چوارشەممە شاندی تەکنیکی ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆدەبنەوە

19-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە هۆشیارییەوە دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەفتەی داهاتوو زیاتر بەرچاویان لەبارەی ئەنجامی دانوستاندنەکە روون دەبێت. 
 
ئەمڕۆ شەممە، گەڕی دووەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ناتوانن بڵێن "زۆر گەشبینن" و ناشتوانن بڵێن "رەشبینن"، چونکە هێشتا دانوستاندنەکان لە قۆناخی سەرەتادان. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، "کۆبوونەوەکە باش بوو. دەتوانم بڵێم دانوستاندنەکان بەرەو پێشەوە دەڕۆن. ئەم جارە توانیمان بگەینە ئەنجامێکی باشتر لەبارەی هەندێک بنەما و ئامانج".
 
عەباس عێراقچی لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتوویان گوتی، رۆژی چوارشەممە گفتوگۆی تەکنیکی لەنێوان لایەنی ئێرانی و ئەمریکی لە عومان بەڕێوەدەچێت و شەممەی داهاتووش شاندی هەردوو وڵات لە عومان کۆدەبنەوە بۆ چاوخشاندنەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوە و کاری لیژنە تەکنیکییەکان. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دوای ئەو کۆبوونەوەیە بۆیان روون دەبێتەوە کە تاوەکو چەندە لە رێککەوتنەوە نزیکن. 
 
دانوستاندنەکان لە کاتێکدان، هێشتا لەنێو ئیدارەی ترەمپ، هەروەها لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلیش، مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا دەبێت بە دیپلۆماسی یان هێرشی سەربازی رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە بکرێت. 
 
تاوەکو ئێستا، ترەمپ دژی بۆچوونی ئەوانە وەستاوەتەوە کە داوای جەنگ دەکەن، لە نێویاندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵکو پێداگرە لەسەر ئەوەی بە رێککەوتن بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆتوبەند بکات. 
 
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 
 
رۆژی هەینی، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەمەوێت ئێران وڵاتێکی مەزن و خۆشگوزەران و ناوازە بێت، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. ئەگەر چەکی ئەتۆمیشیان هەبێت، ئێوە هەمووتان زۆر خەمگین دەبن، چونکە ژیانتان لە مەترسیی گەورەدا دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ راوێژکاری نوێ سوێندی یاسایی دەخوات.

نەخشەڕێی سیاسەتی چوار ساڵی داهاتووی ئەڵمانیا راگەیێندرا

پارتی پارێزگارانی فرێدریش مێرتز، راوێژکاری دەستنیشانکراوی ئەڵمانیا و سۆسیال دیموکراتە چەپە میانڕۆکان بە فەرمی واژۆیان لەسەر رێککەوتنی هاوپەیمانی کرد، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر، مێرتز سوێندی یاسایی بخوات و حکومەتی نوێی ئەڵمانیا پێکبهێنرێت.