رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی پۆرتوگال لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوە کرد، جیهان ئێستا "زۆر باشتر ئامادەیە" بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایێکی دیکە، بەراورد بە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
مانوێل پیزارۆ، رۆژی هەینی لە نیویۆرک، بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی گوت: "بەدڵنیاییەوە هەمیشە شتی زۆر هەیە کە دەبێت بکرێت و دەبێت لەیادمان بێت کە دۆخەکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە و تەنانەت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەش لەنێو هەمان وڵات جیاوازە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "بابەتی یەکسانی بۆ دەستگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی پێویستە".
نزیکەی 150 سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرکن بۆ ئەوەی لە گەڕی 78ی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتاری خۆیان لە بارەی نوێترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهان پێشكێش بکەن.
لە بارەی لووتکەی ئەمساڵ، وەزیرە پۆرتوگالییەکە بە رووداوی گوت: "ئەمە کۆبوونەوەیەکی گەورەیە لە دۆخێکی زۆر گرنگدا، چونکە دوای کۆڤید پێویستمان بە بونیادنانەوەی هاوسۆزی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەیە. هەربۆیە پرۆگرامی 'ئامانجەکانی گەشەی شیاوی بەردوامبوون' زۆر گرنگن بۆ هەر لایەک."
دروشمی لووتکەی ئەمساڵی کۆبوونەوەکە بریتییە لە "دروستکردنەوەی متمانە و وەگەڕخستنەوەی یەکڕیزیی جیهانی؛ خێراکردنی هەنگاوەکانی کارنامەی 2030 و ئامانجەکانی گەشەپێدانی شیاوی بەردەوامبوون بەرەو ئاشتی، خۆشگوزەرانی، بەرەوپێشچوون و توانای بەردەوامبوون بۆ هەمووان."
لە بارەی یەکسانیی نێوان وڵاتان لە دەستگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی، مانوێل پیزارۆ گوتی: "من لە بەشێکی جیهانەوە و ناوچەیەکەوە لە ئەوروپاوە هاتووم کە داهاتی بەرزی هەیە. ئێمە پێکەوە پرسەکەمان چارەسەر کرد، بەڵام بیرۆکەی پێکەوە بوون شتێکی زۆر گرنگە بۆ داهاتوو و دەبێت پێکەوە بمێنینەوە و چارەسەر بدۆزینەوە و یارمەتی هەموو کەس لە جیهاندا بدەین. دەبێت کەس بە تەنیا جێ نەمێنێت."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و مانوێڵ پیزارۆ، وەزیری تەندروستیی پۆرتوگال:
رووداو: هەروەک ئاگادارن، گەڕی 78ی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکردووە. چۆن دەڕوانیتە ئەم گەڕە؟ پێتوایە وەک پێویست لەبارەی بابەتە گەرمەکانی جیهان قسە دەکەن؟
مانوێڵ پیزارۆ: پێموایە ئەمە کۆبوونەوەیەکی گەورەیە لە دۆخێکی زۆر گرنگدا، چونکە دوای کۆڤید پێویستمان بە بونیادنانەوەی هاوسۆزی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەیە. هەربۆیە پرۆگرامی "ئامانجەکانی گەشەی شیاوی بەردوامبوون" زۆر گرنگن بۆ هەر لایەک."
رووداو: ئەوەی کە پەیوەندی بە کۆڤید 19ـەوە هەیە، پێتوایە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێکی نوێ یان پەتایەکی نوێ؟
مانوێڵ پیزارۆ: بە تەواوی دڵنیام کە ئێستا زۆر باشتر ئامادەین، بەراورد بە ساڵی 2020 کاتێک کۆڤید بڵاوبووەوە. بەڵام بەدڵنیاییەوە هەمیشە شتی زۆر هەیە کە دەبێت بکرێت و دەبێت لەیادمان بێت کە دۆخ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە و تەنانەت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەش لەنێو هەمان وڵات جیاوازە. بابەتی یەکسانی بۆ دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی پێویستە.
رووداو: هیچ پەیامێکتان هەیە بۆ جیهان، لەوانەش لەو بابەتەی کە پەیوەندی بە یەکسانییەوە هەیە، وەک بەرێزتان ئاماژەتان پێکرد کە خاڵێکی گرنگە؟ بەڕێزتان ئاگادارن کاتێك ڤاکسینی کۆرۆنا دۆزرایەوە، بەشی پێویست بۆ هەموو جیهان نەبوو، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی هەژار. هیچ پێشنیازێکتان هەیە؟ دەبێت چی بکرێت لەبواری ئەو یەکسانییەوەی باست کرد؟
مانوێڵ پیزارۆ: بە دڵنیاییەوە من لە بەشێکی جیهانەوە و ناوچەیەکەوە لە ئەوروپاوە هاتووم کە داهاتی بەرزی هەیە. ئێمە پێکەوە پرسەکەمان چارەسەر کرد، بەڵام بیرۆکەی پێکەوە بوون شتێکی زۆر گرنگە بۆ داهاتوو و دەبێت پێکەوە بمێنینەوە و چارەسەر بدۆزینەوە و یارمەتی هەموو کەس لە جیهاندا بدەین. دەبێت کەس بە تەنیا جێ نەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ