رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەهاردا، پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیاش یەکجار زۆر زیادی کردووە. لە دوو هەفتەی رابردوودا زۆرتر لە 3000 کەس بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیوونەتەوە و زۆرتر لە 200 کەسیش لە خنکان رزگار کراون.
هەرچەندە تەنانەت لەکاتی سەرما و سۆڵەی زستانیش پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە، واتە لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا، بە بەلەمی بچووک نەوەستابوو، بەڵام دوو هەفتەیە زۆر زیادی کردووە.
تەنیا ئەم هەفتەیە، 1722 کۆچبەر بە 48 بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا؛ ئەمەش بەپێی ئەو داتایەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە.
زۆرترین ژمارەی کۆچبەران، پێرێ، واتە رۆژی چوارشەممە پەڕیوونەتەوە، کە 357 کەس بوون و بە 6 بەلەم پەڕیوونەتەوە؛ کەمترینیش رۆژی دووشەممە بووە، کە 73 کۆچبەر بوون و بە یەک بەلەم پەڕیوونەتەوە.
هەفتەی پێشتریش 1400 کۆچبەر پەڕیوونەتەوە؛ بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی فەرەنساش، رۆژانی هەینی و شەممەی رابردوو، 225 کۆچبەر لە خنکان رزگار کراون. کۆی گشتیی ئەوانەی لە سێ مانگی یەکەمی 2025 پەڕیوونەتەوە، نزیکەی 6500 کۆچبەرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ