رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتبارکردنی ترەمپی لە مامەڵەکردنی 'نادروست' لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکانی کۆشکی سپی دا رەتکردەوە. داوا دەکرێت کەیسێکی دیکەشی لەسەر لابدرێت.
جاک سمیس، راوێژکاری تایبەت لە وەزارەتی دادی ئەمریکا کە کەیسەکەی ترەمپی لەبەردەستدا بوو، رایگەیاند کە کەیسەکەی ترەمپ "لە مامەڵەی نادروست لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان" رەتکراوەتەوە.
جاک سمیس داوای کردووە سێ کەیسی دیکەی دژی ترەمپ رەتبکرێنەوە، لەنێویدا، تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، تۆمەتی ئەوەی خرابووە پاڵ کە ویستوویەتی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2020ـی ئەمریکا بگۆڕێت، بەڵام هیچ کام لەم دوو کەیسە نەچوونە دادگە.
سمیس هەروەها داوای لە دادوەر تانیا چەتکان کرد کە کەیسی دەستوەردان لە هەڵبژاردن رەتبکاتەوە، "بەڵام کەیسەکە کراوەبێت بۆ ئەوەی کاتێک ترەمپ دوای چوار ساڵ لە کۆشکی سپی چووە دەرەوە، دووبارە پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە."
سمیس بە دادوەرەکەی گوتووە: "هەڵوێستی حکومەت لەسەر دادگاییکردنی [دۆناڵد ترەمپ] نەگۆڕاوە، بەڵام هەلومەرجەکان گۆڕاون. ئەمە هەڵوێستی وەزارەتی دادی ئەمریکا بووە کە دەستووری ئەمریکا رێگری لە دانە دادگەی سەرۆک دەکات، بۆیە پێویست پێش رێوڕەسمی سوێندخواردنی یاسایی، ئەو کەیسە رەتبکرێتەوە."
پێشتر، هەریەکە لە تۆمەتەکانی تایبەت بە "شاردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان" و "هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێری" کە ئاراستەی ترەمپ کراون، لەلایەن جاک سمیسەوە دژ بە ترەمپ جووڵێندران. ترەمپ لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردنی 2024 رایگەیاند، "دوو چرکە دوای دەستبەرکاربوون" جاک سمیس، راوێژکاری تایبەت وەزارەتی دادی ئەمریکا لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە.
ترەمپی 78 ساڵ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاندبوو، کەیسەکان "بەتاڵ و نایاسایین، هەرگیز نەدەبوو باسیان لێوەبکرێت."
ترەمپ بەوە تۆمەتباربوو کە رۆژی 06-01-2021 هانی لایەنگرەکانی داوە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەوە لە کاتێکدا، کۆنگرێس سەرقاڵی پەسەندکردنی بردنەوەی جۆ بایدن بوو.
لە 30ـی ئایاری ئەمساڵ، ترەمپ لە نیو یۆرک 34 دۆسیەی لەسەر ساخبوویەوە، لەوانەش پارەدان بە ستۆرمی دانیەڵز، ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان بۆ ئەوەی باسی پەیوەندیی نێوان خۆی و ترەمپ نەکات کە لە 2006 هەیانبووە.
ترەمپ یەکەم سەرۆکی مێژووی ئەمریکایە کە بەهۆی دۆسیەیەکی تاوانکاری دادگایی کرابێت.
دوای دادگاییکردن، رۆژی 31-05-2024 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "خەڵک تێدەگەن کە ئەوە دادگەییەکی پووچ و ساختە بوو."
ترەمپ رەخنەی لە خوان مێرچن، دادوەری دۆسیەکە گرت، گوایە نەیهێشتووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی بابەتەکە بکات.
دوای کۆنفرانسەکەی ترەمپ؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە دیموکراسییەتمان دەکات."
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر بایدن و گوتی: "ئەو خراپترین، لێنەهاتووترین و درۆزنترین سەرۆکی مێژووی وڵاتەکەمانە. ئەو مەترسییەکەی گەورەیە؛ تاکە رێگە کە پێیان وایە بتوانن ئەو هەڵبژاردنە ببەنەوە ئەوەیە ئێستا دەیکەن، کە بردنەوەیە لە دادگە، چونکە ناتوانن لەسەر سندووقی دەنگدان بیبەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ