باڵیۆزی تورکیا لە UN بۆ رووداو: زۆر وڵات بەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێن سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرن

25-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەسەڵاتی نوێی سووریا "بە رێگەیەکی راستدا دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموو سزاکان لەسەری هەڵبگیرێن." باڵیۆزی میسریش دەڵێت، هەندێک وڵات "نیگەرانییان هەیە" لە ئەگەری درێژەکێشانی قۆناخی راگوزەری سووریا.
 
رۆژی هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی سووریا کۆبووەوە. ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی قۆناخی راگوزەری وڵاتەکە بۆ یەکەمین جار لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو؛ ئەحمەد یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "گەشبین و دڵنیام کە داهاتووی سووریا باشتر دەبێت. هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."
 
لابردنی ئەو سزایانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەسەر سووریادا سەپێندرابوون، لە کۆبوونەوەکەدا زۆرترین قسەی لەسەر کرا.
 
 
لەو بارەیەوە، لە دەرەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکە، باڵیۆزی تورکیا بە رووداوی راگەیاند، "گەشبین"ە کە وڵاتان کۆتایی بەو گەمارۆ ئابوورییانە دەهێنن. گوتیشی، "زۆر وڵات بیری لێدەکەنەوە."
 
یڵدز باسی لەوەش کرد، "کاری ئیدارەی نوێ[ی سووریا] لەسەر ئاشتەوایی نێوخۆیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بە رێگەیەکی راستدا دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموو سزاکان هەڵبگیرێن. بڕوام وایە زۆر وڵات بەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێن."
 
هەروەها ئوسامە عەبدولخالق، باڵیۆزی میسر لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی پشتیوانی لە هەڵگرتنی سزاکان دەکەن. گوتیشی، "لەم قۆناخەدا پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبی هەیە بە دیاریکراوی ئێستا کە حکومەتێکی نوێ پێکهێندراوە. حکومەتەکە پابەندە بەو نەخشەڕێیەی راگەیێندراوە و پڕۆسەی دەستووری لە ماوەیەکی نزیکدا دەستپێدەکات."
 
بەڵام دیپلۆماتە میسرییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەندێک وڵات لێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانییان هەیە لە درێژیی ماوەی قۆناخی راگوزەر،" کە بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستوورییەکەی ئاداری ئەم ساڵ، پێنج ساڵ دەخایێنێت بۆئەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسرێتەوە و هەڵبژاردن بکرێت.
 
 
ئوسامە عەبدولخالق ئەوەیشی گوت، "هەندێک وڵاتی عەرەبیشمان هەمان نیگەرانییان هەیە، بەڵام حکومەتەکە دڵنیایی دەدات لەوەی ئەوە کاریگەری ناخاتە سەر کوالێتیی پڕۆسەکە، بەڵکو پڕۆسەکە ئەوپەڕی گشتگیر، فرەلایەن، بەرهەمدار و ئەرێنی دەبێت."
 
گرووپی ئیسلامیی دەستەی تەحریری شام لە کانوونی یەکەمی پاردا سەرکردایەتیی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری بەشار ئەسەدی کرد و لە هێرشێکی خێرادا و دوای 14 ساڵ شەڕی نێوخۆ، کۆتایی بە دەسەڵاتەکە هێنا و دواتر حکومەتێکی راگوزەری بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتە فرە پێکهاتەکە راگەیاند. 
 
وێڕای ئەوەی بەریتانیا، ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، سویسرا و کەنەدا بەشێکی سزاکانیان هەڵوەشاندوونەتەوە، هێشتا بە هۆشیارییەوە چاودێڕیی حکومەتی نوێی دیمەشق دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی بەڵێنی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەشداریپێکردنی پێکهاتەکان جێبەجێدەکات، پێش ئەوەی پشتیوانیی تەواوی پێبدەن. 
 
لە سەرەتای ئاداردا چەکدارانی لایەنگری ئەسەد کە زۆرینە لە پێکهاتەی عەلەوین، هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریا. لە کاردانەوەی ئەوەدا، بەشێکی هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی نوێ هێرشیان کردە سەر پارێزگە زۆرینە عەلەوییەکانی تەرتووس و لازقییە لە رۆژئاوای وڵاتەکە و سەدان چەکدار و خەڵکی سڤیل کوژران. گرووپە مافپەروەرەکان و بەشێکی وڵاتان هێزەکانی سەر بە دیمەشقیان بە بەکۆمەڵکوشتنی عەلەوییەکان تۆمەتبارکردن. حکومەتی نوێی سووریا، وەک هەوڵێک بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان پێکبێنێت.
 
هەروەها لە سەرەتای رووخانی ئەسەدەوە گرووپی سوپای نیشتمانیی سووریا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چڕکردنەوە و شەڕ و پێکدادانی خوێناوی نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە. 
 
بەڵام دواتر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە سوپای دیفاکتۆی زۆرینە کوردی قەوارە سیاسی و جوگرافییەکەیە، بە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع توانی گرژییەکان کەمبکاتەوە، وێڕای ئەوەی هێشتا لەسەر سیستمی داهاتووی وڵاتەکە و چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتییەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی روون.  
 
پێش بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ یەکەمین جار و بە فەرمی ئاڵای نوێی وڵاتەکەی، کە پێشتر ئاڵای گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئەسەد بوو، لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵکرد. 
 
لەو بارەیەوە، باڵیۆزی میسر بە رووداوی گوت، "بێگومان رۆژێکی گرنگە بۆ سووریا کە ئاڵا نوێیەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزدەکاتەوە، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بەرزکرایەوە. ئەوە هەنگاوێکی نوێیە بە ئاراستەیەکی نوێدا."
 
بە گوتەی دیپلۆماتەکە، رۆژی پێنجشەممە، نوێنەرانی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی "کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ"یان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریادا کردووە. 
 
ئوسامەن عەبدولخالق ئەوەشی خستەڕوو، "گوێمان لە زۆر شتی باش بوو لەبارەی ئاراستەی نوێی حکومەت و پابەندبوونی بە فرەلایەنی، پارێزگاریکردن لە پێکەوەژیانی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی هەموو کارنامەکانی، لە نێویاندا کارنامەی لەنێوبردنی چەکی کیمیایی، مافەکانی مرۆڤ و گەڕانەوەی پەنابەران."
 
بڕیارە شەیبانی سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتی دراو لەسەر لابردنی سزاکان کۆبێتەوە. 
 
روون نییە کە ئایا هیچ بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکا لەگەڵیدا کۆدەبێتەوە یان نا، چونکە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تاوەکو ئێستا دانی بە حکومەتە نوێیەکەدا نەناوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دووکەڵی رەش لەسەر کۆشکی نیشتەجێبوونی پاپای ڤاتیکان بەرزدەبێتەوە. وێنە: AFP

دووکەڵی رەش بینرا؛ پاپا هەڵنەبژێردرا

کاردیناڵەکانی جیهان لە کەنیسەی سیستین لە ڤاتیکان کۆبوونەوە و دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ دا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک دووکەڵێکی رەش لەسەر کەنیسەکە بەرزبوویەوە و دەنگدان دواکەوت.