بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا: ئیسرائیل بیانووی بۆ رەتکردنەوەی ئاگربەست نییە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا پێیوایە ئیسرائیل هیچ بیانوویەکی نەماوەتەوە بۆ رەتکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، کە فەرەنسا و ئەمریکا نێوەندگیریی بۆ دەکەن.
 
ئیسرائیل ئامادەکاریی وەڵامدانەوەی پێشنیازی ئاگربەست دەکات و چاوەڕێ دەکرێت ئەمشەو هەڵوێستی خۆی رابگەیێنێت.
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی 7 لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گوتی، "پێشنیازێک خراوەتەڕوو، ئەمریکا و فەرەنسا نێوەندگیریی بۆ دەکەن، کە هەموو ئەو پابەندبوونە ئەمنییانە بە ئیسرائیل دەدات کە دوای کردبوون."
 
بۆرێل هەروەها گوتی، "گوێم لە قسەی وەزیرە تووندڕۆکانی حکومەتی ئیسرائیل بوو کە دەیانەوێت درێژە بە شەڕ بدەن و درێژە بە بۆردوومان بدەن. با هیوای ئەوە بخوازین حکومەتی نەتەنیاهوو ئەمڕۆ بە رێککەوتنی ئاگربەست رازیبێت. بێ بیانووی زیاتر، بێ داواکاریی زیاتر. ئەم جەنگە بوەستێنن. کوشتنی خەڵک بوەستێنن."
 
ئیتاڵیا کە سەرۆکایەتیی ئەم خوولەی یەکێتیی گرووپی 7 ئابوورییە "دیموکراسییەکە" و میوانداریی کۆبوونەوەکە دەکات، "گەشبینیی خۆی" لەبارەی ئاگربەست راگەیاند.
 
جەنگی لوبنان دوای ساڵێک لە هێرشی رۆژانەی درۆن و مووشەکی سەر سنووری نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هات.
 
حیزبوڵڵا لە 8ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستی بە هێرشی ناوبەناو بۆ سەر ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی پشتیوانی لە غەززە بکات رۆژێک دوای ئەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد.  دوو مانگ لەمەوبەر، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی بەرفراوان و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر لوبنان کرد.
 
لوبنان دەڵێت، لانیکەم 3 هەزار و 768 کەس لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە لەو وڵاتە کوژراون کە زۆربەیان لە چەند دوو مانگی رابردوودا بوون.
 
لە ئیسرائیلیش، هێرشەکانی حیزبوڵڵا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 82 سەرباز و 47 سڤیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە