کۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت

15-11-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
کۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئەبوزەبی، وێنە: رووداو
کۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئەبوزەبی، وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە درووشمی "دیاریکردنی ئاییندەی پیشەسازیی میدیا"، کۆنگرەی جیهانیی میدیا لە شاری ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات رۆژی سێشەممە دەستیپێکرد و تاوەکو هەینی بەردەوام دەبێت. تۆڕی میدیایی رووداو وەکو تاکە دەزگای میدیایی کوردستان لە کۆنگرەکەدا بەشدارە. 
 
هەزار و 200 کەسایەتیی پێشەنگی بواری میدیا و تەکنەلۆجیای زانیاری لە سەرانسەری جیهانەوە چوون بۆئەوەی ئامادەی 30 پانێڵ و وۆرکشۆپ بن کە 162 کەسایەتیی دیاری جیهان تێیاندا قسەدەکەن.
 
عەلی یوسف سەعەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی گەیاندن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیمارات دەڵێت: "ئێمە لە بواری میدیادا رووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری دەبینەوە. ئەم کۆنگرەیە بۆ ئەوەیە لە رێگەی قسەکردن لەگەڵ یەکدی ئەو کێشانە چارەسەربکەین؛ بۆ ئەوەیە بتوانین بەربەستەکان بشكێنین و میدیا بە زیندوویی بهێڵینەوە."
 
سەعەد ئاماژە بەوە دەکات، دیجیتاڵ میدیا دیاردەیەکی نوێیە و کۆنگرەکە شوێنێکی باش دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەری. رۆژنامەڤان، دامەزراوە تەکنەلۆجیەکان، کەسایەتییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پیشەگەرانی بواری بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا میدیاییەکان لە کۆنگرەکەدا بیرۆکەکانیان ئاڵۆگۆڕ دەکەن. 
 
محەممەد جەلال رەیسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵیی ئیماراتی دەڵێت: "کۆنگرەی جیهانیی میدیا ئەمڕۆ بووەتە وێستگەیەک کە هەموو ئەو کەسانەی لە بواری میدیای نێوخۆیی یان نێودەوڵەتییدا کاردەکەن گرنگی پێدەدەن. ئەم بۆنەیە میدیای کۆنباو و سەردەمیانە پێکەوە لە ژێر یەک چەتردا کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن و سیاسەت، ستراتیجی و دیدگەی نوێ بۆ میدیا لە جیهاندا دابنێن." 
 
لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەکەدا کە ئەمە یەکەم ساڵە بەڕێوەدەچێت، باس لە هێزی میدیا لە دروستکردنی گۆڕانکاری، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە بواری میدیا، سوودبینین لە بەهرە و داهێنانی گەنجان بۆ ئاییندەی میدیا و ئاڵنگارییەکانی بەردەم میدیای رۆژنامەڤانی کرا. 
 
جگە لە کۆنفرانس، کۆنگرەکە پێشانگەیەکیش لەخۆدەگرێت کە تێیدا 170 کۆمپانیا و دامەزراوەی میدیایی پێشەنگی جیهانی لە 29 وڵاتەوە بەشدارن بۆ ئەوەی نوێترین تەکنەلۆجیا و داهێنانەکانی بواری میدیا بخەنەڕوو.
 
ئەمیرە محەممەد، میدیاکارێکی بەشداربووی کۆنگرەکەیە و پێیوایە ئەمە "دەرفەتێکی جیهانییە بۆ کۆکردنەوەی بیرمەندەکانی سەرانسەری جیهان بۆ ئەوەی ئاڵنگارییەکان تاوتوێ بکەن و لەم بوارەدا دەرفەت بدۆزنەوە،" دەشڵێت: "زۆر پێویستمان بە داهێنکارییە بۆ ئەوەی گرنگترین تەکنەلۆجیا، گرنگترین وەبەرهێنان و گرنگترین ئاراستەکانی داهاتووی ئەم بوارە بزانین تاوەکو بزانین ئاییندەی میدیا بەرەو کوێ دەڕوات."
 
ئامانج لە کۆنگرەی جیهانیی ئەمساڵی میدیا وردبوونەوەیە لە ئاییندەی میدیا و چۆنیەتیی سوودبینینە لە بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیاکانی پەیوەندی و ژیریی دەستکرد. 
 
"پێویستە میدیای کۆنباو بگۆڕێت"
 
تەوەرێکی سەرەکیی کۆنگرەی جیهانیی میدیا بریتییە چۆنیەتیی گۆڕینی میدیای کۆنباو بە کەڵکوەرگرتن لە نوێترین داهێنانی تەکنەلۆجی. 
 
بە گوێرەی کۆمپانیای  Bain & Companyی ئەمریکی، 80٪ی ئەوانەی سەیری میدیاکان دەکەن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، واتە ئەگەر بتەوێت دەنگت بە کەسێک بگات، ئەوا سەکۆیەک هەیە بتوانی بۆ ئەو مەبەستە بەکاربێنی. 
 
وێڕای ئەوەی ئەو کەس و کۆمپانیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە رەنگە لە رووی ستۆدیۆ و پیشەگەرایەتیی بەرهەمهێنانەوە نەتوانن رکابەرایەتیی لەگەڵ میدیای کۆنباودا بکەن، بەڵام ژمارەیەک کەناڵ بە توانا و کەرەستەی سەرەتاییەوە توانیوانە پێش سەدان دامەزراوەی میدیایی ئەمریکی بکەون. ئەمەش بە گوێرەی Bain & Company پێشانیدەدات مەودای سەرنجی وەرگر فراوان بووە و تەنیا بەو بەرهەمانە رازی نابێت کە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە بەرهەمدەهێندرێن. 
 
ئەمە ئەو پەیامەیە کە کۆنگرەی میدیایی جیهانی دەیەوێت بیگەیێنێت کە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار و سیاسەتدانەرانی بواری میدیا لەگەڵ یەک کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی دروستبکەن و بیرۆکەکانیان ئاڵۆگۆڕ بکەن. 
 
تەوەری پانێل و گفتوگۆکانی کۆنگرەکە پێشانیدەدەن کە جگە لە گۆڕان، هیچ رێگەیەک لە بەردەم میدیای کۆنباو نییە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا، پێشبینییەکانی وەرگر زیادبوون، میدیای کۆنباو چیدیکە تاکە سەرچاوەی رازیکردنی خواستی وەرگر نییە. 
 
لە کارنامەی کۆنگرەکەدا باس لەوە کراوە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا جیهان پێیاندا دەربازبووە، لەوانەش کۆرۆنا، وایکردووە بەکارهێنانی دیجیتاڵ میدیا زیادبێت.
 
کۆنگرەکە دەیەوێت پێشانی بدات کە رۆژنامەڤانانی گەنج دەتوانن بە بەکارهێنانی دیجیتاڵ میدیا دەنگیان بگەیێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.