رووداو دیجیتاڵ
کیس کێلۆگ، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئۆکراینا سەردانی کیێڤی پاییەختی ئۆکراینای کرد.
نوێنەری ترەمپ لە ئۆکراینایە بۆ دڵنیاکردنەوەی ئۆکراینییەکان کە ئەمریکا پشتیان لێناکات. لەگەڵ گەیشتنی بۆ کیێڤ گوتی:"خۆشحاڵم دەگەڕێمەوە بۆ کیێڤ. گفتوگۆیەکی نایابم لەگەڵ سەرۆک زیلینسکی و ستافەکەی و فەرماندە سەربازییەکانی ئۆکراینا دەبێت."
لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، بەڵێنیدا راستەوخۆ دەست بە گفتوگۆ بۆ راگرتنی جەنگە سێ ساڵییەکەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بکات.
رۆژی سێشەممەش یەکەم گەڕی کۆبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستە لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت: "ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ گەڕانەوەی متمانە بوو لە نێوان رووسیا و ئەمریکا. لەبارەی بەشداریپێکردنی لایەنی دیکە، رووسیا هەرگیز دژی بەشداریپێکردنی ئەورووپییەکان و دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا نەبووە."
بەڵام ئۆکراینییەکان و ئەورووپییەکان نیگەرانن لە دوورخستەوەیان لەو گفتوگۆیانە. بەگومانیشن لە سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ لە ئۆکراینا.
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت: "بەداخەوە سەرۆک ترەمپ لەگەڵ رێزێکی زۆرمان بۆ ئەو و خەڵکی ئەمریکا کە هەمیشە پاڵشتیکارمان بوون، بەڵام ئێستا لە بۆشاییەکی زانیاریی هەڵەدا دەژین."
نیگەرانییەکانی ئۆکراینا لە ئیدارەی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای هێنایە قسە و زیلینسکی بە "دیکتاتۆر" ناوبرد و ئاگاداریکردەوە، ئەگەر پەلە نەکات لە کۆتایی هێنان بەو جەنگەی ئۆکراینای وێرانکردووە و هەڵبژاردن نەکات؛ وڵاتێک نامێنێت ئەو سەرۆکایەتی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ