رووداو دیجیتاڵ
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا کتێبێکی لەژێر ناوی (ئازادی) بڵاوکردەوە و بەشێکی تایبەتە بە ژیانی منداڵی خۆی، مامەڵەکردن لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.
مێرکل لە 2021 کە وازی لە کاری سیاسی هێناوە، چەندین جار بەوە تۆمەتبار کراوە کە لە بەرامبەر رووسیا سیاسەتێکی نەرمی پەیڕەو کردووە؛ تۆمەتی ئەوەشی دراوەتە پاڵ کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی سیاسی لە نێوخۆی ئەڵمانیا و دەرگەی وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەراندا کردووەتەوە.
مێرکلی تەمەن 70 ساڵ کە بە سیاسییەکی ئارام و لەسەرخۆ ناوی دەرکردبوو، هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەکرێن لە کتێبەکەیدا رەت دەکاتەوە.
بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی لە کاتێکدایە، ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا لە جەنگدایە، شەڕ و ململانێ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ کەمتر لە دوو مانگی دیکە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و حکومەتی ئەڵمانیاش هەڵوەشاوەتەوە.
لێشاوی کۆچبەران
رەخنەگرانی ئاماژە بەوە دەکەن، لەو کاتەدا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا بووە، رەتیکردووەتەوە رێگە بگرێت کۆچبەران لە سنووری نەمساوە بچنە وڵاتەکەی، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەر لەو ساڵانەدا بچنە ئەڵمانیا.
پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی دژە کۆچبەر رەخنەی ئەوە لە مێرکل دەگرێت کە بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانەکانی لەگەڵ کۆچبەران بووەتە هۆی ئەوەی هانی کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا بدات.
راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە دەڵێت، "لەوە تێناگەم کە بۆچی بڵاوکردنەوەی سێڵفییەک کە بە روویەکی خۆش لەگەڵ کۆچبەران گیرابێت، ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک وڵاتەکەیان جێبهێڵن".
مێرکل لە کتێبەکەیدا جەخت لە پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا دەکاتەوە، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات، ئەڵمانیا و ئەورووپا بەهۆی دەوڵەمەندی و پابەندی یاسایی بەردەوام چاوی کۆچبەرانیان لەسەر دەبێت و دەڵێت، "هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە وڵاتانی دیکە داوای مانەوە بکات و چێژ لە ژیان وەربگرێت".
لەبارەی پێویستی بە کۆچبەرانیش، مێرکل دەڵێت، پیربوونی دانیشتووانی ئەڵمانیا و کەمی دەستی کار لەو وڵاتە وادەکات کە ئەڵمانیا بەردەوام پێویستی بە کۆچبەر هەبێت.
لەماوەی 16 ساڵی کارکردنی مێرکل وەک راوێژکاری ئەڵمانیا، خەمڵاندنەکان بەو جۆرەن کە زیاتر لە 5 ملیۆن کۆچبەر چووبنە ئەڵمانیا کە زۆربەیان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان و ئەفغانستانن.
پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا
بەشێکی دیکەی کتێبەکە لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیای سەردەمی مێرکل و رووسیای سەردەمی ڤلادیمیر پووتینە.
مێرکل دەڵێت، "گرنگ بوو کە پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا بپارێزم. رووسیا لەو وڵاتانەیە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە؛ هەروەها دراوسێی یەکێتیی ئەورووپاشە".
راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا رەخنە لە پووتین دەگرێت و دەڵێت، "کەسێکە بەردەوام بەدوای هۆکارێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی بێڕێزی بە کەسانی دیکە بکات".
لە لووتکەی ساڵی 2008ی ناتۆ کە لە بوخارێستی رۆمانیا بەڕێوەچوو، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دیاریکردنی ئۆکراینا وەک بەربژێر بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ، بەڵام ئەڵمانیا و فەرەنسا دژی ئەندامێتیی ئەو وڵاتە وەستانەوە.
مێرکل لە کتێبەکەیدا هەڵوێستی ئەڵمانیا بە راست ناودەبات و دەڵێت، دیاریکردنی ئۆکراینا وەکو بەربژێر بۆ بوون بە ئەندامی هاوپەیمانییەتەکە کیێڤی لە "شەڕەنگێزییەکانی پووتین نەدەپاراست".
راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، دوای ئەوەی لە لووتکەکەوە گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی "نیگەرانی ئەوە بووم کە ناتۆ ستراتیژییەکی روونی مامەڵەکردنی بەرامبەر رووسیا نییە".
"ترەمپ باوەڕی بە بەرژەوەندی دوولایەنە نییە"
مێرکل لە کتێبەکەیدا باسی دۆناڵد ترەمپی کردووە و دەڵێت، "هیچ بڕوای بە بەرژەوەندی دوولایەنە نییە"، ئەوەش وادەکات هاوئاهەنگییە نێودەوڵەتییەکان قورس بن.
راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا دەشڵێت، "ترەمپ، وەک سەرۆک، کەسێک بوو کە پاڵپشتی لە بۆچوونەکانی خۆی دەکرد، ئەوەش شتێکی ئاساییە. هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا ئەوە دەکات، هەروەک ئەوەی هەموو راوێژکارێک [لە ئەڵمانیا] ئەوە دەکات، بەڵام ترەمپ کەمتر لەوانی دیکە باوەڕی بە توانا و بەهای سازان هەیە".
ترەمپ لە 20ـی کانوونی دووەمی داهاتوودا دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و ترسی ئەوە هەیە وڵاتەکەی لە ئەندامێتیی ناتۆ بکشێنێتەوە.
مێرکل دەڵێت، "هیوادارام ترەمپ لەوە تێبگات کە ناتۆ تەنیا خزمەت بە پاراستنی ئەورووپا ناکات، بەڵکو ئەو هاوپەیمانێتییە لە بەرژەوەندی ئەمریکاشدایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ