رووداو دیجیتاڵ
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەلایەن پارتەکەیەوە دووبارە بۆ هەمان پۆست بەربژێر کرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کێبڕکێی بەربژێربوون کشایەوە.
رۆژی دووشەممە 25-11-2024 پارتی فەرمانڕەوای سۆشیاڵ دیموکراتی ئەڵمانیا SPD ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری وڵاتەکەی دووبارە بۆ هەمان پۆست، لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەربژێرکردەوە، کە بڕیارە لە شوباتی 2025 بەڕێوەبچێت.
ناوهێنانی شۆڵتز دوای ئەوە هات کە هەفتەی پێشوو بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە رکابەرایەتیی بەربژێربوون کشایەوە، بەمجۆرە ئەگەر پارتی SPD لە هەڵبژاردن زۆرینەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت، دووبارە ئۆلاف شۆڵتز دەبێتەوە راوێژکاری ئەڵمانیا.
بڕیارەکەی ئەمڕۆ بە کۆدەنگی لەلایەن دەستەی جێبەجێکاریی فیدراڵیی SPDـییەوە درا، پێشبینی دەکرێت لە 11-01-2025 کۆنگرەی حیزبەکە بڕیارەکە پەسند بکات و شۆڵتز وەکو بەربژێری سەرەکی و فەرمیی ئەو پۆستە دەستنیشانبکرێت.
هەڵوەشانەوەی حکومەتی ئەڵمانیا دوای ئەوە هات کە رەخنەیەکی زۆر لە سیاسەتی پارتی سۆشیاڵ دیموکرات دەگیرا، بە تایبەت لەبەرامبەر هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا، سیاسەتی وزە، چاکسازیی نێوخۆیی، دابەشبوونی نێو پارتەکە و گەندەڵی.
هەڵبژاردنی ئەڵمانیا حەوت مانگ زووتر لە کاتی خۆی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هاوپەیمانێتیی نێوان حیزبەکەی شۆڵتز و سەوزەکان و دیموکراتە سەربەخۆکان FDP هەرەسی هێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە شۆڵتز گوتی: "قورسە لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا بڕیار بدەیت، بۆیە کۆتایی هاتنی ئەم حکومەتە شتێکی راست بوو. ئێستا بڕیار لای دانیشتووانی ئەڵمانیایە، ئێمەش داوایان لێدەکەین دەنگمان پێبدەن."
ئەڵمانیا چەند کێشەیەکی هەن لەوانەش؛ پاڵپشتیی ئۆکراینا لە جەنگی رووسیا، گرانیی نرخی سووتەمەنی، کێشەی کەمیی مووچە، مووچەی خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی.
شۆڵتز ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی قورسی دەنگدانیش بووەتەوە، بەگوێرەی چەند راپرسییەک پارتەکەی شۆڵتز چانسی 15٪ـیان هەیە، ئەمەش لە هاوپەیمانێتیی ئۆپۆزسیۆنی CDU-CSU زۆر کەمترە کە پێشبینیی 33٪ـیان لێدەکرێت.
پارتی SPD داوای لە هەموو ئەندامەکانی کردووە پشتگیریی شۆڵتز بکەن، ئەمەش وەک کارتێک بۆ دووبارە هێنانەوە گۆڕەپانی کۆنترین پارتی سیاسیی وڵاتەکە.
گۆڤاری بەناوبانگی Der Spiegelـی ئەڵمانی لەبارەی شۆڵتزەوە نووسی: "ئەو لاوازترین و نەگونجاوترین بەربژێرە بۆ پۆستی راوێژکاری، کە تاوەکو ئێستا SPD بەخۆیەوە بینیبێتی."
لە قسەکانیدا شۆڵتز باسی ئەوکاتەی کرد کە لە هەڵبژاردنی 2021ـدا توانییان هەڵبژاردن ببەنەوە و حکومەت پێکبهێنن، "ئەمەش بەهۆی ئەوەی دابەشبوونێکی زۆر لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا هەبوو."
رۆژی هەینی 22-11-2024 ئۆلاف شۆڵتز باسی "دانایی" حکومەتی ئەڵمانیای کرد لە یارمەتیدانی ئۆکراینا. جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا کردەوە، باسی ئەوەی کرد کە حکومەتی ئەڵمانیا هەموو شتێکی کردووە "بۆ ئەوەی نەهێڵێت ئەو جەنگە بکەوێتە نێوان ناتۆ و رووسیا."
هەرچەندە ئەڵمانیا، کە لە دوای ئەمریکا دووەم گەورەترین هاوکاری ئۆکراینایە، بەڵام تاوەکو ئێستا رازی نەبووە مووشەکی دوورمەودای (تۆرەس) بە کیێڤ بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ