رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو لە دوو رووداوی جیاوازدا دوو گەنجی دیاسپۆرانشین گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان گەنجێک بوو لە ئەڵمانیا، لە شاری پفورزهایمی ویلایەتی بادن ڤورتمبێرگ. گەنجێک بەناوی (عەلا حێ.) کە خەڵکی کۆمەڵگەی خانکێ لە پارێزگای دهۆک بوو، بەهۆی سەختیی دۆخی ژیانی و نائومێدبوونی لە مانەوەی لە ئەڵمانیا کۆتایی بە ژیانی هێنا.
هەر هەفتەی رابردوو لە بەریتانیا گەنجێکی دیکە، کە 8 ساڵ بوو چووبووە ئەورووپا، لاشەکەی لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر دۆزرایەوە.
قسەی زۆر هەیە لەسەر ناسنامەی ئەو گەنجە. دەگوترێت دایک و باوکی لە ئەڵمانیا بوون و دیپۆرت کراونەتەوە بۆ کوردستان؛ ئەو گەنجەش بە تەنیا بووە لە بەریتانیا.
سەید هەورامی زوو زوو دۆسێی ئەو گەنجانە بڵاودەکاتەوە کە دۆخیان خراپە یان خراپ بووە و داوای هاوکاری دەکەن.
هێمن عەبدوڵڵا لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەید هەورامی، بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا کردووە:
رووداو: بەڕێز سەید هەورامی، دەمەوێت خۆت ئەم کەیسەمان بۆ باس بکەیت، ئەو گەنجەی هەولێر کە دەڵێن خەڵکی هەولێرە و هەشت ساڵ بووە لە ئەورووپا، بۆچی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە؟ وردەکارییەکەی چییە؟ وابزانم لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێکانیشی لە بەریتانیا قسەت کردووە.
سەید هەورامی: بەداخەوە کە ئەم هەواڵانە نوێ نین و لە ئەورووپا گەنجەکان بەم شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن. ئەم نموونانەمان لە ساڵی پار و ساڵانی رابردووشدا هەبوون، و هیوا دەخوازین نەیبیستینەوە و دووبارە نەبێتەوە. دیارە ئەم گەنجە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2018، روو دەکاتە ئەورووپا لە وڵاتی سربیا، لەوێ لەگەڵ خێزانەکەی دادەبڕێت، ئەم گەنجە لەگەڵ خانەوادەکەی دادەبڕێت، باوک و دایکی و براکانی روو دەکەنە وڵاتی ئەڵمانیا، ئەو لە سربیا دەمێنێتەوە، پاشان شتەکە زۆر درێژ ناکەینەوە، بە چەند هەوڵێک نەیتوانیوە، ئەگەرچی دەیتوانی بگاتە وڵاتی سویسرا و ماوەیەکی زۆر لە سویسرا دەمێنێتەوە، دواتر رەتدەکرێتەوە، دووبارە خۆی دەگەیەنێتە ئەڵمانیا، بە گوتەی باوکی پێنج مانگ لە ئەڵمانیا دەمێنێتەوە، ئەڵمانیا دیپۆرتی سویسرای کردووەتەوە. بۆیە بژاردەی تێدا نەماوە و خۆی گەیاندووەتە وڵاتی بەریتانیا، کە هاتووەتە ئێرە بە خۆشحاڵییەوە وەڵامی ئەرێنییان پێداوە، واتە مافی مانەوەی وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەم کارەساتەی بەسەر خۆی هێناوە مافی مانەوەی وەرگرتبوو و هیچ هۆکارێکی دیار نییە بۆچی وای کردووە، من قسەم لەگەڵ هاوڕێکانی کردووە لەو شوێنەی کە چەند مانگێک پێشتر کاری تێدا کردووە. کەسێکی گۆشەگیر بووە وەکو باسی دەکەن، کەسێک بووە ئێواران کتێبی فەلسەفی خوێندووەتەوە، بەڵام نەمانزانی ناوەڕۆکەکەی چی بووە و باسی چی کردووە. بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی کتێب بووە، پاشانیش لەم کۆتاییانە زۆر بێکار بووە، تەنانەت لەم رۆژانەی پێش ئەوەی ئەم کارە بکات، ڕۆیشتووە خۆی فێری کاری دەلاکی (سەرتاشی) دەکرد. بۆ ئەوەی بتوانێت لەوێوە چانسی کارکردنی بەدەست بهێنێت، چونکە چانسی کارکردن لەو وڵاتە رێگەیەکی ئاسانترە بۆ ئەوەی بتوانێت کار بدۆزێتەوە. کارەکانی بواری دەلاکی زیاتر بەردەست بوون، بەڵام ئەم گەنجە نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت، کۆتا جار بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە من بەدەستم گەیشتوون، کە بڕیارە بچمە شارەکەی خۆی کە ئەو تاوانەی لێ روویداوە لەنێوان بۆرنمۆس و بریستۆڵ، لە قەزایەکی بچووکی ئەو ناوە ئەم کارەساتەی بەسەر هاتووە. وەکو لە هەندێک پێگە بڵاوکراوەتەوە گوایە لە شوێنێکەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە، ئەوەی خۆ هەڵدانە خوارەوە و کەیسێکی خۆکوژی ئەوە راستە. ئەم گەنجە کە ناوی مەحموود عەبدولقادرە خۆی فڕێداوەتە سەر هێڵی شەمەندەفەر و خۆی کردووەتە ژێر شەمەندەفەرەکەوە. بەداخەوە گەنجێکی پێشوو بە هەمان شێوە لەسەر چیا خۆی هەڵدابووە خوارەوە.
رووداو: ئەوەیش کوردە کاک سەید؟ ئەوەی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە؟
سەید هەورامی: کوردی باکوورە، بەڵێ خەڵکی باکوورە.
رووداو: باشە زۆر جار ئەو نامانەم بۆ دەنێرن، بۆ هێڵی گەرمی دیاسپۆرا، قسەت لەگەڵ زۆریان کردووە لەو گەنجانە، باسی چی دەکەن؟ بۆچی دەگەنە ئەو قۆناخەی کە کارێکی هێندە قورس و خراپ بکەن و دەستیان بچێتە ژیانی خۆیان؟ ئەگەر بە کورتی بتوانیت پێم بڵێیت.
سەید هەورامی: بەریتانیا و ئەورووپا تۆپ ئامانجی ئەو گەنجەیە کە لە ژیانیدا دەیەوێت بگاتە ئەو شوێنە و هەموو ئامانجەکان و ئاواتەکانی دەستەبەر بکات. بەڵام کە دێتە ئێرە بەو شێوە نییە و بەو شێوە بۆی دەرناچێت، بەو خەیاڵە نییە کە ئەو پێشبینیی کردووە، کە لە کوردستانەوە دێتە ئێرە تەحەمول ناکات، چونکە راستی ئەم نەوەیە لەگەڵ نەوەکانی رابردوو، ئەوانەی وەکو ئێمە زۆر جیاوازن، چونکە تاوەکو رادەیەک گەرم و سەرمای زۆریان نەبینیوە. لە رابردوودا رەوشی کوردستان زۆر ناڕەحەت بوو، خەڵک دەهاتنە ئێرە ئەگەر ئەوەندەی تریش دۆخەکە خراپ بووایە ئاوڕیان نەدەدایەوە، لێرە خەریکی ژیان و کارکردن دەبوون، بە هەر شێوەیەک بووایە خۆیان رادەگرت، ئێستا گەنج بەو شێوەیە نییە، هەموو کەس پێویستی بە ئەورووپا نییە، بۆیە ئەو کەسانەی پێویستیان بە چارەسەری ئەورووپا نییە، چارەسەرەکە ستایلی ژیانیان تێکدەدات. تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن و خودا نەکات بەرەو رەفتاری خراپ هەنگاو دەنێن.
رووداو: دەمەوێت لەسەر ئەو بابەتە یەک شت بڵێم، ئەوانەی کە بەتایبەتی لە بەریتانیا، لێرە لە ئەورووپا، لە ئەمریکا، لە شوێنەکانی دیکە، هێڵی گەرم هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دۆخی ژیانیان وای لێدێت و لە مێشکی خۆیاندا بیر لەو تاوانە دەکەنەوە. چونکە لەڕووی ئایینییەوە ئەو تاوانە، لە هەموو روویەکەوە کۆتایی هێنان بە ژیانی خەڵک و هی خۆشت تاوانە.
کاتێک دەگەنە ئەو قۆناخە هێڵی گەرم هەن کە یارمەتیتان دەدەن. یارمەتیتان دەدەن بەوەی کە تێڕوانینێکی نوێتان هەبێت و تێبگەن کە چۆن دەتوانن کێشەکانتان چارەسەر بکەن و ئەو گوشارە گەورەیەی کە لەسەرتانە نەهێڵن. لە بەریتانیا هێڵی گەرمی ئێن ئێچ ئێس هەیە، ژمارەکەی سەد و یازدەیە، پەیوەندییان پێوە بکەن و دەتوانن زۆر سوودی لێ وەربگرن. هەروەها دامەزراوەیەکیش هەیە بە ناوی ساماریتانس، ئەمانە بە فەرمی لە ماڵپەڕی دامەزراوەی تەندروستیی بەریتانیادا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەکانیان 116 و 123یە. من سەیری ماڵپەڕەکانیشم کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ