رووداو دیجیتاڵ
لە یادی سێ ساڵەی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، 14 سەرکردەی جیهان سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا دەکەن و لووتکەی پشتیوانیکردن لە ئۆکراینا رێکدەخەن و لەو لووتکەیەدا، پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ ئۆکراینا دووپاتکردەوە و تاوتوێی پاراستنی ئاسایشی ئۆکراینا و ئەورووپایان کرد.
رۆژی دووشەممە، 24ی شوباتی 2025، لووتکەی پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لە کیێڤ بەڕێوەچوو، کە 14 سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوا ئامادەی بوون و لەنێویاندا، ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا؛ ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئەمە جگە لە سەرکردەکانی دانیمارک، ئایسلاند، سوێد، لاتڤیا، لیتوانیا، ئیسپانیا، فینلاند و نەرویج.
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکدا لەدەستپێکی لووتکەکەدا، رایگەیاند: "ئەم ساڵ دەبێت ساڵی ئاشتییەکی راستەقینە و واقیعی بێت، چونکە پووتین هەروا ئاشتیمان بە دیاریی ناداتێ و بێ بەرامبەر هیچمان ناداتێ. دەبێت بەهێز و یەکگرتوویی و هەروەها ژیریی و هاوئاهەنگی نێوانمان؛ ئاشتی بەدەست بهێنین."
بەڵام بەڕێوەچوونی ئەو لووتکەیە و یادکردنەوەی سێ ساڵی ئەو جەنگە، لەکاتێکدایە هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی بەشداری تێدا نەکرد و هەروەها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆکراینای تۆمەتبار کردووە بەوەی کیێڤ شەڕی نێوان ئەو وڵاتە و رووسیای دەستپێکردووە و زیلینسکیشی بە "دیکتاتۆر" وەسف کرد.
هەروەها لەو لووتکەیە، هەریەک لە سەرکردەکانی وڵاتانی؛ بەریتانیا، تورکیا، ئەڵمانیا، ئەلبانیا، هۆڵەندا، ژاپۆن، سویسرا، پۆڵەند و چیک لەرێگەی ڤیدیۆوە گوتاریان پێشکێش کرد.
پێش دەستپێکردنی لووتکەکە و لەگەڵ گەیشتنی بە کیێڤی پایتەخت، ڤۆندەرلاین پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لەم شەڕی مان و نەمانەدا، ئەوە تەنیا گرەو لەسەر چارەنووسی ئۆکراینادا نییە، بەڵکو گرەو لەسەر چارەنووسی هەموو ئەورووپایە."
هەر لە لووتکەکەدا، سەرجەم سەرکردەی بەشداربوو، داوایان لە وڵاتانی ئەورووپا کرد هەوڵەکانیان بۆ پشتگیرییکردن لە کیێڤ چڕتر بکەنەوە و پێویستە سەرجەم وڵاتانیش خەرجییەکانیان لەبواری بەرگریدا زیاتر بکەن.
لەوبارەیەوە، مێتی فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، رایگەیاند: "ئێمە وەکو ئەورووپییەکان دەبێت هەوڵەکانمان زیاتر بکەین و خێراتریش بکەین، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی من، تەنیا چەند مانگێکمان لەپێشە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست، ئەگینا دواتر، درەنگ دەکەوین."
هەروەها لەو لووتکەیە، سەرکردەکانی ئەورووپا بەنیازن هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراینا زیاتر بکەن و لەگوتاری لووتکەکەدا، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند بەبەهای یەک ملیار یۆرۆ هاوکاری سەربازی بۆ کیێڤ دابین دەکات و گوتیشی "بەردەوام دەبین لەهاوکاریکردنی ئۆکراینا تا ئەو کاتەی پێویست بکات."
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەش کرد، هەر گفتوگۆیەک بۆ ئاگربەست لە ئۆکراینا، پێویستە ئەورووپا و ئۆکراینا بەشدار بێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو لە ریازی پایتەختی سعودیە، بەبێ بەشداریکردنی بەرپرسانی ئەورووپا و ئۆکراینا بەڕێوەچوو.
سانچێز گوتیشی: "هیچ شتێک لەبارەی ئۆکراینا کاریگەریی نابێت، بێ ئۆکراینا و هیچ شتێک لەبارەی ئاسایشی ئەورووپا کاریگەریی نابێت بێ ئەورووپا."
لای خۆشییەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، رایگەیاند "دەبێت ئۆکراینا بەشدار بێت لە هەر گفتوگۆیەک، کە تایبەت بێت بە ئاگربەست."
هەر لەو لووتکەیە، ئۆرسلا ڤۆندەرلاین، پاکێجێکی نوێی هاوکاریی بەبەهای 3.5 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکراینا راگەیاند و لە گوتارێکیشدا، ڤۆندەرلاین رایگەیاند "پووتین ئامانجی لەنێوبردنی ئۆکراینایە و جەنگی ئۆکراینا گەورەترین و چارەنووسسازترین قەیرانە بۆ داهاتووی ئەورووپا. پووتینش لەهەموو کات زیاتر لە هەوڵدایە بۆ بردنەوەی ئەو جەنگە."
لە پەیامێکیشدا لەرێگەی ڤیدیۆوە، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند وڵاتانی گرووپی حەوت کە وڵاتانی دەوڵەمەندن، دەبێت هەنگاوی زیاتر بنێن بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیادا، بەتایبەتی لە کەرتەکانی نەوت و بانک.
پێش دەستپێکی لووتکەی کیێڤیش، یەکێتی ئەورووپا 16مین پاکیچی سزای بەسەر رووسیادا سەپاند، کە زۆربەی سزاکان، دامودەزگە سەربازییەکانی رووسیای کردە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی حکومەتی بەریتانیاش رایگەیاند 67 سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ