رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پارێزەر و راوێژکارە بە رەچەڵەک عێراقییەکەی وەکو داواکاری گشتیی ویلایەتی نیوجێرزی دەستنیشان کرد.
ئەلینا حەبە لە ویلایەتی نیوجێرزیی ئەمریکا لەدایکبووە، دایک و باوکی کریستیانن و لە بنەڕەتدا خەڵکی عێراقن، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەترسی چەوساندنەوە عێراقیان جێهێشت و چوونە ئەمریکا.
خانمە پارێزەرەکە بە ئامادەبوونی ترەمپ، ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سپی سوێندی یاسایی خوارد و گوتی، کار بۆ نەهێشتنی تاوان لە ویلایەتەکەی دەکات.
ئەلینا راوێژکاری کۆشکی سپی بوو، پێش ئەوەش پارێزەری ترەمپ بوو و لە چەندین دۆسیەی ئاڵۆزی یاساییدا لە سزای بەندکردن رزگاری کرد.
ئەلینا دوای سوێندخواردنی یاسایی گوتی، ئەگەر بەهۆی ترەمپەوە نەبووایە، "ئەمڕۆ لێرە نەدەبووم."
خانمە تەمەن 41 ساڵانەکە رایگەیاند، "وەک ئەمریکییەکی نەوەی یەکەم، کە دایک و باوکم بە شێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە ئێرە، هەرگیز بە کەم سەیری ئەوە ناکەم کە هەر خەونێکم هەبووبێت، بەهۆی ئەم ئیدارەیە و سەرۆک ترەمپەوە بە زیادەوە بەدەستم هێناوە."
ئەلینا هەروەها بە ترەمپی گوت، وەک داواکاری گشتیی نیوجێرزی، "کارێکی باش دەکەم، پاکی دەکەمەوە و نیوجێرزی مەزن دەکەمەوە."
خانمە پارێزەرەکە، 25ـی ئاداری 1984 لەدایکبووە. باوکی ئەلینا پزیشکی نەشتەرگەری کۆئەندامی هەرسە و دکتۆر سەعد حەبەیە.
ئەلینا لە ساڵی 2005 لە زانکۆی لیهای لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان بەدەستهێناوە؛ هەر لە پێنسلڤانیا و لە ساڵی 2010، دکتۆرای لە بواری یاسادا بەدەستهێناوە.
پەیوەندیی نێوان ترەمپ و ئەلینا بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک خانمە پارێزەرەکە لە سکاڵاکردن دژی هیلاری کلینتن، هەروەها لە تانەدان لە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی نیویۆرک لە کاروباری ترەمپ و بەرگریکردن لێی دژی سکاڵایەکی دیکەی خوشکەزایەکی، رۆڵێکی بەرچاوی بینی.
وێڕای ئەوەی ترەمپ لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئەو دۆسیانەدا ژمارەیەک پارێزەری گۆڕی، ئەلینا حەبەی لە تیمەکەی هێشتەوە.
میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئەلینا یەکێکە لە متمانەپێکراوترین پارێزەرەکانی ترەمپ.
لە ساڵی 2019 ئەلینا بووەتە ئەندامی یانەیەکی گۆڵفی ترەمپ لە بێدمنیستەر لە ویلایەتی نیوجێرزی.
هەروەها کۆمپانیایەکی هەیە کە لە پێنج پارێزەر پێکهاتووە و لە نیوجێرزی و مانهاتن نووسینگەی هەیە و زیاتر لە بواری کەرتی خانووبەرەدا کاردەکات.
ئەلینا ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەن سێ منداڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ