نێچیرڤان بارزانی دەگاتە پاریس

13-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى له‌سه‌ر بانگهێشتى ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، ده‌گاته‌ پاريس.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "به‌پێى كارنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌، سبه‌ى دووشه‌ممه‌ هه‌ردوو سه‌رۆک، نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن له‌ كۆشكى ئیليزێ، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان تاوتوێ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، بيروڕا ده‌گۆڕنه‌وه‌."
 
دوێنێ شەممە، 12ـی نیسان، کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (ئیلیزێ) رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لە پاریس پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە هەولێر، بەغدا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەی ئیلیزێدا هاتووە: "رۆژی 14ـی نیسانی 2025، سەرۆککۆمار لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی عێراق کۆدەبێتەوە."
 
ئەمە یەکەمین سەردانی ئەم ساڵی نێچیرڤان بارزانییە بۆ پاریس دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی نۆتردام، سەردانی وڵاتە ئەورووپییەکەی کرد. 
 
کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا، "سەرۆککۆمار و سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی باس لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەقامگیریی ناوچەکە و پێکەوەکارکردن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەکەن."
 
ئیلیزێ هەروەها ئاماژە لەوە دەکات، "هەردوو سەرۆک دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن و پابەندبوونی خۆیان بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دووپاتدەکەنەوە."
 
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە کە بە بەشداریی زیاتر لە 80 وڵات لە سووریا و عێراق بەرەنگاری داعش دەبێتەوە. لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا، فەرەنسا نزیکەی 600 سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە، کە بەشی هەرە زۆریان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن. 
 
لەوەتەی ماکرۆن لە ساڵی 2017 بووەتە سەرۆککۆماری فەرەنسا، لانیکەم 7 جار لە پاریس، هەولێر و بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەتەوە. 
 
دوایین سەردانی فەرمی و دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لەسەر بانگهێشتی ماکرۆن و تێیدا باس لە پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەرەنسا کرا. 
 
هاوئاهەنگیی ئابووری، پێکهێنەرێکی دیاری پەیوەندیی نێوان هەولێر و پاریسە. ئەیلوولی پار، بۆ یەکەمین جار "کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا و کوردستان" لە پاریس بەسترا. 
 
کۆمپانیا فەرەنسییەکانی وەک تۆتاڵ ئینێرجی، ویستی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. 
 
رەگی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی کە هەولێر و پاریس بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کە دانیێل میتران، چالاکوانی سیاسی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و هاوژینی فرانسوا میتران، سەرۆککۆماری پێشووتری فەرەنسا، داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکرد، کاتێک لە لایەن حکومەتی بەعسەوە رووبەڕووی چەوسانەوە دەبووەوە.
 
لە هەولێر و سلێمانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی و رێگە و پرد بە ناوی میترانەوە کراون. فەرەنسا لە هەولێر کۆنسووڵخانەی گشتی و هەرێمی کوردستانیش لە پاریس نوێنەرایەتیی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پێشوازی لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە هەولێر

پاپا فرانسیس لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

پاپا فرانسیس تەمەنی 88 ساڵ بوو و بەم دواییانە بەهۆی تووشبوونی بە هەوکردنی سییەکانەوە چەندین رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە و لەگەڵ باشتربوونەوەی دۆخەکەی، بەشداری جەژنی هەستانەوەی کرد.