دەوڵەمەندترین ژنی جیهان 4 ملیار دۆلاری بەخشییە رێکخراوە خێرخوازییەکان

16-12-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن ملیاردێرەکانی جیهان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماكێنزی سكۆت، هاوژینی پێشووی جێف بێزۆس خاوەنی ئەمازۆن، کە سامانەکەی بە 60.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت رایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی پێشوو زیاتر لە 4 ملیار دۆلاری بۆ کاری خێرخوازیی بەخشیوە.
 
ماکێنزی کە دەوڵەمەندترین ژن و هەژدەیەمین ملیاردێری جیهانە لەرێگەی بلۆگەکەیەوە رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوو 4،158،500،000 دۆلاری وەک دیاریی بەخشیوەتە 380 رێکخراو لە هەر 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا بە واشتنتی پایتەختیشەوە، وەک بانکی خۆراک، و سندووقە خێرخوازییەکان بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت.
 
ماكێنزی سكۆت کە لە ساڵی رابردوو سامانەکەی 23 ملیار دۆلار زیادیی کردووە لەبارەی کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر ژیانی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەڵێت "پەتای کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی بە دەست نەبوونییەوە دەناڵێنن وێرانکەربوو. زیانە ئابووری و تەندروستییەکان زەرەری زیاتری بۆ ژنان و خەڵکی هەژار بووە، لە هەمانکاتیشدا سامانی ملیاردێرەکان لە ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی دەکرد."
 
ماكێنزی سكۆت ساڵی 1970 لە ئەمریکا لەدایکبووە، دوای جیابوونەوەی لە جێف بێزۆس، خاوەنی ئەمازۆن، بووەتە دەوڵەمەندترین ئافرەتی جیهان. ماکێنزی دوای جیابوونەوەی لە جێف بێزۆس لە ساڵی رابردوو بەڵێنی دا نیوەی سامانەکەی بە کۆمەڵگە خێرخوازییەکان ببەخشێت. ئەو دەڵێت"من سامانم هەیە بۆ ئەوەی هاوبەشی بکەم ".
 
لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ ماکێنزی بڕی 1.7 ملیار دۆلاری دایە 116 رێکخراو کە پاڵپشتیی زانکۆ و پەیمانگەکان دەکەن. جێف بیزۆس ستایشی ئەو کارە خێرخوازییانەی هاوسەری پێشووی دەکات و لەو کاتەدا گوتی: "ماکێنزی  لە چاکەکاریدا کاری باش دەکات... شانازی پێوە دەکەم"
 
ئەگەرچی کۆرۆنا زیانێکی زۆری بە ئابووری جیهان گەیاند، بەڵام بەشێکی زۆر لە دەوڵەمەندانی جیهان بەهۆی فرۆشتنی ئۆنلاینەوە سامانەکەیان زیاتر بوو و ئەوەش وایکرد کارە خێرخوازییەکانیان زیاتر بێت.
 
لەساڵی 2020 تەنیا ماکێنزی سکۆت نەبوو کە بڕێک لە سامانەکەی بەخشی. جێف بێزۆس هاوسەری پێشووی ماکێنزی و خاوەنی ئامازۆن، ئەمساڵ 10 ملیار دۆلاری بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا تەرخانکرد، بیزۆس لە ساڵی رابردوو سەرمایەکەی 70 ملیار دۆلار زیادیکرد.
 
دەوڵەمەندانی دیکەش لە کارە خێرخوازییەکان بەشداربوون، جاک دۆرسی، دامەزرێنەری تویتەر یەک ملیار دۆلاری بۆ هەنگاوەکانی دژی کۆرۆنا بەخشی. میلاندا و بیل گەیتس دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت 305 ملیۆن دۆلاریان تەرخانکرد بۆ لێکۆڵینەوەکانی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا.
 
پریسیلاچان و مارک زۆکێربێرگ، خاوەنی فەیسبووک، 300 ملیۆن دۆلاریان بۆ هەنگاوەکانی پارێزگاریی لە هەڵبژاردنی ئەمریکا بەخشی. هەروەها مایکڵ جۆردان، ئەستێرەی باسکەی ئەمریکا 100 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی کە لەلایەن نێتفلیکسەوە بەرهەمهاتووە، بەخشییە بزووتنەوەی رەشپێستەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە