نێردەی UN بۆ سووریا بۆ رووداو: رێککەوتنی نێوان شەرع و مەزڵووم عەبدی پەیامی هیوا بوو

25-04-2025
تەنیا ئەحمەد
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا بە رووداوی گوت، ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کرا "پەیامی هیوای بۆ هەموو سووریا نارد" و گوتیشی، هیوادارن هەموو لایەک هانی سەرکەوتنی ئەو رێککەوتنە بدات.
 
رۆژی هەینی 25-04-2025 گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک راگەیاند، "رێککەوتنەکەی 10ی ئادار لەنێوان بەڕێز شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی زۆر گرنگە. ئەو رێککەوتنە پەیامێکی هیوا بۆ هەموو سووریا دەنێرێت (پێیان دەڵێت) کە ئێوە دەتوانن شتەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکەن."
 
پیدەرسن ئەو لێدوانەی لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووریا دا، کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش ئامادە بوو.
 
نێردراوە نەرویجییەکە بە رووداوی گوت، "چەند پێشڤەچوون و هەنگاوێک هەن کە هەردوولا (مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع) رێککەوتوون لەسەریان، بەڵام هێشتا چەندین ئاڵنگاری هەن. هیوادارین هەموو لایەک هانی ئەم پرۆسەیە بدات. هەروەک ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوێمان لێبوو، رێککەوتنێک هەیە کە دەبێت پشتیوانی لێبکرێت."
 
رۆژی 10ی ئاداری 2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
 
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک، پیدەرسن لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە هەوڵەکانی پێکەوە کارکردنی رۆژئاوای کوردستان و دەسەڵاتی نوێی سووریای کرد و گوتی، "پێشوازیم لە رێککەوتنی نێوان بەڕێز ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی کردووە."
 
ئەو رێککەوتنە کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. قەتەر رایگەیاند، "هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشتیی مەدەنی، بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری و بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوە و یاسا."
 
وەزارەتی دەرەوەی چین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لایەنی چینی گرنگییەکی زۆر بە دۆخی سووریا دەدات و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات رێز لە پرەنسیپی گشتگیری بگرن و پابەند بن."
 
تورکیا رایگەیاند، "بە ئاگاییەوە گەشبینین لەبارەی ئەو رێککەوتنە، بەڵام جگە لەو رێککەوتنەی بەدەستهاتووە، ئێمە لەو قۆناخەدا دەمانەوێت ببینین کە چۆن جێبەجێ دەکرێت."
 
یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند، هانی لایەنەکان دەدەن بۆ کارکردن لەسەر جێبەجێکردن و پشتیوانیکردنی.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکە
 
رووداو: بەڕێز گەیر پیدەرسن، زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت. ئێوە لە دیمەشق بوون، دەزانم شتی زۆر روودەدەن و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدراوەتەوە. دەتوانی پێم بڵێی، تاچەند گرنگە کە رێککەوتنێک لە نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا واژۆکراوە؟ 
 
گەیر پیدەرسن: پێم وایە رێککەوتنەکەی 10ـی ئادار لە نێوان بەڕێز شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی زۆر گرنگە. ئەو رێککەوتنە پەیامێکی هیوا بۆ هەموو سووریا دەنێرێت، کە ئێوە دەتوانن شتەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکەن کە سووریاییەکان خۆیان رابەرایەتی بکەن. هەروەک دەزانن، چەند بەرەوپێشچوون و هەنگاوێک هەن  هەردوولا رێککەوتوون لەسەریان، بەڵام هێشتا چەندین ئاڵنگاری هەن. هیوادارین هەموو لایەک هانی ئەم پرۆسەیە بدات. هەروەک ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوێمان لێبوو، رێککەوتنێک هەیە کە دەبێت ئەم پرۆسەیە پشتیوانی لێبکرێت. با هیوای ئەوە بخوازین کە ئەمە جێبەجێ بکرێت و کاتێک جاری داهاتوو باسی ئەمە دەکەین، بتوانین بەرەوپێشچوونی زیاتر ببیستین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی ئاشکراکردنی دەنگەکان و هەڵبژاردنی فرێدریک مێرتز، بە راوێژکاری ئەڵمانیا. وێنە: AFP

فرێدریش مێرتس بووە راوێژکاری ئەڵمانیا

پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا فرێدریش مێرتس، بەربژێری هاوپەیمانێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی کریستیان سۆسیال CDU/CSU و سۆسیال دیموکراتی وەک راوێژکاری نوێی وڵاتەکە هەڵبژارد.