رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، یەکەم پەیوەندیی "بەرهەمدار"ی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئەنجام داوە، ئەوەش دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر باج و بانگەشە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ لکاندنی کەنەدا بە خاکی وڵاتەکەیەوە.
رۆژی هەینی 28-03-2025 ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ترووس سۆشیاڵ'ی خۆی نووسی، "تازە قسەم لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کرد؛ پەیوەندییەکی زۆر بەرهەمدار بوو، لەسەر زۆر شت رێککەوتین."
مارک کارنی دوو هەفتەیە وەک سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەستبەکار بووە.
ترەمپ گوتی، ئەوان "دوای هەڵبژاردنی داهاتووی کەنەدا، دەستبەجێ کۆدەبنەوە بۆ کارکردن لەسەر بنەماکانی سیاسەت، بازرگانی و بوارەکانی دیکە؛ ئەوەش بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا زۆر باش دەبێت."
نووسینگەی کارنیش بڵاویکردەوە، هەردوولا "گفتوگۆیەکی زۆر بنیاتنەرانەیان" هەبووە، رێککەوتوون "دوای هەڵبژاردنەکە دانوستاندنی گشتگیر لەبارەی پەیوەندییەکی نوێی ئابووری و ئەمنی دەستپێبکەن."
نووسینگەی کارنی ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بە سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە، ئەگەر واشنتن بڕیاری خۆی تایبەت بە سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای کەنەدیدا جێبەجێ بکات، کەنەداش لە 2ـی نیسانەوە باجی تۆڵەسەندنەوە بەسەر کاڵای ئەمریکیدا دەسەپێنێت.
واشنتن و ئۆتاوا ماوەیەکی درێژە هاوبەشی ئابووریی یەکدین و ئەندامی ناتۆشن. لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کەنەدا ساردوسڕییان تێکەوت.
سەرۆکی ئەمریکا لە چەند مانگی رابردوودا پێداگری ئەوەی کردووە کە کەنەدا دەکاتە 51ـەمین ویلایەتی وڵاتەکەی؛ هەروەها بە سەپاندن و هەڕەشەی باج خستنە سەر وڵاتەکە، توڕەییەکی زۆری لە کەنەدا دروستکردووە.
تەنیا رۆژێک پێش پەیوەندییەکە، کارنی رایگەیاند، هاوکاری و هاوئاهەنگی نزیکی دەیان ساڵەی نێوان ئەمریکا و کەنەدا بەسەرچوو.
کارنی گوتیشی، بەشداری لە گفتوگۆ بازرگانییەکان لەگەڵ واشنتن ناکات تاوەکو ئەو کاتەی سەرۆکی ئەمریکا "رێز" لە کەنەدا دەگرێت، بەتایبەتی بە کۆتایهێنان بە هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ لکاندنی کەنەدا بە ئەمریکاوە.
ئەگەرچی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە تاوەکو رادەیەک گرژییەکانی کەم کردووەتەوە، بەڵام پرسی باج و پێناسە گومرگییەکان هەر ماوە.
ترەمپ دەڵێت، لە 2ـی نیسانەوە 25٪ـی پێناسی گومرگی دەخاتە سەر هەر ئۆتۆمبێلێک کە دەبرێتە نێو ئەمریکا؛ ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی کەنەدا دەبێت، کە پشتیوانی لە نزیکەی 500 هەزار هەلی کار دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە باجی هاوشێوە بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەی باج دەخەنە سەر هەناردەی ئەمریکا بسەپێنێت؛ کەنەداش یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی دەکەوێتە بەر لێشاوی ئەو باجە.
ترەمپ هۆشداری داوەتە کەنەدا کە لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا کارنەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو باجە هاوبەشەی بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەسەر هەموو ئەو کاڵایانە بسەپێندرێت کە هاوردە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ