رووداو دیجیتاڵ
گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا "بە گرنگییەوە" لە دیالۆگی نێوان هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێ پرس و بابەت هەن دەبێت لە سووریادا چارەسەر بکرێن.
مامەڵەکردنی رۆژئاوای کوردستان و دەسەڵاتی سووریا
پیدەرسن لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە هەوڵەکانی پێکەوە کارکردنی رۆژئاوای کوردستان و دەسەڵاتی نوێی سووریای کرد و گوتی: "پێشوازیم لە رێککەوتنی نێوان بەڕێز ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی کردووە."
رۆژی 10-03-2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
پیدەرسن بە ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند، دوای چوار مانگ و نیو لە کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد، چەندین ئاماژە و هەنگاوی ئەرێنی هەبوون، لەوانەش "پێکهێنانی لیژنە و سەردانی دوو قۆڵی؛ گرنگیدان بە دانوستاندن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە کۆمەڵێک پارتی کوردی تێیدا بەشدارن؛ رێککەوتن لەسەر رێوشوێنی ئاسایشی هاوبەش لە ناوچە کوردنشینەکانی شاری حەلەب؛ کشانەوە لە بەنداوی تشرین؛ هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی زەوینەی هاوبەش لەبارەی پەروەردە و وزە؛ کەمبوونەوەی بەرچاوی گرژی چەکداری و سەربازی."
پیدەرسن باسی ئاستەنگە سەرەکییەکانیشی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد لەوانەش، "هەبوونی داعش لە ناوەوە و دەرەوەی کامپەکان، کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، ئەو هێزە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشق کار دەکەن، سیاسەت و دیمۆگرافیای ئاڵۆز و داوکاواییەکانی کورد سەبارەت بە ماف، ناناوەندییەتی و ناسنامە."
نێردەکەی UN بۆ سووریا گوتی، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی سووریا رێکبکەون، "هەردوولا پێویستیان بە ویستێکی سیاسی بۆ سازشکردن هەیە بە شێوەیەک کە سەقامگیریی وڵات و ناوچەکە بپارێزرێت، هەروەها سەروەری و یەکپارچەیی سووریا بگەڕێندرێتەوە."
بڕیارە سبەی شەممە 26-04-2025 کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆ ببەسترێت. خاڵە سەرەکییەکانی ئەو کۆنفرانسە هەر 13 خاڵی رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە دەبن، لەگەڵ یەکخستنی ستراتیژیی گوتاری کورد و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەند نیگەرانییەکی لەبارەی کاری دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیە.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە راگەیێندراوی دەستووری سووریا کرد کە 13ـی ئادارى 2025، لەلایەن ئەحمەد شەرع واژۆکرا و گوتی: ''چاوەڕێ بووین کە لە دەستپێکدا لیژنەیەک پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکان لەخۆبگرێت، بەتایبەتی کورد."
ئیلهام ئەحمەد گوتیشی، لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و حکومەتی ئێستای سووریا نوێنەرایەتیی کورد ناکەن و رایگەیاند: ''ئەوە لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمەدا نەبوو. پێویست بوو لیژنەیەک پێکبهێندرێت کە بەپێی ماف، هەر لایەنێک نوێنەری خۆی تێدا هەبووایە، بۆ ئەوەی دەستوورێک بنووسرێتەوە کە چەند ساڵی دیکە ئێمە دووبارە ناچار نەبین بیگۆڕین، بەتایبەتی لەبارەی مافی بنچینەیی نەتەوەیی کۆمەڵگەی سووری و لە سەرووی هەمووانیشەوە مافی کورد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ