رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم هەڤپەیڤینیدا لەدوای دەستبەکاربوونەوەی لە کۆشکی سپی، باسی بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکانی چین دەکات، کە پێیوایە مەترسیدارترن لە ئەپی تیکتۆک. دەشڵێت ئەگەر نەگەڕابایەوە کۆشکی سپی، ئەمریکا چیدی وڵاتێکی زلهێز نەدەبوو.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا، گوتی، ئەگەر 4 ساڵی رابردوو ئەو سەرۆک بووایە، زۆر جەنگ و ناکۆکیی جیهان روویاننەدەدا.
ترەمپ لەبارەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیی بایدن دەڵێت، "ئەگەر من سەرۆک بوومایە، هەڵاوسانی ئابوورمان نەدەبوو. کارەساتی کشانەوەمان لە ئەفغانستان نەدەبوو، 7ـی تشرینی یەکەممان لە ئیسرائیل نەدەبوو، کە خەڵکێکی زۆر کوژران و جەنگی ئۆکرایناش درێژەی نەدەکێشا."
هەروەها رایگەیاند سەرجەم کێشەکانی ئەمریکا کە ئێستا ئەو وڵاتە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، "بە پارە و کات چارەسەر دەکرێن، بەڵام بڕوایەکی تەواوم هەیە؛ ئەگەر ئێمە هەڵبژاردنمان نەبردایەتەوە، ئەم وڵاتەمان بۆ هەتا هەتایە لەدەستدەدا."
"بەرهەمەکانی چین مەترسیدارن"
ترەمپ باسی بەرهەمەکانی چین و پرسی قەدەخەکردنی تیکتۆکی کرد و گوتی "بەرهەمی زۆر لە چین دروست دەکرێن. بۆچی ئەوانی دیکە باس ناکەن؟ ئەوەی جێی سەرنجە لەبارەی تیکتۆک ئەوەیە؛ زۆربەی ئەوانەی پەیوەستن بەو بەرنامەیەوە، گەنجن. باشە گرنگە چین سیخوڕيی بەسەر گەنجانەوە بکات؟ گەنجان تەماشای ڤیدیۆی شێتانە دەکەن."
هەروەها دەڵێت "ئەوان تەلەفۆن دروست دەکەن، کۆمپیتەرەکەت دروست دەکەن و زۆر شتی دیکەش دروست دەکەن، ئایا بەڕاستی تیکتۆک مەترسیدارترییانە؟"
لەدوای راگرتنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە لەلایەن ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، بەتۆمەتی ئەوەی سیخووڕی بەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکییەوە دەکات، ترەمپ لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا مۆڵەتی 75 رۆژیی بە تیکتۆک دا تاوەکو کێشەکە چارەسەر بکەن.
نێوەڕۆکی نامەکی بایدن بۆ ترەمپ
ترەمپ نێوەڕۆکی ئەو نامەیەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاشکرا کرد کە لە نووسینگەی هێلکەیی کۆشکی سپی (ئۆڤەڵ ئۆفیس) بۆی بەجێهێشتبوو.
دەڵێت "لە نامەکەدا نووسرابوو؛ لەوکاتەوەی ئەم نووسینگە پیرۆزە بەجێدەهێڵم، هیوای باشترین بۆ خۆت و خانەوادەکەت لە چوار ساڵی داهاتوودا دەخوازم. گەلی ئەمریکا و گەلانی جیهانیش، چاویان لەم کۆشکەیە، بۆ سەقامگیریی لەبەرامبەر ئەو گەردەلوولانەی لەمێژوودا روودەدەن. نزا دەکەم لە چەند ساڵی داهاتوودا وڵاتەکەمان، وڵاتێکی خۆشگوزەرانی و ئاشتی بێت. خودا بتپارێزێت و ئاگادارت بێت."
نووسینی نامەی ماڵئاوایی بووەتە یەکێک لە نەریتەکانی سەرۆکەکانی ئەمریکا لەدوا رۆژی کارکردنیان وەکو سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، بۆ یەکەمجار لەساڵی 1989 سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا رۆناڵد رەیگن، نامەیەکی لە کۆشکی سپی بۆ جۆرج بووشی باوک جێهێشت.
ترەمپ هەر لەبارەی نامەکەی بایدنەوە گوتی "نامەیەکی جوان بوو. نامەیەکی گرنگ بوو، زیاتر هاندان بوو، نامەیەکی ئەرێنی بوو، سوپاسی نامەکەی دەکەم."
"بەرپرسانی کالیفۆرنیا ئاویان لەسەر شوێنی ئاگرەکان گرتووەتەوە"
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەیدا ترەمپ باسی ئاگرەکەی ویلایەتی کالیۆرنیای کرد، کە لە سەرەتای ئەم مانگە کەوتەوە و بەهۆیەوە 28 کەس گیانیان لەدەستداوە، 22 کەسیش بێسەرشوێنن.
ترەمپ، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا گێڤن نیوسەم، کە دیموکراتە، لەگەڵ بەرپرسانی دیکە ئەو پارتەی بەوە تۆمەتبارکرد، رێگەیان نەداوە ئاو بگاتە ئەو ناوچانەی ئاگریان گرتووە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی "پێموایە دەبێت هاوکارییە فیدراڵییەکان بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا رابگرین تاوەکو خۆیان چاک دەکەن و رێگەدەدەن ئاو لە باکووری ویلایەتەکەوە رەوانەی باشووری کالیفۆرنیا و لۆسئەنجلس بچێت."
"لێبووردنی گشتی بۆ هێرشکارانی سەر کۆنگرێس"
هەروەها ترەمپ بەرگری لە بڕیارەکانی یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی کرد و یەکێک لەوانە دەرکردنی لێبووردنی گشتی بوو بۆ نزیکەی هەزار و 600 کەس کە بەهۆی هێرشەکانی رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 بۆ سەر کۆنگرێس دەستگیرکراون. ترەمپ دەڵێت "زۆربەیان بێتاوان بوون."
ترەمپ رەخنەی تووندی ئاراستەی بایدن کرد بەوەی لە دوا رۆژی سەرۆکایەتیدا، لێبووردنی بۆ ژمارەیەک لە خزم و کەسوکاری دەرکردووە و رایگەیاند، لە دوا رۆژی سەرۆکایەتیدا لە دوا گەڕدا، بژارەی لێخۆشبوونی خۆی پێدراوە، بەڵام ئەو بڕیاریداوە ئەو دەسەڵاتە بەکارنەهێنێت.
"کۆچبەران دەردەکەین"
سەبارەت بە رێکارە تووندەکانی بەرامبەر بە کۆچبەرانی نایاسایی دەیگرنەبەر، ترەمپ رایدەگەیێنێت سزای هەموو ئەو شار و ویلایەتانە دەدات کە رێکارە فیدراڵییەکان دژی کۆچبەرانی نایاسایی جێبەجێ ناکەن.
ترەمپ گوتی "ئێمە ئەوان [کۆچبەران] دەردەکەین و کۆتایی پێدەهێنین و زۆر خەڵکیش لەو ویلاتانە ئەوانیان [کۆچبەران] ناوێت. رەنگە هاوکارییەکان لەسەر [ویلاتەکان] ببڕین، چونکە هەندێکجار ئەوە تاکە چارەسەرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ