دوو عەلەشیش لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە دەبەخشرێن

25-11-2024
تەنیا ئەحمەد
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ یەکێک لە عەلەشیشەکان. وێنە: AP
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ یەکێک لە عەلەشیشەکان. وێنە: AP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نەریتی بەخشینی عەلەشیش لەلایەن کۆشکی سپییەوە نەریتێکی باوی ئەمریکایە، پێش هاتنی رۆژی سوپاسگوزاری (Thanksgiving)؛ تێیدا هەموو ساڵێک سەرۆکی ئەمریکا یەک یان دوو عەلەشیش دەستنیشان دەکات، کە نابێت سەریان ببڕدرێت و بخورێن.
 
دووشەممە 25-11-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوو عەلەشیشی سپی بە ناوەکانی (پیچ و بڵۆسەم)، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە سەربڕین بەخشی. 
 
هەردوو عەلەشیشەکە لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکان. پیچ و بڵۆسەم دوو عەلەشیشە بەبەختەکەی ئەم ساڵن کە نابێت بۆ ئێوارەی سوپاسگوزاری لەسەر خوانی هیچ کەسێک بن. 
 
دوو عەلەشیشەکە ماوەیەکی زۆرە بە وریاییەوە بەخێودەکرێن و نان دەدرێن، بۆ ئەوەی ببنە جێی سەرنجی خەڵک و سەرۆکی ئەمریکا، تاوەکو ملیان لە چەقۆ رزگاری بێت.
 
پیچ و بڵۆسەم لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ لە هێلکە ترووکان و لە هۆتێلی ویڵەرد ئینتەر کۆنتینێنتەڵ لە واشنتن دی سی، لە ژوورێکی کەشخە مانەوە و خزمەتیانکرا.
 
دوای بەخشینەکە، دوو عەلەشیشەکە دەگەڕێنرێنەوە شاری واسێکا لە ویلایەتی مینیسۆتا و لەوێ ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێدەکەن.
 
جۆن کێنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە ساڵی 1963 بۆ یەکەم جار عەلەشیشێکی لە سەربڕین بەخشی.
 
هەموو ساڵێک رۆژی سوپاسگوزاری لە چوارەمین پێنجشەممەی مانگی 11 یاد دەکرێتەوە. بۆ ئەم ساڵ دەکەوێتە رێکەوتی 28-11-2024. تێیدا خێزانەکان بۆ خوانی ئێوارە لەسەر یەک مێز کۆدەبنەوە و سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ نیعمەتەکان دەردەبڕن. یەکێک لە خواردنە سەرەکییەکانی ئەو بۆنەیە، گۆشتی عەلەشیشە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە