رووداو دیجیتاڵ
لە پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە پاریس، ستاندی تایبەت بەناوی کوردستانەوە لە تەنیشت ناوی وڵاتانی جیهان دانراوە. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت، کتێبی گرنگیان لەبارەی شۆڕش، مێژووی کورد و جینۆسایدکردنی کورد بە فەرەنسی خستووەتەڕوو.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە پاریس گوتی: "وەکو هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ بۆ یەکەم جارە بەشداری ئەم پێشانگە نێودەوڵەتییە دەکەین لەم جێگە گرنگەدا، کە لە سێ رۆژدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس تێیدا بەشدارییان کردووە".
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە پاریس، 11ـی ئەم مانگە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە کرایەوە.
عەلی دۆڵەمەری گوتی: "پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان مێژوویین، چەندین نووسەر، رۆژنامەنووس و وێنەگر لە ساڵانی شۆڕشی ئەیلوولدا سەردانی بارەگاکانی شۆڕش و مەلا مستەفای رەحمەتییان کردووە و چەندین کتێبیان لەبارەی کوردەوە بە زمانی فەرەنسی نووسیوە، ئێمەش بە گرنگمان زانی ئەو کتێبانەی فەرەنسییەکان یان کورد لە هەرپارچەیەکی کوردستان بە فەرەنسی نووسیویانە لێرە پێشکێشی خوێنەرانی فەرەنسی بکەین".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کتێبەکانەوە دەڵێت، "زۆرینەیان بە زمانی فەرەنسی نووسراون، پێشوازییەکی گەرمیان لێکراوە؛ بەشێکیش هەن بە زمانی ئینگلیزی نووسراون".
دۆڵەمەری ئەوەشی گوت، "رۆژی یەکەم تایبەت کرابوو بە خوێندکاران، چەندین قوتابی کوردمان بینی دەهاتن کە دەیانبینی ناوی کوردستان لە تەنیشتی ناوی وڵاتانەوەیە، دەگریان".
لەبارەی نێوەڕۆکی کتێبەکانەوە عەلی دۆڵەمەری ئاماژەی بەوە کرد، باسی شۆڕشەکانی کورد، مێژوو و ئەنفال دەکەن. "خاتوونێک لێرەیە بە فەرەنسی کتێبیكی زۆر جوانی لەسەر جینۆسایدی کورد نووسیوە، کە ئێمە پێشکێشی هەموو پەرلەمانتار و وەزیرەکانی فەرەنسامان کردووە."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، شیعر، سیاسەت، ئابووری و منداڵ زۆرینەی نێوەڕۆکی کتێبەکان پێکدەهێنن.
ئەمە یەکەم جارە وەکو کوردستان بەشداری لەو پێشانگەیەدا دەکرێت، عەلی دۆڵەمەڕی گوتی، "ئەو جیلەی دێنە ئێرە هەمووی خوێندەوارە، قوتابی، مامۆستای زانکۆ، رۆژنامەڤان و دەستەبژێری کۆمەڵگەن. کتێبەکانیش هەموویان خواستیان لەسەرە، بەتایبەت کتێبی سەرۆک بارزانی، کە وەرگێڕدراوەتە سەر فەرەنسی و پوختەیەکی باسی مێژووی کوردە و باسی ریفراندۆمیش دەکات، هەر یەکەم رۆژ هیچ کتێبیێکیمان نەما، چونکە خواستی زۆر لەسەر بووە".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا باسی لەوەشکرد، 12 نووسەر لە ستاندنی کوردستان لە پێشانگەکە بەشداریان کردووە و واژۆیان بۆ خوێنەرانی کتێبەکانیان کردووە.
یەکێک لەو نووسەرانە، نووسەری بەنێوبانگی کورد، حەمید بۆز ئەرسەلانە کە بە کتێبێکی نوێ بەشداریی کردووە، بەناوی "مێژووی کورد لە رابردوو تاوەکو ئێستا." عەلی دۆڵەمەری دەڵێت، "ئەوە پێشوازییەکی زۆر زۆر گەورەی لێکرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ