دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکا: ترەمپ ئامادەنییە گەرەنتی ئەمنی بداتە ئۆکراینا

20-03-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا
ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ ئامادە نییە بەرپرسیاریێتیی پاراستنی ئۆکراینا بگرێتە ئەستۆ، تەنیا خوازیارە زۆرترین کاریگەری لەسەر ئابووری و وزەی ئۆکراینا هەبێت، لەبارەی ئێرانیشەوە دەڵێت، تارانی گومانی لە نیازی راستەقینەی ترەمپ هەیە. 
 
ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا و هاوئاهەنگیکاری دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد ئاماژەی بە خواستەکانی ترەمپ لە ئۆکراینا کرد و گوتی: "باوەڕم نییە کە دۆناڵد ترەمپ پلانێکی دیارکراوی هەبێت، جگە لەوەی کە دەیەوێ سوود لە ئۆکراینا وەربگرێت، ئەوەی ترەمپ بەردەوام قسەی لەسەر دەکات ئەوەیە کە بەشێکی زیاتری ئۆکراینای دەستبکەوێت و خاوەنداریێتی سەرچاوەکانی وزە بکات." 
 
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤولودیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا بە تەلەفۆن قسەیان کرد، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ترەمپ لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"، رایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆک زیلینسکیی ئۆکرانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم کرد، کە زۆر باش بوو، نزیکەی یەک کاژێری خایاند. زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر ئەو پەیوەندییەی دوێنێ لەگەڵ سەرۆک پووتین بوو." 
 
ڤێنسنت کۆمپاس دەڵێت: "هەموو ئاماژەکانی ترەمپ ئەوەن کە ئەمریکا نایەوێ راستەوخۆ گەرەنتی ئاسایش و ئەمنییەتی ئۆکراینا بگرێتە ئەستۆ، ترەمپ بەردەوام باسی خاوەنداریێتی سەرچاوەکانی وزە دەکات و کەمتر باسی گەرەنتی ئەمنی دەکات، ئەمە کێشە و بۆشاییەکی گەورەیە و کورتبینییە." 
 
لە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ڤولودیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رەتیکردەوە، ترەمپ هیچ گوشارێکی کردبێت تاوەکو سازش بۆ رووسیا بکات و گوتی: "من ئەمڕۆ رووبەڕووی هیچ گوشارێک نەبووم."
 
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە باسی لە بژارەکانی رووسیا بۆ ئۆکراینا کرد و گوتی، "پووتین بژارەی زۆری لەبەردەستە، پووتین دەخوازێت ئۆکراینا هیچ هەڵوێستی نەبێت، بە بڕوای پووتین ئۆکراینا دەسەڵاتی بەسەر بەشێکی زۆری ئابوورییەکەی لەدەستداوە و دەکرێت ببەخشرێتە ئەمریکا." 
 
ڤینسنت کۆمپاس هۆشداری لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەدات و دەڵێت، "ترەمپ خەریکە تەواوی شەڕی ئۆکراینا و رووداوە پەیوەندیدارەکانی لەدەستبدات." 
 
لەبارەی نامەکەی ترەمپ بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستنیشانکردنی دوو مانگ بۆ رێککەوتن ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە کە ماوەیەک لە عێراق کاریکردووە گوتی: "کاتێک باسی ترەمپ دەکەین زۆر ئەستەمە بزانین ئامانج و نیازی چییە، یاخود چ کاتێکی دیاریکراوەی لە خەیاڵدایە بۆ دانوستاندن، بەردەوام هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت، ئەوەی ترەمپ لە ئێرانی داوا دەکات لە دانوستاندن ناچێت، بەڵکو جۆرێکە لەو سیاسەتەی کە کۆمارییەکان بەردەوام پەیڕەویان کردووە، راستییەکەی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ بەرژەوەندییەک نابینن لە بەردەوامبوونی دانوستاندن لەگەڵ ئێران، ترەمپ دەستپێشخەری کردووە، بەڵام تاران نیگەرانی و گومانی لە نیازی راستەقینەی ترەمپ هەیە."
 
بەپێی ماڵپەڕی ئەکسیوسی ئەمریکی، ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی دوو مانگی دەستنیشانکردووە بۆ رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی تاران ئەگەرنا ئێران رووبەڕووی گوشاری ئابووری و سەربازی دەبێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز. وێنە: ئەرشیڤ/AFP

زیادبوونی پەڕینەوەی کۆچبەران؛ لە دوو هەفتەدا 3000 کەس گەیشتوونەتە بەریتانیا

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەهاردا، پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیاش یەکجار زۆر زیادی کردووە. لە دوو هەفتەی رابردوودا زۆرتر لە 3000 کەس بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیوونەتەوە و زۆرتر لە 200 کەسیش لە خنکان رزگار کراون