمان لەو وڵاتەدا دەژین. لە ساڵی 1996ـەوە ژمارەکە سێ ئەوەندە زیادی کردووە؛ ئیسلام دەکاتە دووەم ئایین لەڕووی ژمارەی شوێنکەوتووانەوە کە لە دوای کریستیانێتی دێت.
Islamophobia is unacceptable. Full stop. We need to put an end to this hate and make our communities safer for Muslim Canadians. To help with that, we intend to appoint a Special Representative on combatting Islamophobia. More details here: https://t.co/sEiOYlLRaw
— Justin Trudeau (@JustinTrudeau) January 29, 2022
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ