ژمارەیەک کورد بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی فینلاند

29-03-2025
رووداو @Rudawkurdish
تەوار سالاری
تەوار سالاری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە فینلاند رۆژی 13ی نیسان، واتە 17 رۆژی دیکە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکانی دیکە بەڕێوەدەچن؛ بەڵام لە هەفتەی داهاتووەوە خەڵک دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بکەن.
 
ئەوانەیش کە هاووڵاتیی فینلاندن و ئەوکات لەنێو وڵات نین، دەتوانن لە هەفتەی داهاتووەوە دەنگ بدەن. لەو هەڵبژاردنانەدا ژمارەیەک کوردی دیاسپۆرانشین بەربژێرن، یەکێکیان تەوار سالارییە.
 
تەوار سالاری لە باشووری کوردستان لەدایکبووە، بەڵام ئێستا لە فینلاندا دەژی و لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان لە شاری تورکوو خۆی بەربژێر کردووە بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەو شارە؛ خەڵک لە هەفتەی داهاتوودا دەتوانن دەنگی پێبدەن. ئەوانەش کە بە گەشت لە فینلاند چوونەتە دەرەوە، ئەوانیش هەفتەی داهاتوو دەتوانن دەنگی پێبدەن.
 
گفتوگۆی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ تەوار سالاری:
 
رووداو: تەوار خان، پیشەت مامانییە، وەکو پەرستار لە فینلاندا کار دەکەیت، ژیانێکی سەقامگیرت هەیە و بڕیارت داوە بچێتە نێو سیاسەت. دەمەوێت بزانم بۆچی پێتان گرنگ بوو کە لەوێ لە فینلاندا بچنە نێو سیاسەت؟
 
تەوار سالاری: بەڵێ، جارێ سەرەتا دەمەوێت سپاسی ئێوە بکەم کە بانگهێشتتان کردووم بۆ ئەم بەرنامە جوانەی ئێوە و سڵاو و رێزیشم هەیە بۆ هەموو بینەران. پێشەکی دەبێت باسی ئەوە بکەم کە رەنگە کوردییەکەی من هەندێک کەموکوڕیی تێدا بێت، بۆیە لێم ببوورن. من لە دوو ساڵانەوە لە فینلاند گەورە بووم، بەڵام من پێش ئەوەی بڕۆمە ناو سیاسەتەوە، لە زۆرێک لە رێکخراوەکانی گەنجان بووم، لە رێکخراوەکانی پەنابەری و مافی مرۆڤدا بووم. لەوێ هەستم پێدەکرد کە لەناو سیاسەتدا خەڵکی وەکو ئێمەیان پێویستە. زۆر جار لە بڕیارەکان کە دەدەن، بۆ نموونە خەڵکی وەکو ئێمەیان لەبیر دەچێت و لەو بڕیاردەرانەدا بەڕاستی شێوە، قسە، یان دەنگی ئێمەی تێدا نییە، بۆیە منیش زۆر بە تووندی ئێستا دەستم پێکردووە بە چوونە ناو سیاسەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەخوێنم، کە لێرەدا باس نەکرا، لە بواری تەندروستیدا ماستەرەکەم تەواو دەکەم بەم زووانە، بەڵام ئاوا بیرم کردووەتەوە کە لەم وڵاتە و نەوەی نوێدا پەرەی پێ بدەم، کە ئەوانیش هەمان دەرفەتی وەکو منیان هەبێت لەم وڵاتەدا.
 
رووداو: باشە، سۆسیال دێموکراتەکانت هەڵبژاردووە، دەتەوێت لە نێو ئەواندا خزمەتی خەڵک بکەیت لە فینلاند. بۆچی سۆسیال دێموکراتەکان گونجاوترن لەوانەی دیکە بۆ ئیشکردن لە ڕووی سیاسییەوە، بەتایبەتی بۆ خانمێکی چالاکی وەکو بەڕێزت؟
 
تەوار سالاری: سۆسیال دێموکراتەکان لە سەرەتاوە زۆر کاریان کردووە بۆ یەکسانی، زۆر کاریان کردووە بۆ ئەوەی کە دادپەروەرییەکی تەواو هەبێت بۆ هەموو لایەک، منیش کەسێکم کە زۆرم کار بۆی کردووە لە دەرەوەی سیاسەتیشەوە، بۆیە ئاسانی کردووە کە دەنگی من لەناو ئەواندا بێت و دەنگی ئەوانیش دەنگی من هێندەی دیکە بەهێزتر دەکات.
 
رووداو: لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ لە ماڵباتێکی پێشمەرگە هاتوویت، لە باشووری کوردستان لە دایکبوویت، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەو رابردووە سیاسییە چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر ئەوەی کە لە فینلاند بیر لە چوونە نێو سیاسەت بکەیتەوە؟
 
تەوار سالاری: بێگومان، من کە بۆ خۆم وەکو بیانییەک لێرە گەورە بووم، زۆرێک لەو شتانە کە بیانییەکان لێرە پێیدا تێدەپەڕن، منیش تووشیان بووم. وەکو کوردێکیش هەستم بە زۆر شت کردووە، بۆ نموونە زۆر جار مافی کوردان لە زۆر شوێن پێشێل دەکرێت، ئێستاش هەموو کوردێک ئەوە دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا، من زۆر کارم کردووە بۆ خەڵکی کورد و بۆ دەنگی کورد. بۆ نموونە، کاتێک لە ئێران ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستانی ئێرانەوە دەستی پێکرد - ژن، ژیان، ئازادی، کە بەداخەوە لە دوای مردنی ژینا دەستی پێکرد، من چوومە ناو پەرلەمانی ئەورووپا و زۆر قسەم کرد لەگەڵ زۆربەی پەرلەمانتارەکان و هەتا چوومە ناو کۆمیسیۆنیش، ئەو قسانەم بردە پێشەوە کە دەبێت کارێک بکەین بۆ خەڵکی کورد، بۆ یەکسانی. ئەو دەنگەی کە لەوێ ئێستا دەستی پێکردووە، دەبێت بە تووندی دەستی پێوە بگرین و پاڵپشتی بین.
 
رووداو: زۆر باشە، لە شاری تورکوو خۆت بەربژێر کردووە. کوردیش لەوێ هەن. چیت هەیە بۆ کوردەکانی ئەوێ؟ بۆچی دەبێت دەنگت بدەنێ و چۆنیش دەتوانن یارمەتیت بدەن؟
 
تەوار سالاری: بەڵێ، ئێمە ئێستا حکومەتێکمان لەسەر کارە کە پارەیەکی زۆر دەبڕێت لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و لە خوێندنی منداڵان. من بە هەموو شێوەیەک رێگری لەو شتانە دەکەم لە رێگای سۆسیال دێموکراتەکانەوە، ئەگەر ئەوان کێشەیان هەیە، خەڵکی کورد لێرە دەیانەوێت کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بەردەوام بن، رێگری لە منداڵەکانیان نەگیرێت وەکو بیانییەک، رێگری لە چوونیان بۆ قوتابخانە و ئەوانە لێیان نەگیرێت با دەنگم پێبدەن.
 
رووداو: زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لووتکەی ئاسایشی سنوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی. وێنە: Reuters

بەریتانیا بە ناونیشانی "جارێک بۆ هەمیشە" رووبەڕووی کۆچبەران دەبێتەوە

حکومەتی بەریتانیا بە بەشداری ژمارەیەک وڵات لووتکەیەک بۆ رێگری لە کۆچبەران بەڕێوەدەبات. لەو لووتکەیەدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەیان دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە بەرە بەرە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە زیاد دەکات و تووڕەیی خەڵکی وڵاتەکەش لەو پرسە زیاد دەبێت.