رووداو دیجیتاڵ
ناتۆ دەڵێت، لەو 32 وڵاتانەی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەن، پار 22 وڵاتیان 2%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆییان بۆ بەرگریی ناتۆ خەرجکردووە. لە لایەکی دیکە، دۆناڵد ترەمپ گوشار دەکات ئەو رێژەیە دوو هێندە بێت.
لەو کاتەوەی رووسیا لە 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، وڵاتانی ئەورووپا بودجەی بەرگری و سەربازییان زیاتر کرد، ناتۆ بڕیاری دا هەر وڵاتێک ساڵانە لانیکەم 2%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی تەرخان بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوا لە هاوپەیمانەکانی واشنتن دەکات زیاتر خەرج بکەن و پارەکە بگەیێننە 5%.
ترەمپ هۆشداریی داوە، ئەگەر وڵاتان پارەی پێویست لە بەرگری و پاراستنی خۆیان خەرج نەکەن، ئەویش لە پشتگیریکردنیان دەوەستێت.
پێشتر ناتۆ پێشبینیی کردبوو، 23 وڵاتی ئەندام لە ساڵی 2024 دەتوانن بگەنە ئامانجی 2%.
ناتۆ لە راپۆرتی ساڵانە رایگەیاند، خەرجیی بەرگریی وڵاتە ئەورووپییەکان و کەنەدا لە ساڵی پێشوو 19% زیادی کردووە.
ئەو 10 وڵاتەی دیکەش کە نەگەیشتوونەتە ئامانجەکە داوایان لێکراوە پارەی زیاتر خەرج بکەن.
ئەم هەفتەیە ئیسپانیا رایگەیاند، بە بڕی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو رێژەیە.
ئەمریکا زۆرترین بڕی پارە لە ناتۆ خەرج دەکات، پار بە تەنیا 64%ی تەواوی بودجەی بەرگریی ناتۆ، ئەمریکا تەرخانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ