هیندستان و پاکستان رووبەڕووی یەک دەبنەوە؛ ئەوەی پێویستە بیزانیت

25-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
پاکستانییەکان خۆپێشاندان دەکەن و داوای وەڵامدانەوەی هیندستان دەکەن
پاکستانییەکان خۆپێشاندان دەکەن و داوای وەڵامدانەوەی هیندستان دەکەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری نیودەلهیی پایتەختی هیندستان، خەڵک تووڕەن و بەشێکیان رژاونەتە سەر شەقامەکان، داوا دەکەن بە تووندی وەڵامی پاکستان بدرێتەوە. لە لایەکی دیکەش لە شاری موزەفەئابادی پاکستان، دەهۆڵی شەڕ لێدەدرێت. 
 
جارێکی دیکە ناکۆکییە مێژووییەکەی نێوان پاکستان و هیندستان لەسەر هەرێمی کشمیر سەریهەڵداوەتەوە. 
 
راجنات سینگ، وەزیری بەرگریی هیندستان رایگەیاند، "هیندستان وڵاتێکی شارستانیی کۆنە و زۆر گەورەشە، بەو جۆرە چالاکییە تیرۆریستییانە و ئەوانەشی لەپشتین، هەڕەشەی لێناکرێت. دەمەوێت هەمووانیش دڵنیا بکەمەوە، لە داهاتوودا وەڵامێکی تووندیان دەدرێتەوە." 
 
رۆژی هەینی سەربازانی هەردوو وڵات رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ترسیان لێنیشتووە لە رووبەڕووبوونەوەی فراوانی پاکستان و هیندستان؛ بەتایبەت کە هەردوو وڵات خاوەن چەکی ئەتۆمین. 
 
رۆژی 22ی نیسان لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی بۆ سەر ناوچەیەکی کشمیری سەر بە هیندستان 26 کەس کوژران؛ هیندستان دەستی تۆمەتی بۆ پاکستان درێژکرد.
 
لەنێو ئەو شەڕ و گرژییانەدا، قسەیەکی وەزیری بەرگریی پاکستان بووەتە ترێند کاتێک پێشکێشکارێک لەبارەی پاڵپشتیکردنی تیرۆر پرسیاری لێدەکات
 
یەڵدا حەکیم، پێشکێشکاری سکای نیوز لە خەواجە عاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان دەپرسێت، "ئایا ئێوە دان بەوەدا دەنێت کە پاکستان مێژوویەکی درێژی هەیە لە پاڵپشتیکردن، هاوکاریکردن و مەشقپێکردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە؟"
 
عاسف لە وەڵامدا دەڵێت، "ئێمە ئەم کارە پیسە بۆ ماوەی سێ دەیەیە بۆ ئەمریکا و جیهان لەنێویشیاندا بۆ بەریتانیا دەکەین." 
 
پێشتر هیندستان چەندین جار پاکستانی بە پاڵپشتیکردنی گرووپە جوداخوازەکان لە کشمیر تۆمەتبارکردووە، بەڵام پاکستان نکوڵی لێکردووە. 
 
کشمیر، هەرێمێکی دەوڵەمەند بە کانزا و دیمەنی جوانی سرووشت، لە ساڵی 1947ـەوە لەنێوان هیندستان و پاکستان دابەشکراوە. هیندستان 55٪ـی ئەو هەرێمەی لەژێر دەستە، هەرچی پاکستانە 30٪ی کۆنترۆڵ کردووە.
 
پاکستان داوای کردووە چارەنووسی کشمیر لە رێگەی گشتپرسییەکی تایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چارەسەر بکرێت و رێگە بە خەڵکی هەرێمەکە بدرێت دەنگ بدەن.
 
کاردانەوەی هیندستان بەرامبەر بەو هێرشە تووند بوو، داخستنی دەروازەی سەرەکیی نێوان هەردوو وڵات، راگرتنی پێدانی ڤیزە بە پاکستانییەکان، دەرکردنی نوێنەری سەربازیی پاکستان، لەگەڵ راگرتنی رێککەوتنامەی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
 
شەفقەت عەلی خان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، "هەر هەنگاوێک بۆ گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی پاکستان، بەگوێرەی رێککەوتنی ئاویی هەردوولا، بە کردەوەیەکی جەنگ تەماشا دەکرێت و بە تووندترین شێوەش وەڵامی دەدرێتەوە." 
 
ناکۆکییەکانی سەر کشمیر لە ساڵی 2019 ئەوەندەی دیکە قووڵتر بووەوە؛ کاتێک دادگەی باڵای هیندستان دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی هەرێمەکەی هەڵوەشاندەوە فەرمانیشی کرد کشمیر هاوشێوەی هەرێمەکانی دیکەی هیندستان، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی ئاشکراکردنی دەنگەکان و هەڵبژاردنی فرێدریک مێرتز، بە راوێژکاری ئەڵمانیا. وێنە: AFP

فرێدریش مێرتس بووە راوێژکاری ئەڵمانیا

پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا فرێدریش مێرتس، بەربژێری هاوپەیمانێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی کریستیان سۆسیال CDU/CSU و سۆسیال دیموکراتی وەک راوێژکاری نوێی وڵاتەکە هەڵبژارد.