ترەمپ پێشکێشکارێکی فۆکس نیووز دەکاتە وەزیری بەرگری

13-11-2024
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، پیت هێگسیس، پێشکێشکاری کەناڵی فۆکس نیووزی بە وەزیری بەرگریی کابینە نوێیەکەی دەستنیشان کرد. پیت بە داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئیسرائیل ناسراوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 12-11-2024 دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "پیت کەسێکی تووند، زیرەک و باوەڕدارێکی راستەقینەیە بەوەی سیاسەتی ئەمریکا یەکەمە. لەگەڵ پیت، دووژمنەکانی ئەمریکا لە ئامادەییدا دا دەبن، سوپاکەمان دووبارە زۆر باش دەبێتەوە و ئەمریکا هەرگیز پاشەکشە ناکات." 
 
پیت هێگسیس، گلەیی زۆری لە سوپای وڵاتەکە و شێوازی کارکردنی هەیە. 
 
هێگسیس سەرەتای ئەم مانگە لە پۆدکاستێکدا لە کەناڵەکەی گوتبووی "گەمژەترین دەستەواژە لەسەر زەوی لەبواری سەربازیدا؛ هەمەچەشنیی سوپای ئێمەیە." 
 
لە هەمان پۆدکاستدا پیت رایگەیاند، یەکەم کاری وەکو وەزیری بەرگری وڵاتەکەی، دەرکردنی جێن براون، ئەفسەری باڵای سوپا دەبێت و، ئەوی بە دروستکردنی "جیاکاری" لەنێو سوپای وڵاتەکە تۆمەتبار کرد.
 
پیت هێگسیس ئەگەر وەکو وەزیر لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە پەسند بکرێت، وەک خۆی دەڵێ یەکەم کاری بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی ترەمپە، لەکاتی هەڵبژاردن دا، ئەویش ''دەرکردنی ئەو جەنەراڵانەیە" کە ترەمپیان بە سیاسەتی هەڵە لەبواری سەربازی تۆمەتبار کرد. 
 
دوای ناساندی پیت هێگسیس، وەک وەزیری بەرگریی لەلایەن ترەمپەوە، دیموکراتەکان هەر زوو رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت. لە بەرامبەردا کۆمارییەکان گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکرد. 
 
مایک جانسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران (کۆمارییە) گوتی، "پیت هێگسیس شتی نوێ دەکات و، چاکسازی لەو بوارانە دەکات کە پێویستیان بە چاکسازییە. " 
 
دیموکراتەکان دەڵێن، هێگسیس شایستەی ئەو پۆستە نییە و ئەزموونی لە "سیاسەتی نێودەوڵەتیدا" نییە. 
 
ئادەم سمیس، نوێنەری دیموکراتەکان و ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازیی لە ئەنجوومەنی نوینەران گوتی، "کاری وەزیری بەرگری، نابێت لە ئاستێکی سەرەتایی دا بێت." 
 
ئادەم سمیس هەروەها دەڵێ "راستە ئەو خزمەتی سەربازی هەیە، بەڵام ئەو پۆستە پێویستی بە شارەزاییەکی زۆر زیاترە."
 
پیت هێگسیس بە داکۆکیکاری سەرسەختی ئیسرائیل ناسراوە و بەردەوام دژی چارەسەری دوو دەوڵەت (ئیسرائیل و فەلەستین) وەستاوەتەوە. 
 
لە ئاداری ئەمساڵ دا، هێگسیس لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکەیدا لە کەناڵی فۆکس نیووز میوانداریی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کرد. دوای بەرنامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی "چاوپێکەوتنەکەی ئەمڕۆم لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ ئیسرائیل پێویستی بە پشتیوانی ئێمەیە." 
 
وەزیری بەرگریی دەستنیشانکراوی کابینە نوێیەکەی ترەمپ، بەوە ناسراوە بەردەوام رەخنەی لە هاوپەیمانیی ناتۆ گرتووە و بە لاواز ناوی بردوون چونکە "نەیانتوانیوە سنوورێک بۆ چین دابنێن."  
 
پرۆفایلی پیت هێگسیس:
 
- لە 6 تەمموزی ساڵی 1980 لە ویلایەتی مینیسۆتا لەدایک بووە.
- دوو جار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و جیابووەتەوە. ساڵی 2019 بۆ جاری سێیەم ژیانی هاوژینی پێکهێنا.
- خاوەنی 7 منداڵە. 
- بڕوانامەی ماستەری لە بەشی سیاسەتی گشتیی لە زانکۆی هارڤەرد بەدەستهێناوە. 
- سەربازی کردووە، پێشکەشکار و نووسەرە. 
-  لە عێراق و ئەفغانستان خزمەتی سەربازیی کردووە و پلەی کاپتنی لە پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا هەبووە. 
- لە ساڵی 2012 شکستی هێنا لەوەی پۆستی ببێتە سیناتۆر لە ئەنجوومەنی پیران. 
- لە ساڵی 2014 لە کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی بووە پێشکێشکار. 
- لە ساڵی 2019 داوای لە ترەمپ کرد بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ئەو سەربازە ئەمریکیانە دەربکات، کە بە تاوانی جەنگ سزا دراون. 
- چەندین کتێبی نووسیووە، لەنێویاندا؛ جەنگی جەنگاوەران، کە پڕفرۆشترین کتێبیەتی. 
- لە ساڵی 2020 پشتیوانیی خۆی لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران نیشاندا.
 
ترەمپ لە هەمان رۆژی ناساندنی پیت هێگسیس وەکو وەزیری بەرگریی، رایگەیاند دامەزراوەیێکی نوێی بەناوی (دامەزراوەی کارامەیی) لە کابینەکەی دا دەکاتەوە، ئێلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکسی بە بەڕێوەبەری دامەزراوەکە دیاری کرد.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمبوڵانسێک لە شوێنی رووداوەکە. وێنە: AFP

کەسێکی بە رەچەڵەک سعودی پەیوەندیدار بە رووداوەکەی ئەڵمانیاوە دەستگیرکراوە

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی رووداوەکەی مارگدێبورک لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون گەیشتە 2 کەس و 68 کەسی دیکەش بریندار بوون. پۆلیس تۆمەتبارێکی 50 ساڵی بە رەچەڵەک سعودی دەستگیرکردووە.