وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: رەنگە بە بەرنامەی مەدەنیی ئەتۆمیی ئێران رازی ببین

25-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، واشنتن ئامادەیە بە هێشتنەوەی بەرنامەی مەدەنیی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام بەو مەرجەی تاران تەواوی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نێوخۆی وڵاتەکە رابگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە هەردوو وڵات خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانیان تایبەت بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران.
 
رۆژی چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستێکی تایبەتدا، لەبارەی دوایین هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، رایگەیاند، دەبێت ئێران ماددەکانی یۆرانیۆم هاوردە بکات، ئەگەر بخوازێت، پەرە بە بەرنامەی مەدەنیی ئەتۆمی بدات.
 
هەروەها روبیۆ دەڵێت، "ئەگەر ئێران دەیەوێت بەردەوامی بە بەرنامەی مەدەنیی ئەتۆمی بدات، وەکو چەندین وڵاتی دیکەی جیهان کە خاوەنی بەرنامەی مەدەنین، ئەوا دەبێت کەلوپەل و ماددەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هاوردە بکەن، نابێت خۆیان بە کەلوپەلی نێوخۆ بیپیتێنن."
 
ئیدارەی ترەمپ پەیامی جیاوازیان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە داوە و هەفتەی رابردوو ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران، رایگەیاند، واشنتن رازییە بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەو مەرجەی پیتاندنەکە لە ئاستێکی نزمدا بمێنێتەوە، لەدوای گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵاتدا لە رۆما ویتکۆف رایگەیاند، "دەبێت ئێران تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەنێوبەرێت."
 
ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە، لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێرانیش بەشێکی کامێرای چاودێریی ناوەندە ئەتۆمییەکانی هەڵگرت، پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کرد و رێژەکەشی بەرزکردەوە.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا تاران ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ تیمێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بکات بۆ دانانەوەی کامێراکان و دڵنیابوونەوە لەوەی ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، تەنیا مرۆییە.
 
تاران و واشنتن دوو گەڕی دانوستاندنیان لە مەسقەت و رۆما بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەبردووە، بڕیاریشە رۆژی شەممە تیمی تەکنیکیی هەردوو وڵات، لە مەسقەتی عومان کۆببنەوە، ئەمریکا نایەوێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و ئەو یۆرانیۆمەشی کە گومان دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە پیتاندوویەتی، لەنێویببات.
 
دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستی بە سێنتریفیوجی پێشکەوتووە، تاوەکو ئەو ئامێرانە یۆرانیۆم بە رێژەی 90% بپیتێنێت، واتە 90%ی یۆرانیۆمەکە، لە جۆری تیشکدەری بەهێز بێت، بەگوێرەی رێککەوتنەکەی 2015 ئێران پێویست بوو تەنیا 300 کیلۆگرام بە رێژەی 3.67% بپیتێنێت، ئەمەش بۆ ئەوە بوو تەنیا بتوانێت بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە و مرۆیی بەکاریبهێنێت.
 
هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئێران نزیکەی 275 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60% پیتاندووە و ئەمەش رێژەیەکی نزیکە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ رەتیدەکاتەوە خۆی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی بەربژێر بکاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا گومانی لەبارەی رێککەوتنی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاگربەست هەیە و دەڵێت، هەرچەندە شتی ئەرێنیش روودەدەن، بەڵام دەکرێت "رێککەوتنەکە نەکرێت." لەبارەی دووبارە خۆبەربژێرکردنەوەشی دەڵێت، پلانی ئەوەی نییە جارێکی دیکە رکابەرێتی بکاتەوە.