وەزیری بەرگریی ئەمریکا زانیاریی نهێنی لە گرووپ چاتێکی دیکە بڵاودەکاتەوە

21-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئەمریکی دەڵێت، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا زانیاریی نهێنی و هەستیاری لەبارەی هێرشی داهاتووی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن لە گرووپ چاتێکی سیگناڵ بڵاوکردووەتەوە، کە لەنێو گرووپ چاتەکە هاوژین، برا و پارێزەرە تایبەتەکەی تێدایە. 
 
مانگی رابردوو، گۆڤاری The Atlantic ئاشکرای کرد، سەرنووسەرەکەی بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپ چاتێکی سیگناڵەوە، کە تێیدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەنێویاندا هێگسەس و مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا باسی هێرشە ئاسمانییەکانیان کردووە پێش ئەوەی لە 15ی بکرێنە سەر یەمەن.
 
ئاشکرابوونی ئەو بابەتە ناڕەزایی لێکەوتەوە و وەک ئابڕووچوونێک بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێکدرایەوە. پشکنەری گشتیی پێنتاگۆن لێکۆڵینەوەی لەدزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان دەستپێکرد کە هێشتا بەردەوامە.
 
رەخنەی زۆر لە وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەگیرێت. سێ ئەندامی پێشووی ستافەکەی کە بە بڕیاری ئەو لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێگسەسیان کرد. گوتەبێژی پێشووی پێنتاگۆنیش رۆژی یەکشەممە داوای لەکارلادانی هێگسەسی کرد. 
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئەو زانیارییانەی هێگسەس لە گرووپ چاتی دووەمدا بڵاویکردوونەتەوە، لەسەر هەمان ئەو هێرشە ئاسمانییانەی 15ی ئادار بوون کە لە گرووپ چاتی یەکەم دزە بە زانیارییەکانی کرابوو.
 
بە گوێرەی رۆژنامەکە، خشتەی کاتی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف 18 کە دەریدەخات لە چ کاتێکدا هێرش دەکەنە سەر حووسییەکان، لە گرووپ چاتی دووەمدا لە لایەن هێگسەوە بڵاوکراوەتەوە.
 
نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات، پێچەوانەی دزەپێکردنی یەکەم کە رۆژنامەڤان جێفری گۆڵدبێرگ بە هەڵە خرابووە نێو گرووپەکە، گرووپ چاتی دووەم لە لایەن هێگسەس خۆیەوە دروستکرابوو. گرووپ چاتی یەکەم لە لایەن واڵتزەوە دروستکرابوو.
 
بە گوێرەی رۆژنامەکە، هێگسەس پێش ئەوەی لە کانوونی دووەم بکرێتە وەزیری بەرگری، گرووپ چاتی دووەمی دروستکردبوو و "هاوژین و زیاتر لە 10 کەسی دیکە"ی نزیک لە هێگسەسی تێدابووە کە هاوڕێ و هاوکارەکانی بوون.
 
جێنیفەری هاوژینی هێگسەس، رۆژنامەڤانە و پێشتر ئامادەکاری هەواڵی کەناڵی فۆکس نیووز بووە. 
 
دوو ئەندامی دیکەی گرووپەکە پێکدێن لە فیڵ، برای هێگسەس و تیم پارلاتۆر، کە ئەوانیش هەردووکیان کارمەندی پێنتاگۆنن.
 
پارلاتۆر لە هەمان کاتدا، هێشتا وەک پارێزەری تایبەتی هێگسەس کاردەکات.
 
لە وەڵامی هەواڵەکەی نیویۆرک تایمزدا، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رۆژنامەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی "رقی لە ترەمپە."
 
ئەو گوتی، "هیچ زانیارییەکی نهێنی لە هیچ چاتێکی سیگناڵدا بڵاونەکراوەتەوە، گرنگ نییە ئەوان هەوڵ دەدەن بە چ شێوەیەک چیرۆکەکە بنووسن."
 
"بێ ویژدانی"
 
ترەمپ بەرپرسیارێتیی دزەپێکردنی زانیارییەکانی یەکەم گرووپ چاتی خستە ئەستۆی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەڵام رەتیکردەوە لەسەر ئەوە هیچ بەرپرسێک لە کارەکەی دووربخاتەوە، بەڵکو زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە گوتەی خۆی، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر حووسییەکان سەرکەوتوو بوون.
 
ئەم هەفتەیە، سێ بەرپرسی هەرە باڵای پێنتاگۆن لە کارەکانیان دەرکران و لە چاوەڕوانیی ئەوەدان لەسەر دزەپێکردنی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
 
دارین سێلنیک، جێگری سەرۆکی دیوانی پێنتاگۆن؛ دان کادوێڵ، راوێژکاری باڵا و کۆڵن کارۆڵ، رۆژی یەکشەممە بە دەرکردنی راگەیێندراوێک هاتنە دەنگ. ئەوان دەڵێن: "بەرپرسانی پێنتاگۆن بە هێرشی بێ بنەما، ناویان زڕاندووین."
 
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "ئێستاشی لەگەڵ بێت، پێمان نەگوتراوە لەسەر چی لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکرێت."
 
ئەوان هەروەها دەڵێن: "ئەگەرچی ئەم ئەزموونە شتێکی بێ ویژدانانەیە، هێشتا پشتیوانی لە هەوڵی ئیدارەی ترەمپ و ڤانس بۆ مەزنکردنەوەی پێنتاگۆن و بەدەستهێنانی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە دەکەین."
 
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی هەواڵ لەسەر دوایین دزەپێکردن بڵاوبووەوە، جۆن ئولیۆت، گوتەبێژی پێشووتری پێنتاگۆن گوتارێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە "مانگێک لە سەرلێشواوی لە نێو پێنتاگۆندا" دەکات.
 
ئولیۆت نووسیویەتی، "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رابردووییەکی باشی لە لێپرسینەوە لە بەرپرسە باڵاکانی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە، زەحمەتە پێشبینی ئەوە بکەین پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری بۆ ماوەیەکی درێژتر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە."
 
دیموکراتەکان هەر زوو ناڕەزایی خۆیان لەبارەی دوایین دەنگۆکان دەربڕی. جاک رید، ئەندامی لیژنەی کاروباری سەربازی لە ئەنجوومەنی پیران داوای لە پشکنەری گشتیی پێنتاگۆن کرد، دەنگۆ نوێیەکانیش بخاتە نێو لێکۆڵینەوەکەی.
 
ریک لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەگەر ئەمە راست بێت، ئەم رووداوە نموونەیەکی دیکەی خراپی کەمتەرخەرمیی نابەرپرسانەی وەزیر هێگسەسە لە بەرامبەر یاسا و پرۆتۆکۆلەکان کە هەر ئەندامێکی هێزە سەربازییەکان پێویستە رەچاویان بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو ئۆتۆمبێلەی رووداوەکەی ناوەتەوە.

لە پایتەختی دانیمارک ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد

لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد و چەند کەسێکی بریندارکرد. پۆلیس دەڵێت، رووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە و شوفێرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.