رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی ئەمریکی کە تایبەتە بە گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی بە بارمتە گیراون یانیش بێسەروشوێنن، دەڵێت، ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییەی زیاتر لە 12 ساڵە لە سووریا بێسەروشوێنە، تاوەکو سەرەتای ئەم ساڵ لە ژیاندا بووە.
رۆژی سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، رێکخراوی "هاوکاریکردنی بارمتەکان"ـی ئەمریکا (هۆستیج ئەید) رایگەیاند، بەڵگەیان هەیە ئۆستن تایس، ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییەی لە ساڵی 2012ـەوە لەسووریا بێسەروشوێنە، لە سەرەتای ئەم ساڵ لە ژیاندا بووە.
نزار زاکا، سەرۆکی رێکخراوی هۆستیج ئەید دەڵێت، "بەڵگەمان هەیە ئۆستن تاوەکو کانوونی دووەمی 2024 لەژیاندا بووە. سەرۆکی ئەمریکاش لە مانگی ئابی رابردوودا رایگەیاند، ئۆستن زیندووە".
سەرۆکی رێکخراوی هۆستیج ئەید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق وێنەی ئەو شوێنەی پیشانی رۆژنامەڤانان دا کە لەو بڕوایەدان، ئۆستن تایس لە تشرینی دووەمی 2017 بۆ شوباتی 2024 تێیدا دەستبەسەر بووە.
ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ ماڵباتی تایس و بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکی لە هاوئاهەنگیدان بۆ دۆزینەوەی شوێنی تایس.
تایسی تەمەن 43 ساڵ لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا، رۆژنامەی واشنتن پۆست و کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی کاری کردووە و لە ئابی 2012 لە نزیک شاری دیمەشق دیارنەما و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
دەسەڵاتدارانی پێشووی سووریا هیچ کات باسیان لەوە نەکردووە ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییە لای ئەوان دەستبەسەرە.
سەرەتای ئەم مانگە، دایکی تایس بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، زانیارییان هەیە کوڕەکەیان زیندووە.
هۆستیچ ئەید ئەوەشی راگەیاند، یوحەنا ئیبراهیم، قەشەی سریانی لە شاری حەلەب رایگەیاندووە، "لەساڵی 2018 لە یەکێک لە بارەگاکانی دەزگای ئاسایشی سووریا تایسی بینیوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ