رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، جەنگی دوو ساڵەی سوودان بووەتە هۆی ئەوەی لانیکەم 13 ملیۆن کەس ئاوارە یان دەربەدەری وڵاتان ببن؛ ئەوەش جگە لەوەی دەیان هەزار کەس کوژراون.
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، "ململانێکانی سوودان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی 13 ملیۆن کەس. لەو ژمارەیە 8.6 ملیۆن کەس لە نێوخۆ ئاوارەبوون و 3.8 ملیۆنیشیان لە وڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر."
سوودان لە ئابی 2019وە لەلایەن دەسەڵاتێکی راگوزەری تێکەڵ بە سەرکردەی سڤیل و سەربازی بەڕێوەدەبرا، بەڵام لە 15ی نیسانی 2023وە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بوورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی دەستیپێکرد، هەرچەندە چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن.
زیاتر لە دوو ساڵە جەنگەکە بەردەوامە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات لەوەی سوودان بەرەو قاتوقوڕی چووە.
تەندروستیی جیهانی دەڵێت، نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە سوودان، کە زیاتر لە 14 ملیۆنیان منداڵن، پێویستیی زۆریان بە یارمەتیی مرۆییە. هەروەها نزیکەی 17.7 ملیۆن کەس لە سەرانسەری سوودان، کە دەکاتە نزیکەی 37%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، رووبەڕووی برسێتیی تووند بوونەتەوە.
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ شوێنێکی سوودان هێندەی دارفۆر مەترسیدار نییە، ئەوەش دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هێرشێکی نوێیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری (ئەلفاشر) لە رۆژئاوای وڵاتەکە دەستپێکرد، کە هێشتا لەژێر دەستی سوپادایە.
هەروەها هێزەکانی پشتیوانیی خێرا کۆنترۆڵکردنی کەمپی زەمزەمیان لە شارەکە راگەیاند، لەوکاتەشەوە لانیکەم 400 هەزار کەس لە کەمپەکە ئاوارە بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشتبەستن بە "سەرچاوەی باوەڕپێکراو" رایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 400 کەس لەو وڵاتە کوژراون.
لە ماوەی دوو ساڵی جەنگەکەش، نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە وڵاتەکە کوژراون و 26 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
جەنگی نێوخۆی سوودان، وڵاتەکەی کردووەتە دوو بەش، سوپا باکوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەی لەژێر دەستدایە و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و هاوپەیمانەکانیشی زۆربەی دارفور و باشووری وڵاتیان کۆنترۆڵ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ