بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە فینلاند 37 کورد بەربژێرن

12-04-2025
رووداو @Rudawkurdish
دیبەیتی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لەگەڵ میوانەکانی
دیبەیتی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لەگەڵ میوانەکانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

20 هەزار کوردی دیاسپۆرا لە فینلاند نوێنەرانی خۆیان بۆ شارەوانییەکان هەڵدەبژێرن. دیاسپۆرای کوردی لە فینلاند هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە، بۆئەوەی بەشداریی چالاکانە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکانی فینلاند بکات، کە رۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت.
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست رووداو کەوتوون، 37 کوردی فینلاند لەناو حیزبە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر کردووە، لەوانە 18 کەس لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دیموکرات، 6 کەس لەسەر لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی، 5 کەس لەسەر لیستی یەکێتیی چەپەکان، 3 کەس لەسەر لیستی حیزبی سوێدییەکان، 2 کەس لەسەر لیستی سەوزەکان، یەک کەسیش لەسەر لیستی کریستیان دیموکرات و دوو کەس لەسەر لیستی حیزبی ناوەند.
 
وەڵات نەهری، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فینلاند بە رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 18 هەزار کورد لە فینلاند دەژین، بەڵام هەندێک لەو کەسانەی زمانی کوردی زمانی دایکیانە، لەکاتی تۆمارکردنی خۆیان نەیانتوانیوە ئەوە رابگەیێنن، یان هاوسەرگیرییان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا کردووە، بۆیە دەکرێت بگوترێت زیاتر لە 20 هەزار کورد لەم وڵاتە دەژین."
 
لە کۆی 37 بەربژێری کورد، 22یان پیاوان و 15یان ژنن. لەڕووی بەشەکانی کوردستانیشەوە، 15 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 14 کەس لە باکوور، 6 کەس لە باشوور و 2 کەس لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون؛ تەنیا لە شاری تورکو 9 کورد بەربژێرن.
 
گرنگیی بەشداریکردن
 
"دەنگدان تەنیا ماف نییە، ئەرکێکی کۆمەڵایەتییشە،" وەڵات نەهری ئەوەی بە رووداوی راگەیاند و گوتیشی، "بۆ کورد جوان نییە دوای هەڵبژاردن بڵێت رێژەی بەشداریکردنمان کەم بووە. پێویستە لانیکەم بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی کۆچبەر لەم وڵاتە، ئێمە لە ئاستێکی بەرزدا بین."
 
شەهێن زادە ئەحمەد، بەربژێری سۆسیال دیموکراتەکان لە شاری تورکو، جەختی لەسەر بەشداریی کوردان کردەوە و گوتی، "ئەگەر بەرنامەی بەربژێرێک بە دڵت نییە، کێشە نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بچیت دەنگ بدەیت، با مافەکەت نەفەوتێت."
 
مەجید حەقی، شارەزای هەڵبژاردنەکان و دیاسپۆرای کوردی لە فینلاند، ئاماژەی بەوە کرد، "کاتێک ببینە هێزێکی سیاسی، ببینە سەرمایەیەکی سیاسی لەناو ئەو وڵاتەدا، لە ریزی حیزبە سیاسییەکاندا، بەتایبەت بە زۆربوونی بەربژێران، ئەو کات لە ناوەندەکانی بڕیارداندا حیسابمان بۆ دەکرێت."
 
پێگەی کوردان لە کۆمەڵگەی فینلاندیدا
 
وەڵات نەهری ئاماژەی بەوەدا، "کۆمەڵگەی کوردی لە وڵاتی فینلاند توانیویەتی لە زۆر بواردا تێکەڵی کۆمەڵگەی فینلاندی ببێت، لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا جێگە و پێگەی هەبێت. لەم وڵاتە بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 70 کۆمەڵە و رێکخراوی کوردی هەن."
 
"چەند هەفتەیەک لەمەوپێش، لەگەڵ دەستەیەک لە چالاکانی کورد چووینە پەرلەمان، یەکێک لە پەرلەمانتارەکان گوتی، "ئێمە کە چاو لە ئێوەی کورد دەکەین، وەکو کۆمەڵگەیەکی چالاک و سەرکەوتوو دەتانبینین بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە کە لەم وڵاتە کۆچبەرن."
 
سیستمی هەڵبژاردن لە فینلاند
 
لە فینلاند دوو جۆر هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و هەڵبژاردنی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکان (خۆشبژێوییەکان)، کە بەرپرسیارن لە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، فریاکەوتن و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.
 
مەجید حەقی گوتی، "لە ساڵی 2019وە، سیستمی بەڕێوەبەریی فینلاند گۆڕاوە و بەشێک لە خزمەتگوزارییەکان کە جاران لەلایەن دەوڵەتەوە دەدران، ئێستا دراونەتە هەرێمە خۆشبژێوییەکان، کە ئەوانیش لە هەڵبژاردندا دیاری دەکرێن."
 
سوود بۆ کوردان
 
شەیدا سۆهرابی، بەربژێری هاوپەیمانیی نیشتمانی لە هێلسنکی، جەختی لەسەر گرنگیی ئەوە کردەوە کە چۆن دەتوانێت کێشەکان و پرسەکانی پەیوەست بە نەتەوەی کورد بخاتە ناو سیاسەتی فینلەندییەوە، "هەر کاتێک توانیومە ناوی کورد و کوردستان بێنمە دەرەوە، بە شێوەیەک کە بۆ فینلاندییەکان گرنگ بێت؛ بۆ نموونە چۆن یارمەتیدانی پێشمەرگە دەبێتە هۆی رێگرتن لە گەورەبوونەوەی داعش و دروستکردنی کێشە لە ئەورووپا."
 
شەهێن زادە ئەحمەد-یش بە هەمان شێوە گوتی، "کاتێک کەسێک لە هاوزمانانی خۆت دەچێتە ناوەندێکی بڕیاردان، باشتر دەتوانێت دەنگی کورد بێت لەوێ". ئەو جەختی کردەوە، لەگەڵ ئەوەی لە حیزبی جیاواز بەربژێرن، بەڵام کولتوور و زمانی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە و لە هەندێک پرسی نەتەوەییدا پێکەوە کار دەکەن.
 
یارمەتیدانی کۆچبەران
 
شنە رەزاوی، شارەزای کاروباری کۆچبەران، باسی لەوە کرد، "پرسی قاچاخی مرۆڤ لە فینلاندا بووەتە کێشەیەک کە بڕیاردەران و سیاسەتمەداران زیاتر باسی دەکەن. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە خەڵک دەبنە قوربانی ئەوەیە، زمان نازانن و ناتوانن بەدوای زانیاری و یارمەتیدا بگەڕێن." گوتیشی، "تاوەکو چەندێک ئێمە زیاتر کەسانی بیانی لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدا هەبن، بێگومان تێکتێگەیشتن زیاتر دەبێت و باشتر دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین."
 
هەوڵدان بۆ پێشکەوتن
 
لە کۆتاییدا وەڵات نەهری ئاماژەی بە گرنگیی دروستکردنی لۆبی کوردی بەهێز کرد و گوتی، "لۆبی بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان و سازکردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی فینلاندیدا دەکرێت. سەتان دۆستی کورد هەن کە پشتگیری لە مافی کورد دەکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، دەنگدان بە بەربژێرەکان و دۆستانی کورد زۆر گرنگە."
 
بەپێی ئاماژەکان، ئەم هەڵبژاردنە گرنگیی زۆری هەیە بۆ دیاسپۆرای کوردی لە فینلاند و دەرفەتێکی گەورەیە بۆ هاتنە پێشەوەی کورد و بەشداریکردنی کاریگەر لە سیاسەتی ئەو وڵاتە.
 
دەقی دیبەیتەکە
 
هێمن عەبدوڵڵا: سڵاوتان لێ بێت، لە فینلاندین لە شاری هێلسینکی، دیاسپۆرای ئەم هەفتەیە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنێک کە رەنگە بۆ کوردی دەرەوەی فینلەندا پێش ئەوەی کە ئەم بەرنامەیە ببینن زۆر زۆر گرنگ نەبێت، بەڵام لەنێو فینلاندا بۆ کورد گرنگییەکی زۆری هەیە، لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکرێت، هەڵبژاردنی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکان دەکرێت ئەگەر تەواو بیڵێم، دوایی خۆبەڕێوەبەرییەکان، دەمەوێت بۆم راست بکەنەوە کە بۆچی ئەم دەستەواژەیە هێندە گرنگە لێرە باسی بکرێت. لەو هەڵبژاردنانەدا 37 کورد لە تەواوی فینلەندا خۆیان بەربژێر کردووە، جاری رابردووش لە ساڵی 2021دا ژمارەیەکی زۆر کورد خۆیان بەربژێر کردبوو، بەڵام ئەمجارە گەرموگوڕییەکی زۆر زیاتر دەبێت، گەرموگوڕییەک بۆ بەشداریکردن لە نێو ژیانی سیاسیی لۆکاڵی فینلاند لەلایەن کوردی دانیشتووی ئێرەوە، بۆ من بەڕاستی کە لە ئەڵمانیاوە هاتووم لە جیاتی ئەوەی لە ستودیۆی دۆسڵەدوورف بەرنامەکە پێشکێش بکەم، هاتووم بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی بزانم بۆچی کوردی ئێرە هێندە پێیان گرنگە بەشداری لە سیاسەتی لۆکاڵیدا بکەن، چونکە لە وڵاتانی دیکە نموونەیەکی هاوشێوە بەو فراوانییە نابینین. هەروا دەمەوێت بزانم دیاسپۆرای کوردی لێرە چەند گەورەیە، ژمارەیان چەندە، کاریگەرییان چەندە، دەتوانن چی بکەن، دەتوانن بۆ هەموو دیاسپۆرا بە گشتی، هەموو کوردستانیش چی بکەن، هەروەها دەمەوێت بزانم فینلاندییەکان لێرە چۆن لەسەر کورد بیر دەکەنەوە، لە ماوەی رابردووشدا دیاسپۆرای کوردی لێرە چۆن کاری کردووە، بۆ ئەم بەرنامەیە کۆمەڵێک میوانی بەڕێزم هەیە کە لێرە لە نێو کۆمەڵگەی فینلەندی چالاکن، بەشێکیان بەربژێرن و بەشێکی دیکەشیان لە نێو دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی فینلەندیدان و لە نێو دیاسپۆرای کوردیشدا ئەو کەسانەن کە لە ساڵانی رابردوودا رێکخەری سەرەکی بوون، قسەی یەکەمیان کردووە و کاری زۆر زۆریان کردووە. هەر یەکە لە بەڕێزان خاتوو شنە رەزاویی، شارەزای کاروباری کۆچبەران، وڵات نەهری، کوردی فینلەندا دەیناسن، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فینلاند، ئێستا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری دییاکورد، لێرە لەگەڵمان هەیە، هەروەها خاتوو شەهێن زادە ئەحمەد، بەربژێر لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان، مەجید حەقی، زۆر گەڕاین پێش بەرنامە چۆن ناونیشانێکی بۆ بدۆزینەوە، چونکە لێرە هەموو دەیناسن، کاری زۆری کردووە، کوردی فینلەندا و دەرەوەی فینلەندیش، دیاسپۆرای کوردی دەیناسن، من خۆم لە ئەڵمانیا گوێم لە توێژینەوەیەکی بوو لەسەر دیاسپۆرای کوردی و میدیای کوردی لە دیاسپۆرا، توێژینەوەیەکی زۆر ورد و جوان بوو، دڵنیام ئەم شەویش زانیاریی ورد و جوانمان لەسەر فینلەندا دەداتێ، هەروەها خاتوو شەیدا سۆهرابی، لە هاوپەیمانی گشتییەوە بەربژێرە، هەر هەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن. زۆر سوپاستان دەکەم کە پێشوازیتان لێ کردین، چونکە ئێمە میوانی ئێوەین، دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئێمە لە کتێبخانەی گشتی شاری هێلسینکین، پێش بەرنامە میوانە بەڕێزەکانم بۆیان باس کردم گوتیان ئێستا بەرامبەر پەرلەمانی فینلەنداین، پەرلەمانی فینلەندا باڵەخانەکەی وا دروست کراوە کە رێک بەرامبەر ئەو کتێبخانەیە بێت کە خەڵکی ئاسایی دێت لێرە دادەنیشێت، کورسی زۆر جوان داندراون، دەتوانن پەرلەمانەکەی خۆیان ببینن، هاوئاستن لەگەڵ ئەوانەی کە بڕیار لەسەر سیاسەتی فینلەندی دەدەن. کاک وڵات با لە بەڕێزتەوە دەست پێ بکەم، ئەوەی لە پەرلەمانە کە دەیەوێت وەکو خەڵک بێت، پەنجەرەکانی پەرلەمان لە پەنجەرەکانی کتێبخانە دەبینن، ئەمە وای کردووە کە کوردی ئێمەش لێرە ئاسانتر بتوانێت بەشداری لە ژیانی سیاسیدا بکات یان کورد حاڵەتێکی تایبەتە لێرە کە ٣٧ بەربژێریان هەن؟
 
وەڵات نەهری، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان: کۆمەڵگەی کوردی لە وڵاتی فینلاند توانیوویەتی لە زۆر بواردا تێکەڵاوی کۆمەڵگەی فینلاندی بووە و لە هەموو ئاستەکانی    کۆمەڵگادا جێگە و پێگەی هەیە، دیارە لە زۆر بواردا کەسانی سەرکەوتوومان هەیە، لە نێو حیزبەکاندا چالاکیمان زۆرە و رێکخراوەمان هەن، لەم وڵاتە بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ٧٠ کۆمەڵە و رێکخراوی کورد لەم وڵاتە هەیە، بەشێکی زۆریان ١١ ساڵ پێش ئێستا پێکەوە فیدراسیۆنی کوردەکانمان دامەزراند، ئێستاش بەردەوامە و چالاکە، حیزبەکانی کوردی لە هەر چوار بەشی کوردستان لەم وڵاتە هەن، ئەندامیان هەن، چالاکیی بەردەوام، بەتایبەت لە شارە گەورەکان هەن، کورد بە گشتی دەیەوێت لەم کۆمەڵگەیە چالاک بێت، چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لە پەرلەمان بووین لەگەڵ دەستەیەکی لە دۆستانی چالاکمانی کورد، چووین سەردانی پەرلەمانمان کرد، یەکێک لە پەرلەمانتەرەکان دروست بەخۆی باسی ئەوە کرد، گوتی: "ئێمە کە چاو لە ئێوەی کورد دەکەین، وەکو کۆمەڵگایەکی چالاک و سەرکەوتوو دەتانبینین بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە کە لەم وڵاتە کۆچبەرن"، بەڕاستی جێگەی شانازییە کە توانیومانە لە زۆر بواردا بڕۆینە پێش، بەڵام سەرەڕای ئەوە ئەبێت زۆر کاری گەورەتر بکەین، ئێمە دەبێت نوێنەرمان لەو پەرلەمانە هەبێت.
 
رووداو: کەواتە لە چاو ئەو کۆمەڵگە کۆچبەرییانەی دیکەی کە لێرە هەن ژمارەی کورد زۆرترە یان کەمترە؟
 
وەڵات نەهری: ژمارەی کورد لەو وڵاتەدا 20 هەزار کەسە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، چونکە لێرە بەپێی زمانی دایک ئامار دەکرێت، دەوروبەری 17 هەزار و 500 سەد تاوەکو 18 هەزار کورد هەیە، بەڵام بێجگە لەوەش، بەداخەوە بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان ناتوانن، نەیانتوانیوە ئەو کاتە کە هاتوونەتە وڵاتە راستەوخۆ ڕابگەیەنن کە زمانی دایکیان کوردییە، یانیش زۆر ماڵ هەن کە ئیتر تێکەڵاون، کوردە و فینلاندییە، کوردە و چینیە، کوردە و نەتەوەیەکی دیکەیە، ئیتر ئەوان دەتوانن یەک زمان هەڵبژێرن، بۆیە من بە بەراورد و لێکۆڵینەوەکەی کردوومانە بە پەیمایە، ژمارەی کوردستان دەبێت زیاتر لە 20 هەزار، زیاتر لە 20 هەزارە.
 
رووداو: شەیدا خان، یەکێک لە بەربژێرەکان لەسەر لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی باسمان کرد، هێشتا لای ئێوە ساردە، لای ئێمە دەزانین لەوبەری ئاو گەرمە، ئێستا دەتوانین بە تیشێرت بگەڕێین، لێرە زۆر ساردە، بەڵام دەبینین بۆ هەڵبژاردن گەرموگوڕی هەیە، چی وای لە بەڕێزت کردووە ئەمجارە وا بە گەرموگوڕی بەشداری بکەیت لە هەڵبژاردن؟
 
شەیدا سۆهرابی، بەربژێری هاوپەیمانیی نیشتمانی - هێلسینکی: بەڕاستی من خۆم زۆر یارمەتیم بۆ بووە، یارمەتی لە کوردەکان، یارمەتی لە فینلاندییەکان، خۆشم وەکو باوکم فێرەی کردووم گوتی شەیدا، شتێک دەکەیت جوان بیکە، یا دەستی پێمەکە، ئیتر من راستی، خۆم ئەمە سییەم جارە خۆم ،بەربژێر کردووە، یانی فێر بووم لەم پرۆسێسە، خەڵک هەیە دەکات، یارمەتیم دەدات، یانی من بەتەنیا ناتوانم هیچ بکەم، ئەمە لەگەڵ هەموو شتێکدا لە ژیانداین، بەتەنیا ناکرێت، بە پێکەوە جوانتر دەکات، من دڵنیام ئەمجارە دەنگ زۆر دەهێنم، پیسدەکەوم، چونکە خەڵک باوەڕیان بە من هەیە، دەچمە دەرەوە، هەوا چۆن بێت، سارد بێت، گەرم بێت، هەر وامە، لە دەرەوە خەڵک دەبینم و یانی لەگەڵیان قسە دەکەم، سایتی خۆم هەیە، ڤیدیۆ دروست دەکەم، لە دوایەوە ئیشیش دەکەم، سیاسەتەکەم دیار دەکەوێت.
 
رووداو: بۆچی گرنگە دەرچی؟ بۆ کورد بۆچی گرنگە؟
 
شەیدا سۆهرابی: بەڵێ، پرسیارەکە جوانە، راستی ئەوەی ئەمرۆش باسمان کرد دەربارەی ئەنفال، دەربارەی کوردان، مێژووی کورد خۆم دەربارەی مێژووی کورد خوێندوومە، ماستەرم هەیە لە بەشی سیاسەتیدا، دەزانم مێژووی کورد چۆن بووە، ئەگەر نەڕۆینە سەر شتەکە، جوان نابێ، من خۆم لە شاری هێلسنکی بەربژێرکردووە، ئەوانەی کە لە هێلسینکی دەژین فینلەندی بێت، پەنابەر بێت، کۆچبەر بێت، دەتوانن دەنگ بە ژمارە 329 بدەن، پرۆگرامێکم داناوە، پێشنیازێکم کردووەکە شەقامێک بە زمانی کوردییەوە بنرێت.
 
رووداو: وایە، کەواتە زۆرتر کولتوورەکەت پێ گرنگە پێش هەموو شتێک لێرە ئیشی لەسەر بکرێت، شەهێن خان، بەربژێری سۆسیال دیموکراتەکان، کورد ساڵانی زوو، کاک وڵات، کاک مەجید، تەمەنی ئێوە لە ئێمە بە تەمەنترن وابزانم، ئەوە نییە بۆیە دەڵێم، ئێوە ببوورن. جاران زۆر لەگەڵ چەپەکان خەریک بوون، کورد ئەو چەپانەی کە قەت لە حکوومەتدا نەبوون، ئەو چەپانەی کە بەردەوام ڕەخنەیان هەبوو، لەگەڵ دۆزی گەلانی ماف خوراو بوون، بەس وردە وردە بەرەو سۆسیال دیموکراتەکان دەچن کە لە حکوومەڕانیدان، ئەمە کاریگەریی هەبوو کە سۆسیال دیموکراتەکانت هەڵبژارد یان شتی دیکە هەبوو کە لەسەر لیستی وان خۆت بەربژێر کرد؟
 
شەهێن زادە ئەحمەد، بەربژێری سۆسیال دێموکراتەکان: بێگومان کاریگەریی هەبووە، من پێم وایە چاو لە هەر کوردێک دەکەیت، باگراوەندێکی سیاسی لە پشت هەیە و بە حوکمی ئەوەی ئەگەر چاویشت لێ دەکەن، هەمیشە کوردەکان لەگەڵ حیزبە چەپەکان وەکو بڵێن نزیکایەتی زیاتریان هەبووە هەر بەپێی مێژوو، بە حوکمی ئەوەی کە حیزبە چەپەکان دادپەروەریی کۆمەڵایەتیان هەیە و باسی دەکەن، باسی نەهێشتنی نایەکسانی دەکەن لە ناو کۆمەڵگادا، و کوردیش وەکو نەتەوەیەکی ژێردەست، وەکو بڵێن هەمیشە حوکمی نەتەوەی باڵادەستی لەسەر بووە، لە دوای ئەو سیستەمە دەگەڕێت کە باسی ئەم یەکسانییە بکات، بۆیە منیش وەکو کوردێک کە ئەو باگراوەندە سیاسییەم هەبووەو لە حیزبێکی سیاسی کورددا، بەرحاڵ بڵێم خۆم پێ گەیاندووە و کارم بۆ کردووە و ئێستاش ئەکتیڤم، حیزبی سۆسیال دیموکراتم هەڵبژاردووە و پێم وایە زیاتر لە ئامانجەکانی من و بیرکردنەوەی سیاسییەکەم نزیکترە.
 
رووداو: زۆر باشە، لە شوێنێکی دوورەوە هاتووی، لە هێلسینکی نیت، شارەکەت کوێیە؟ لە تورکۆوە هاتووی، تورکۆش بە گومان دیاسپۆرای کوردی لەوێ چالاکە، زۆر دەیانبینین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئێمە کە دوورین، شارەوانییەکان، بەڕێزت لەوێ بیت، لە تورک و لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا بیت، چی لە ژیانی کوردی تورکو دەگۆڕێت؟
 
شەهێن زادە ئەحمەد: بێگومان گرنگە، ئەمساڵ زۆر ئەکتیڤتر لە چاو خولەکانی پێشوو کورد خۆیان بەربژێر کردووە، هەر لە شاری تورکو نۆ بەربژێری کوردمان هەیە و من بەڕاستی ئێمە بە شانازییەک دەبینم، نیشان دەدات کە کۆمەڵگەی ئێمە زیندووترە، بەڵام چ کاریگەرییەکی دەبێت بۆ کورد کە من لەوێ خۆم بەربژێر کردووە؟ هەر کاتێک کە باسی سیاسەت دەکەین، تاوەکو سیاسەتمەدارە بەرزەکانی کە ئێستا لە ئاستی بڕیارداری ئەو وڵاتەدا هەن، لە شارەکانەوە دەستی پێکردووە، واتە ئەو بناغەیە کە یان دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو سیاسەت، بۆ ئەو ناوەندانەی کە بڕیاری گەورەتری بەدەستدایە، هەر کەسە بارتەقای توانایی خۆی بەڵێ دەتوانێت کاریگەری هەبێت، من ناڵێم ئێستا چاوم لە بەرزتر هەیە، بەڵام هەرچی لەدەستم بێت بۆ پرسی کورد، بەتایبەت دەرێغی ناکەم، ئەوە ئامانجی سەرەکیی منە لە پێش هەموو شتێک، بێگومانیش لە بابەت کوردانی دانیشتووی شارەکەم، من بابەتی ئەسڵی پێشنیارەکانی هەڵبژاردنەکەم ئەوەیە کە تۆرکو شارێکی فرە زمانە، شارێکی فرە کولتوورە و شارێکی فرە نەتەوەیە، بە نیسبەت شارەکانی تر یەک چاوی لێ بکەین، رێژەی پەنابەر زیاترە، تێکەڵاویی پەنابەران لەوێ زیاترە، بۆیە ئێمە نابێت بترسین لەو فرە کولتوورییە، بەڵکو ئەوە وەکو سەرمایەیەکی مەعنەوی چاوی لێ بکەین، بیکەین بە هێزی ئەم شارە، بێگومان کاتێک کە کورد لەوێ ڕێژەی بەرزە، چ باشتر کە پەیامی وا لە هاوزمانێکی خۆی بچێتە ناو ناوەندەکانی بڕیاردەر، بەڵێ، من تاوەکو ئەو جێیەی لەدەستم بێت، بێگومان لە بەرژەوەندی خزمەت بە شارەکەم و شارمەندانی ئەم شارە، بەتایبەتیش کوردەکان، دەکەم.
 
رووداو: کاک مەجید، 37 کەس خۆی بەربژێر کردووە، تەنیا لە تورکوو نۆ کورد خۆی بەربژێر کردووە، بەڵام رەنگە بۆ من کە لە دەرەوە تەماشای دەکەم بڵێم دەردە کوردەکەی دیسان هەمووی لێک جیاوازن، ئەو هەموو خەڵکە خۆی بەربژێر کردووە، ئەمە زیان لە یەکتر نادەن؟
 
مەجید حەقی، شارەزای هەڵبژاردنەکان و دیاسپۆرای کوردی فینلاند: وڵاتەکەمان زۆر ساردە بەڵام دڵمان زۆر گەرمە لەو وڵاتە، حەز دەکەم ئەوە بزانن، ئەوە بەشێک لە پرۆسەی دیموکراسی کە سیستەمی هەڵبژاردنی بەپێی ئەوە کە کام لە حیزبەکان، کام لە لیستەکان زۆرترین دەنگ دێنێت، ئەو کات لە لیستی ئەو حیزبەی کە زۆرترین دەنگی هێناوەزۆرترین بەربژێرییەکانی دەچنە هۆڵەکەوە، بەڵام لایەکی دیکەی مەسەلەش هەیە، ئێمە کورد لێرە وەکو کۆمەڵگایەکی تاوەکو ئاستێکی مامناوەندین، کۆمەڵگای فینلاند بە هەموو حیزبەکانی فینلاندییەوە، جا لەبەر ئەوە کۆمەڵگای فینلاند بە شێوەیەکی پۆزیتیڤ بە گشتی چاو لە کورد دەکات، بەتایبەتی دوای ئەو شەڕەی کە خاکی کورد دژی داعش لە ڕۆژئاوا و لە باشووردا بەڕێوەبرد، لە ڕاستیدا بە جیاتی هەموو ئەو دنیادا خەباتی کرد، ئەمە شوێندانەرێکی یەکجار زۆر لەسەر ئاستی کورد، لەسەر ناسینی کورد، لەسەر ئیعتباری کورد وەکو نەتەوە لەناو برد، پێشیهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی ئەوە کە کۆمەڵگەیەکی لێک دابەشکراوە، کۆمەڵگەیەکی شەرزەدەیە، کۆمەڵگەیەکی کە ترامای زۆری بینیوە، بەڵام ئەگەر بێتە لێرە بەتایبەتی جیلی یەکەم و دووەم، بە جیلی سێیەم، ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان تێکەڵی کۆمەڵگا بین، جێی بکەوین، لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵگایەکی بڵێین کە مەینەتییەکی نەتەوەیین، بە لەبەر چاوگرتنی سیستەمی سیاسیی فینلاند، ئێمە دەبێت هەموو هاوڵاتەکەمان ئەوە بێت کە ببینە هێزێکی سیاسی، کاتێک بوونە هێزێکی سیاسی، بوونە سەرمایەیەکی سیاسی لەناو ئەو وڵاتەدا، لە چالاکیی لە ڕێزی حیزبەکانی سیاسیدا، بەتایبەتی بە زۆربوونی ئەو ،بەربژێرانە، ئەو کات لە پەرلەمانتەرەکاندا، لە شوێنە بڕیاردەرەکاندا، هەم حیسابمان بۆ دەکرێت، ئەوە لەوانەیە دیکەی مەسەلەکەش هەیە، بەدەر ئەوەیە کە ئەوانە دەنگ دێنن یان ناهێنن، لە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، لە پرۆسەی خۆ،بەربژێرکردنەوە، ئەو بەشێک لەوانە فێری کاروباری بەڕێوەبردنی سیستەمی دیموکراتیک دەبن، پڕۆسەی دیموکراتی، بە، ئەو پڕۆسەی دیموکراتەیە دەتوانن نەقلی ناو کۆمەڵگای خۆیان بکەن و لەو ڕێگەدا نەقلی وڵاتی خۆیەشم بکەن، بۆیە من پێم وایە هەموو هەمووی بە پۆزەتیڤە، ئەگەر لەناو ئەوانەدا ئێمە چەند کەسێک، چەندە بەربژێرەکانمان بڕۆنە ژوورێ، دەنگ بێننەوە، ئەمە چ باشترە.
 
رووداو: راستە لەگەڵ کاک وڵات لیستێکی زۆر جوانتان ئامادە کردبوو، بەڕاستی سوپاستان دەکەم کە ناردبووتان، چونکە لە هەڵبژاردنی دیاسپۆرای کوردیدا من کەم بینیومە بە ئامار و بە داتاشت دەبێت، حەز دەکەم دوای کاک وڵات بۆمان باس بکات، بەڵام شنە خان، لە نێو کۆچبەران زۆرتر کار دەکەیت، لە نێو کۆچبەرانیش لە مەسەلەیەکی زۆر هەستیاردا، مەسەلەی قاچاخچێتی بە ئینسان، لەو بارەدا کار دەکەیت، ئەم هەڵبژاردنانەی کە هەن، هیچ کاریگەرییەکیان دەبێت لەسەر ئەو مەسەلەیە؟ ئەوانەی کە دەچنە شارەوانییەکان، هیچ ڕۆڵێکیان دەبێت لەو مەسەلەیە: مەسەلەی کۆچبەران، مەسەلەی ئەوەی کە دەزانی مەبەستم، قاچاخچێتی بە ئینسان و ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر کۆچبەران دەکرێت؟
 
شنە رەزاوی، شارەزای کاروباری کۆچبەران: زۆر سوپاس کاک هێمن، بەش بەحاڵی خۆم بەرخێرهاتنی کەناڵی ڕووداو دەکەم بۆ شاری هێلسینکی، دیارە ئەو پرسی کاری قاچاخ بە مرۆڤ لە فینلەندا، بەداخەوە زۆرینەی قوربانییەکان لە فینلەندا کەسانی بیانین کە دەبنە قوربانی لێرە، ئیتر جۆرەکانی دیارە ئەو قاچاخەش جیاوازن، بەڵام پرسێکە کە بەم دواییانە زیاتر بڕیاردەرەکان لە فینلەندا و سیاسییەکان لە فینلەندا زیاتر باسیان لێکردووە، پێشتر چونکە ڕێژەی کۆچبەریش لە فینلەندا زیادی کردووە و ئەم جۆرە قاچاخەش دەتوانێت لە چەند بە شێوەی جیاواز خۆی ببینێتەوە، بۆ نموونە، بەتایبەتی بە دەرەجەی یەک لێرە بە ئاستی یەک لە ژیانی کارکردنیاندا ئەو شتە خۆی دەبینێتەوە، مەسەلەن بۆ نموونە دەیاندەهێنن بە زۆر، کاریان پێدەکەن، یانی بە شێوەیەکی کار دەکەن کە بە هیچ شێوەی هیچ یاسا ڕێسایەکی فینلەندی ڕێگەی پێ نادات، یان لە دەرەوەی ئەو کۆمەڵگەیە دەیانهێنن، لێرە لە بەرامبەر شتێکدا بە ڕەش، و دیارە بەداخەوە زۆر حاڵەت هەیە لە کاری ڕەشیش تێپەڕیوە، یانی تەنیا ئەوەی کە بە کاری ڕەش، بە ناچار کاری ڕەشیان پێ بکرێت، بەڵام بێرکردنەوەیان دەتوانێت ئەمە،،، دیارە ئەوە پرۆسەیەکی زۆر زۆر دوورودرێژترە،ئێستاش حکوومەتی فینلەندا بۆ خۆی بەرنامەیەکی هەیە بەتایبەتی بۆ دیارە قۆرغکردن، پێی وایە کوردی قۆرغکردنی پێی دەڵێن، قۆرغکردنی کاری پێی دەڵێن، یەکێکە لە جۆرەکانی کاری قاچاخ بە مرۆڤ لە فینلەندا، بەتایبەتی بۆ ئەم بوارە، لەبەر ئەوەی کە زۆر زۆر زەقە، خەریکە دەبێتە کێشەیەکی وەکوو دیاردەیەکی لێهاتووە بەداخەوە لە فینلەندا، بۆ ئەمە بەرنامەیەکیان هەیە بۆ پێشگرتن بە ئەمە، ئینجا یەکێک لەوانە ئەوەیە کە دەبێت خزمەتگوزاری هەبێت بە زمانەکان، چونکە ئەو کەسانەی کە دەبنە قوربانی، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە دەبنە قوربانی ئەوەیە کە زمان نازانن، کە زمان نازانیت، دەسەڵاتی نییە، نازانێت چۆن بەدوای زانیاری و بەدوای یارمەتیدا بگەڕێت، من لەو باوەڕەدام کە تاوەکو چەندێک ئێمە زیاتر کەسی بە باگراوندی بڵێین بیانی لە ناو، بڵێین ناوەندەکانی دەسەڵاتدا هەبن، بێگومان، یانی تێک تێگەیشتنەکە زیاترە، دیارە دەتوانم بڵێم کە لەناو فینلەندییەکانیشدا ئەو تێگەیشتنە هەیە، یانی بەدەر لەوەی کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یانی لە چ حیزبێکان، یانی دەسەڵاتی حکوومەتی ئەمڕۆ، یانی بەوە گەیشتووە کە ئەمە دیاردەیە کە نابێت لە فینلەندا ئەم دیاردەیە بمێنێت، چونکە زەرەرمەندە بەهەر حاڵ.
 
رووداو: زۆر باشە، زۆر باشە، کاکە وڵات، سی و حەوت کوردن، بەڵام دەڵێی ڕێککەوتنێک لە نێوان پارچەکانی کوردستانیش کراوە، پشک داندراوە، نییە؟ بەپێی ئەو داتایەی کە من بینیم، پێم خۆشە بزانم بینەرانیش بزانن داتاکان چۆنن؟
 
وەڵات نەهری: بەڵێ، دەکرێت بە وردی باسیان بکەم، لە سی و حەوت بەربژێر لە هەموو حیزبەکانی فینلاندیدا دابەش بوونە، لە حیزبی سۆسیال دیموکرات بوونمان هەژدە کەس، لە حیزبی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەنکو شەش کەس، لە حیزبی یەکێتیی چەپەکان پێنج، حیزبی سوێدییەکانی فینلاند سێ، حیزبی سەوزەکان دوو، بەڵێ، ئەوان نزیکن لە کۆچبەر، لەبەر ئەوەوە جێگە بە کۆچبەرانیش زیاتر دەدەن، هەروا کریستیان دیموکرات و یەک دانە و حیزبی ناوەندیش دوو دانە، لەنێو بەربژێرەکانمان ژمارەی ژنانیش ڕادەیەکی باشە، ١٥ ژن بەربژێرن، ژمارەیان کەمترە لە پیاوان کە بیست و دوو کەسە لەم جارە...
 
رووداو: لە سکەندەناڤیا حاڵەتێکی نائاسایی نییە کە ژن ژمارەیان کەمتر بێت لە پیاوان؟
 
وەڵات نەهری: ژمارەی ژنان لە فینلاندییەکانیش ئەگەر بێتو مار هاتووە چل و دوو لە سەد ژنن، پەنجا و هەشتی پیاون، یانی ئەوەی کوردەکان زۆر جیاواز نییە، بەڵام بێگومان ئێمە کە لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەژین، زۆر خۆشحاڵین کە ژنانی کورد لە سیاسەت و حیزبەکانی فینلەندیدا چالاکن، هەروا کە چاو لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان دەکەین لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پانزدە، لە باکوور چواردە، لە باشوور شەش و لە رۆژئاوایش دوو، ئەوەش لە راستیدا ئەگەر بەراورد دەکەیت لە گەورەیی و چڕیی بەشەکانی کوردستان، ئەوەش لەگەڵەوە گونجاوە، گونجاوە باکوور، بەڕاستی جێگەی سەرنجێکە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی بەربژێری باکوور گەشەی کردووە، چۆن لە هەر جارەکانی رابردوو زۆر زۆر کەمتر بوون بەراورد لەگەڵ ئەم جارە، بەڵام زۆربەیان لە شارەکان کەمێک دوورن، لە دەوروبەری هێلسینکی پێم وایە یەک یەک یان دوو کەس بەربژێرن.
 
رووداو: جا پرسیاریش ئەوەیە کە باکوورییە، سەر بەڕێزت بە رۆژهەڵاتی ناسراوە، نییە؟ بەڵام نەهری، هەموو دنیا تاریخی نەهری دەزانێت کە باکوورین.
 
وەڵات نەهری: بەڵێ، من کوردستانییم بەبێ جیاوازی.
 
رووداو: شەیدا خان، لە کۆمەڵگای فینلەندی دەبێت سیاسەت بکەیت لەگەڵ فینلەندییەکان، دەبێت وەکوو فینلەندی بیر بکەیتەوە، چونکە ئەمە حیزبایەتیی کوردی نییە، خەریکی خەڵکی کوردستان بیت لێرە ڕێکخستنیان بۆ بکەیت، خەریکی دانیشتووانی شارەکەتی، هێلسینکی، چۆن دەتوانی باڵانس دروست بکەیت کە کوردێکی ئاگات لە کوردەکان بێت، هەم فینلەندیش بیت؟
 
شەیدا سۆهرابی: وەکو گوتت باڵانسی گەرەکە، من خۆم وەکو جوان وتت، من خۆم وەکو خۆم بە کوردێکی فینلەندی دادەنێم، چونکە بە تەمەنی پەنجا ساڵی هاتووم بۆ فینلەندا، بەڵێ، چەند کەسێک گوتی پێم، گوتی تۆ وەکی شێوەت وەکی کوردێکە بەڵام قسەکردنت وەکی فینلەندییە، ئەوەی کە چی باس دەکەی پێم خۆشە شتی ئاواینە، چونکە ئێمە وڵاتی، ڕاستی وڵاتێکی باشە، وڵاتێکە کە هێمەی هاوردۆتە بۆیرە، یارمەتیی هێمەی دا، وانەی پێمان دا، هەموو یارمەتییەکی دا، من خۆم بە نیشتمانیی فینلەندی دادەنێم، خۆم بە نیشتمانیی کوردێک دادەنێم، من خۆم راستیی زۆر شتێکم، یانی لە گۆڤارەکان نووسراوە، یانی کۆڵۆمنیست بووم، دوو ساڵە کۆڵۆمنیست بووم، هەموو جارێک کە توانیومە ناوی کورد و کوردستان بێنمە دەر بە شێوەیەک کە بۆ فینلەندییەکان گرنگ بێت، وەکو مەسەلەن بۆ گرنگە بۆ ئێمە یارمەتیی پێشمەرگە بدەین، چونکە ئێمە حەز ناکەین داعش گەورە بێت و کێشە دروست بکات لە ئەوروپا، بۆیە یارمەتیی کوردەکان بدەن کە داعش کێشە دروست نەکات لە ئەوروپا، یانی بە شێوەیەک کوردایەتی و کوردستان دێنم بۆ یارمەتیی گەرەکە، نا، ژن، ژیان، ئازادی ئەوە شتێکە کە لە ئەورووپا چوووە پێشەوە، بەڵام لە کوردی خۆمانە یان نیوانە، باش نەبین یانی دەنگ بدەینە و هەق بدەینە ژن، من بە خۆی دەتوانم بە شێوەیەکی کۆکتێلێکی جوان کوردایەتی بێرم و فینلەندی بێرمە یانی پێکەوە، یانی بتوانن ئیش بکەن، بەڵام ئەمە ڕاستیی شارەوانییە، من خۆم ،بەربژێر نەکردووە بۆ هەموو ژنان و بۆ هەموو کوردان و بۆ هەموو خەڵکی کاڵا سەتا ما، من خۆم لە کوێ دەژیم، من خۆم ،بەربژێر کردەوە بۆ هەموو هێلسینکی، خەڵکی هێلسینکی، کورد بێت، ژن بێت، مامۆستا بێت، ژیان لە هێلسینکی باشتر بکەم، بەڵێ، من پڕۆگرامەکەم یان قورسە و بۆم گرینگە، بەڵام ئەوەش گرینگە کە من بتوانم هاوکاری بکەم لەگەڵ هەموو کەسێکدا کە لەگەڵمان بیر دەکاتەوە وەکو یەک.
 
رووداو: شنە خان، دێمە لای بەڕێزت، پێوەری بەڕێزت وەکو کوردێک، کوردێکی فینلەندی، یان کوردستانییەکی فینلەندی، وا ڕاستترە بیڵێم، بۆ دەنگدان بە بەربژێرەکان چییە؟ جا کوردن، دۆستی کوردن، چونکە ئەوانیش گرنگن، خەڵکی زۆریش دۆستی کوردە، وانییە خۆی بەربژێر کردووە، پێوەرەکان چین؟
 
شنە ڕەزاوی: دیارە بەر لە هەموو شتێک وەکو لێرەش زۆر باسکرا، لێرە بەڵێنی حیزبەکان زۆر زۆر گرنگن، ئەو حیزبانەی کە من وەکو کەسێکی کوردێک لێرە دانیشتووم و ئەوانەی کە ئەو بابەتانەی کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر من، دیارە مەسەلەی کوردییان ناکەمەوە، بەڵام ئەوەی کە ئاخۆ ئەو حیزبانەی کە دەسەڵات دەگرن بە دەست لە ناوەندێکی بڕیاردان لە شوێنەکان، ئاخۆ ڕووانگەی ئەوان لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی کۆچبەران چییە، ئەوە وەکو بۆ من وەکو دانیشتوویەک لێرە گرنگە کە هەیە ڕووانگەی ئەوان چۆنە، ئەمە هەم لە پەرلەماندا، لە سەر ئاستی شارەوانیش گرنگە، 100٪ دواتریش دێتەوە سەر ئەوەی کە بیر لەوەش دەکەمەوە کە دەنگ بە ،بەربژێرێکی کورد بدەم لەبەر ئەوەی کە وەکو شەیدا خانمیش ئاماژەی پێکرد، کە کەسێک تۆ هاوزمانت بێت، هاونیشتمانیی خۆت بێت کە دەچێتە ناوەندێکی بڕیاردان، لەگەڵ خۆیدا، بتەوێت و نەتەوێت، باشتر دەتوانێت ئەوە دەنگی کورد بێت لەوێ، لەناو ئەو ناوەندانە، لەناو ئەو حیزبانە، بۆ کەسێک ئێستا بۆ منێک کە بمەوێت کاریگەریم هەبێت لەسەر حیزبێکی سیاسی لە فینلاند، ڕەنگە کە لە دەرەوەی حیزبەکە بم ئاستەنگتر بێت وەکو ئەوەی کە کەسێک، کوردێک، بچێتە ناو حیزبەکەوە و لەناو ئەوەیدا، لەناو حیزبەکەدا بتوانێت کاریگەری هەبێت لەناو ناوەندەکانی بڕیارداندا، ئەو شتانە زۆر زۆر بابەت دەگرێت، بابەتە فەرهەنگییەکان دەگرێتەوە کە کورد دابڕاو نییە لەو بابەتە، بابەتی زمانی دایکی دەگرێتەوە.
 
رووداو: ئەمە چۆنە لە فینلەند خەڵک دەتوانێت زمانی دایکی بخوێنێت بە پشتیوانی شارەوانییەکان؟
 
شنە رەزاوی: بەڵێ، من بۆ خۆم بە منداڵی هاتوومەتە ئێرە بیرم نەکە، هەر زۆر یانی بیست و پێنج ساڵەم وەکێشاوە لە زمانی دایکی، یانی دەبوایە بڕۆشتمایە، شتێک نەبوو کە هەڵبژاردەی من بێت بۆ زمان، هەفتەی دوو سەعات زمانی کوردییان بۆم دانابوو، دەبوایە بڕۆشتمایە بۆ دەرسی زمانی کوردیش، لە هەر خوێندنگەیەک پێویست بێت ڕێژەیەکی دیاریکراوە، ئەگەر ئەوەندە، یانی ڕێژەیەکی چەند منداڵێک هەبن کە بە زمانێک قسە بکەن، مامۆستایان بۆ دیاری دەکەن، ئیتر ئەو مامۆستایە با بڵێین ئیتر دەبێت گەڕۆک بێت لە خوێندنگەیەکەوە بۆ خوێندنگەیەکی دیکە.
 
رووداو: کاک مەجید، ئەو نووسینەی کە بڵاوتان کردبووەوە لەگەڵ کاک وڵات، پێم وابێت بۆ ئەم بەشەی بەرنامەکەش پەیوەندی پێوە هەیە، ترس هەیە لەوەی کە کورد نەچن دەنگ بدەن.
 
مەجید حەقی: دەزانن یەک لە کێشەکان هەیە ئەو کۆمەڵگایانە یان ئەو خەڵکانەی کە لە وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە هاتوون بە سیستەمی دیموکراسی ڕانەهاتوون، بە کۆمەڵ بڕیاردان کە لە خەڵکەوە سەرچاوە بگرێت ڕانەهاتوون، ئێمە لە سیستەمگەلێک هاتووین کە سەرۆکەکان، کەسانێک کە گەورەتر لە خۆمانن بڕیار دەدەن و ئەو بڕیاردەرانەش هەمیشە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارەکان بڕیاردەدەن، جا لەبەر ئەوە لە چەند هەڵبژاردنی ڕابردوودا کۆچبەران بەگشتی، بە تایبەتیش کورد یەک لەوانە، کەمتر بەشدارییان کردووە، ئەم جارە من وا دەبینم کە کوردەکان نەختێک چالاکتر بوون بەهۆی ئەوەی کە هەم ئاستی ئاگایی گشتی چووەتە سەرێ، بە تایبەتی دوای کۆرۆنا، پێم وایە دوای کۆرۆنا، لەبەر ئەوەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بوون، پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی زۆرتر بەهێز بوو، خەڵکەکە ئاگاداری زۆرتری بوو، ئەم دەرفەتە خوڵقا کە خەڵک ئاگاداری ئەوە ببێت کە چی دەبێت، لەو دوو-سێ ساڵەی ڕابردوودا کە دەوڵەتی ئێمە ڕاستڕەوترین دەوڵەتی، یانی دەستڕاستترین دەوڵەتی نێو دەوڵەتانی فینلاندمان هەیە، ئەمە هەندێک شوێندانی دانا لەسەر خزمەتگوزارییەکان، لەسەر شێوەی خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی بۆ کەسانی بێکار، کەسانێک کە، بەتایبەتی بەشێکی زۆر لە ئێمە، بەتایبەتی بەداخەوە خانمان لە ماڵدا دەرفەتی کاریان نییە یان دەرفەتی کاریان پێ نەدراوە، بۆچی ئەو دەرفەتانە بۆیان نەخوڵقاوە؟ سیستەمی دەوڵەتی ئێستا لەجیاتیی ئەوەی کە هانیان بدات بەرەو پێش بچن، زۆرتر لە جێیاندا دەیانکوتێت، یانی زۆرتر سزایان دەدەن و ئەو سزادانە جۆری کردووە کە لەوانەیە خەڵکەکە هۆشیار بێت بۆ گۆڕینی ئەو بڕیارانەی کە لە ئاستی خۆجێیی دەدرێن، چونکە ئەوان ناتوانن لە سیاسەتی گشتیدا ڕاستەوخۆ کاریگەر و شوێندانەر بن، بەڵام دەتوانن لە ئاستی سیاسەتی لۆکاڵدا کە پەیوەندی بە بڕیارەکانی خۆجێیی هەیە وەکوو هەرێمە خۆشبژێوییەکان و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمە خۆشبژێوییەکان، کە ئەگەر پێویست بێت زیاتر ڕوونی دەکەمەوە، خزمەتگوزارییەکانی شارەوانییەکان، ئەوان چۆن دەتوانن شوێندانەر بن.
 
رووداو: حەز دەکەم لێرەوە شتێکیش ئامادە بکەم، ئەوەی کە باست کرد ئێستا، ئەنجوومەنی شارەوانی هەیە لە هەموو دنیا لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا، ئەمانە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بەڕێوە دەبەن لە شاری گەورە و بچووک، بەڵام ئێوە لێرە شتێکی دیکەتان هەیە و چەند جاریش وشەکەشم بۆ نایەت بەڕاستی، هەر ئێمە خۆشبژێوی دەڵێین، ئەمە چییە؟
 
مەجید حەقی: بەهۆی ئەوەی کە وڵاتی فینلەند وڵاتێکی بەرفراوانە، یان ئێمە مەسەلەن یەک لە بەرینترین وڵاتانی ئەورووپایە لە ڕووی پانوبەرینی جوگرافی، پانوبەرینی عەرزەوە، زیاتر لە سێ سەد شاری گەورە و بچووکی هەیە، و لە لایەکی دیکەشەوە تەمەنی خەڵکەکە بەرەو سەرەوە دەچێت، یانی ڕادەی ئەو کەسانەی کە خانەنشین دەبن بەرەبەرە ڕوو لە زیادبوونەوەیە، لەوانەیە بۆ ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە سی لەسەدی ئەو کۆمەڵگایە خانەنشین بن، کەوا بوو خزمەتگوزارییەکانی تاوەکو ئێستا کە لە لایەن شارەوانییەوە دەدراون، یەک شارەوانی نەیدەتوانی بۆ ئەرکی ئەو هەموو خەرجانە بێتەوە، بۆیە تەقریبەن لە سێ-چوار دەوڵەتی ڕابردوودا دەستیان بە گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵاتیان کرد، جاران بە شێوەی پارێزگایی بوون، دوای گۆڕان هەر تەنیا لە ئاستی شارەوانییەکان، لە دەوڵەتی پێشوودا، دوای سێ جار دەوڵەت، لە راستیدا لە دەوڵەتی پێشوودا، ئەو کات کە بەڕێز سانا مارین سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو، یاسای هەرێمە خۆشبژێوییەکان، کە بریتی بێت لە هەژدە هەرێمی خۆشبژێوی جگە لە شاری هێلسینکی، شاری هێلسینکی بە شارێکی جیاواز دەمێنێتەوە، ئەوانە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتن، خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزارییەکانی منداڵ پارێزی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی کە پەیوەندییان بە خۆشبژێویی کۆمەڵگە هەیە، بە فریاکەوتن لە کاتی تەنگانەدا، هەمووی ئەوانە لە یەک جێ کۆبکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن سەرمایەکانی هاوبەشی شارەوانییەکان پێکەوە، با بڵێین چەند شارەوانی پێکەوە، لە ئاستی، لە چوارچێوەی هەرێمێکدا بتوانن سەرمایەکانی خۆیان پێکەوە کۆبکەنەوە و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پەیوەندییان بە دەوڵەتی ڕەفا هەیە پێشکێش بکەن.
 
رووداو: شارەوانییەکان خەریکی ژیانی ڕۆژانەن، منداڵەکەت چۆن دەخوێنێت، نازانم جادە و بانت چۆن بێت، ناو بازاڕ چۆن بێت، جادەکانت ڕێکوپێک بن، وانە، ئەمە وا دەکات خەڵک چۆن بەختەوەرتر بژیت و چۆن کێشەکانی کەمتر ببنەوە، وایە؟ تەواو تێگەیشتم؟
 
مەجید حەقی: بەڵێ، ئێمە بۆ نموونە یەک لە کێشە کۆنەکان، کێشەی مناڵە هەڵە بەرەکانیان، کێشەی ئەو منداڵانەی کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، یان ئەو منداڵانەی مەسەلەن با بڵێین لە باری پەروەردەوە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، منداڵێک کە مەسەلەن پێویستی بە وتاردەرمانی هەیە، یان خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە ساڵاچووان، بە ساڵچووان، هەمووی ئەوانە یەک شارەوانی ناتوانێت ئەنجامیان بدات، ئەمەیە خۆشبژێوی، دەبێت لەسەر ئاستی ناوچەکە بێت، چەند شارەوانی پێکەوە کۆببنەوە، هەرێمێکی خۆشبژێوییان پێکهێنابێت کە ئیمکاناتی هاوبەشیان هەبێت، ئەم دەرفەتە هاوبەشیانە پێکەوە دروست دەکەن، بەمە، هەم ئەمە بە یاسا مسۆگەر کراوە چونکە یاسایەکە بە ناوی یاسای هەرێمە خۆشبژێوییەکان کە ئەم خزمەتگوزارییانە تیادا ڕێک دەخرێن، لە ساڵی ٢٠١٩، ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم، یەکەم هەڵبژاردن کرا، دوو-چوار ساڵ لەمەوبەر بوو، یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمە خۆشبژێوییەکان کرا و لەو کاتەوە ئەم یاسایە خەریکی جێبەجێکردنە.
 
رووداو: بەڵام لەوێش خەڵک زۆر بەشداری نەکرد، من داتاکانم دیتووە، بەشدارییەکە زۆر بەرز نییە، خەڵک لێی تێنەگەیشتووە، پێیان گرنگ نییە؟
 
مەجید حەقی: جارێ بۆیان تازەیە، لەبەرئەوەی کە بۆیان تازەیە، بەشدارییەکە کەمە، ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا بەشداری زۆر کەم بوو، ئێستاش لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمیدا ئەگەر ئێوە سەیری ئامارەکان بکەن، ژمارەی ئەو کەسانەی کە خۆیان بەربژێر کردووە بۆ شارەوانییەکان سێ هێندەی ژمارەی پێشوون، لەبەر ئەوەی کە شارەوانییەکان بۆ خەڵکی ئاشنا بوون، بە نزیکەی سەد ساڵە زیاترە لە فینلەند دەنگ دەدرێت، شارەوانی هەڵدەبژێردرێت، خزمەتگوزارییەکانی دیارن چونکە خزمەتی هەموو ڕۆژەی خەڵک دەکەن، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی دیکە کە جاران بەشێکی زۆر لەلایەن دەوڵەتەوە دەدران، لەلایەن دەوڵەتەوە، لەلایەن ناوەندەوە دەدران، ئێستا یەک لەو شتانەیە کە لەبەریەک بوونەتەوە، جاران ئێمە لە فینلەندا دایرەی کار و بازرگانیمان هەبوو، ئێستا خزمەتگوزارییەکانی کارکردن کە لە دەوڵەتەوە گواستراونەتەوە بۆ شارەوانییەکان، ئەمەش چونکە گواستراونەتەوە بۆ شارەوانییەکان، ئەوە بوو بڕیاردەرەکان کە لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان یان هەرێمە خۆشبژێوییەکانن، شوێندانەرن لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەم خزمەتگوزارییانە بەرگری بکرێن.
 
رووداو: زۆر باشە، شەیدا خان، کە دەستمان پێکرد هەر لە سەرەتاوە گوتت کورد زۆر یارمەتیم دەدەن لێرە، پشتیوانیم دەکەن، زۆر چاک بەشدارن لەگەڵم، ئەو چەند کاژێرەی کە ماوە، کوردی فینلەند چی بکەن، دەتوانن چی ترت بۆ بکەن بۆ ئەوەی لە ناوچەی هێڵسینکی سەرکەوی؟
 
شەیدا سۆهرابی: وەڵڵا پرسیارەکە زۆر جوانە، هەمووی زۆر جوان بوون، ئەو کەسانەی کە خەڵک دەناسن لە هێلسینکیدا، زەنگیان بۆ بدەن، نامەیان بۆ بنێرن، ئاگاداریان بکەن کە کەسێکی کورد کە زیرەکە، زۆر شت دەزانێت، خوێندنی تەواو کردووە، خۆی ،بەربژێر کردووە لێرە، ئەگەر پێتان خۆشە دەتوانن بێن ئەمانە بڵاو بکەنەوە لە هێلسینکی، ئەمە پرۆگرامی منە، ئەوە ڕەسمەکەمە، کێ دەبینن، بە فینلەندییەکەی سەیرا یە چونکە فینلەندی زۆر سەختە بۆ ئەوەی بیڵێی، ئەوە دەتوانن بڵاو بکەن و بڵاومان کردووەتەوە، زۆر کوردی یارمەتی منیان داوە چونکە من خۆم حەز دەکەم فرەتر بیر لەوە بکەم کە چی دەتوانم بکەم، نەک بیر لەوە بکەم کە چی ناتوانم بکەم، یانی چی هەڵەیە، حەز ناکەم فۆکوسم لەوە بێت، حەز دەکەم فۆکوسم لەوە بێت کە چی دەتوانم بیکەم، زۆر یارمەتییان دام، دەتوانن زەنگ بدەن، دەتوانن نامە بنێرن، خۆیان گرنگترین شت دەوەستێنێ کە دەنگ بدەن بەڕاستی، من ڕاستی، یانی سپاسی هەموو کەسێک دەکەم کە تا ئێستا زەنگیان داوە، نامەیان ناردووە، من لە کەسێک، لە کوردێک با بڵێم، کوردێک لە لەندەنەوە وتی "بەخوا من نەمدەزانی"، کەسێک لە ڤاسا، سۆشیال دێمۆکرات، کاک کەریم حەبیبی زەنگی دا و گوتی "من حەز دەکەم دەنگ بدەم بۆ تۆ لە ڤاسا"، گوتی "بەداخەوە تۆ ماڵت لە هێڵسینکییە، ناونیشانت لە هێڵسینکییە"، بەڵام کەسێک بە ناوی شەیدا سۆهرابی لە هێڵسینکییە، دەتوانیت دەنگی بۆ بدەیت، گوتی "من دەیناسم، باوکی دەناسم و عەلی دەناسم"، پێم خۆشە دەنگ بدەن، یانی ڕاستی ئەوە شتێکی زۆر گرنگە بۆم، زۆر شتێکی جوانە، ئێستا من لەگەڵ شەهین کار دەکەین پێکەوە، وێنەش دەگرین، حەز دەکەم بڵێم بە کەسانی تورکوا کە دەنگ بدەن بە شەهین، نامەی بۆ بنێرن، ئێمە ڕاستی دەبێت یەکگرتوو بین، یانی نەک بە قسەکردن بەڵکو بەوەی کە چۆن کارەکەمان دەکەین.
 
رووداو: شەهین خان، کوردی ئێرە چیت بۆ بکەن؟ بەڕاستی من ئەوەم زۆر پێ جوانە چونکە کەم بینیومە لە شوێنێک کورد سیاسەت بکەن و هەردووکیان بەربژێر بن، وێنەی یەکتر بگرن و بڵاوی بکەنەوە، دەزانی.
 
شەهێن زادە ئەحمەد: سەرەڕای ئەوەی کە لە دوو حیزبی جیاوازیشین، ئەمە کولتووری فینلەندیشە، یانی ئەمە فێری دەبین، دیارە با یەک شتمان لەبیر بێت، وجوود کە ئێمە هەردووکمان لە دوو حیزبی جیاوازین، هەموو شتێک، یەک شت کە ئێمە گرێدراو دەکات هەر ئەو زمانە هاوبەشەیە، واتە لە ئەساسدا بەرنامەی هەموو بەربژێرەکان ئەوەیە کە خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگاکە بکەن، بەتایبەتیش ئێمە کە باکگراوەندی، وەکوو بڵێین، سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردیمان هەیە، خۆ هەندێک خاڵ ئێمە گرێدراوی یەک دەکات، هەندێک شت هەیە کە بەڕاستی بۆ ئێمە وەکو پرسی زمان و پرسی کوردایەتی و پرسی نەتەوایەتی، خۆ ئێمە ئەو شتانە بە هەرحاڵ بمانەوێت نەمانەوێت گرێدراوی یەکین، بۆیە لەوانەیە بەرنامەی بەربژێرەکە، جا شەیدا مادام وای کرد با منیش ئیکسەکەی خۆم نیشان بدەم، حەقی خۆمە، ئیتر منیش لە تورکو بەربژێرم بە ژمارەی دووسەد و یەک لەسەر لیستی سۆسیال دێموکرات، ئەوەی کە گرنگە بەڕاستی بەشداری بکەن، من هەمیشە تەنها داوام لە کوردەکان ئەوەیە، لەوانەیە تۆ بەرنامەی منت بەدڵ نەبێت، کێشە نییە، بەس بڕۆ بەشداری بکە و دەنگ بدە بە بەربژێرە کوردەکان.
 
رووداو: لەو هەرێمە نۆ بەربژێر هەن، هەر دەنگ بە یەکێکیان بدە، دەتەوێت باسی ئەوەش بکەیت؟
 
شەهێن زادە ئەحمەد: بەڵێ، لە هەرێمی تورکو نۆ بەربژێری کورد هەن، ئەگەر بەرنامەی شەهینت بە دڵ نییە بۆ هەڵبژاردن بە ژمارەی دوو سەد و یەک، بڕۆ کەسێکی دی هەڵبژێرە، بەس مەهێڵە مافەکەت بفەوتێت، چۆن دەنگدان مافی هەر تاکێکە، لە مافی خۆت ئیستیفادە بکە، با یەک شت لێرەدا ئیشارەی پێبکەم، داوای لێبوردن دەکەم، ئێمە زۆر جار ڕووبەڕووی ئەو بابەتە بووینەتەوە لە کاتی بانگەشەکردنەکانماندا، بەداخەوە ئەو کوردە بەپێی ئەزموونەی کە لە سیستەمی، جا بڵێین، لە سیستەمی وڵاتی خۆی، لە سیستەمی ئەو شوێنەی کە لێی هاتووە، وا هەست دەکات کە بەربژێرەکان ناتوانن دەنگی ئەوان بن، بۆیە من بە گوێی خۆم بیستوومە دەڵێن "وەڵڵا دەنگ نادەم، من باوەڕم بە دەنگ و وەکوو بڵێین بەربژێر نییە"، وا نییە، یانی بە هەر حاڵ من پێم وایە ئەگەر تۆ باوەڕت بە کوردەکەش نییە، دەنگی تۆ بێت، ئێمە زۆر دۆستی کوردمان هەیە کە کاریان کردووە بۆ کورد لە حیزبەکاندا، پشتگیری کورد دەکەن، کێشە نییە دەنگ بدە بەو کەسەی کە دۆستی کوردە، بەڵام بڕۆن دەنگ بدەن، ئەوە بەلامەوە زۆر گرنگە.
 
رووداو: کاک وڵات، 37 بەربژێر، لە کاژێرەکانی داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە چەندیان دەردەچن، چەند دۆستیشمان دەردەچن، پێشبینیت چییە، چی ڕوودەدات ئەم جارە، کورد دەتوانن چەندیان دەربچن؟
 
وەڵات نەهری: بە بڕوای من دەنگدان تەنیا ماف نییە، ئەرکێکی کۆمەڵایەتییە، چونکە لە هەندێک وڵاتی ئەورووپی سزاشی لەسەر دەدەن ئەگەر نەچیت، بەڵام بۆ کورد، کە چاو لە کۆمەڵگای خۆمان دەکەین، بۆمان شەرمەزارییە دوای هەڵبژاردن بڵێن ژمارەی بەشداریی کورد لە ئاستێکی نزمدا بووە، من پێم باشە لانیکەم لە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی تری کۆچبەر لەم وڵاتە، ئێمە لە ئاستی بەرزدا بین، بۆچی دەبێت بەشدار نەبین؟ ئەو شتانەی کە لە شارەوانییەکدا هەن، لە هەرێمەکان بڕیاریان لەسەر دەدرێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خۆمان، کەسانی شیاو لەوێ بن، ئەوان باشتر دەتوانن دەنگی ئێمە بگەیەنن، لەلایەکی ترەوە، لە فینلەندیش، لە وڵاتانی ئەوروپایی بە گشتی، حیزبە توندڕەوەکان پێگەیان لە بەرزبوونەوەدایە، ئێمە ئەگەر لە ماڵدا دانیشین و بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەین، ڕاستەوخۆ یارمەتیدەری ئەوانین، ئەوان جەماوەری خۆیان هەیە، بەڵام ئەگەر، لە قەولی فینلەندی دەڵێن، دەنگدەرانی خەوتوو، ئەوانەی کە لە ماڵ دەخەون و بەشداری ناکەن، ئیتر دەنگیان نابێت، لەو کاتەدا، حیزبەکانی دژی کۆچبەران سەردەکەون، کاریگەری خراپی لەسەر خوێندنی منداڵەکانت دەبێت، لەسەر بەرزبوونەوەی کرێی خانوو دەبێت، لەسەر ڕێگەوبان دەبێت، لەسەر هەموو شتێک، لە هێسینگفۆشن، ئەوەم بینیوە، گەورەترین ڕۆژنامەی فینلەندییە، لەوێ پانێلێک سازکرابوو و سەرۆکی حیزبەکان، سەرۆکی حیزبی پێرەوسستیا، مافی وەڵامەیان، لەوێ دەڵێت "خزمەتگوزاری زۆر باشە، بەڵام نابێت هەموو خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەمانە هەبێت، تەنیا بۆ هاوڵاتییەکانی خۆم بوو"، تۆ هاوڵاتی فینلەندی نابیت و خزمەتگوزاری وەرناگریت ئەگەر ئەو دەسەڵاتی هەبێت، وایە، ڕاستە، زۆر گرنگە دەنگ بدەن بە بەربژێرانی کورد، دەنگ بدەن بە دۆستانی کورد، باسی ٣٧ بەربژێری کورد کرا، کەمی سەد حەفتا دۆستی کورد لەو هەڵبژاردنە هەن، بۆچی پشتگیرییان ناکەن و جێگا و پێگەیان هەبێت؟ ئێمە کە بەردەوام باسی ئەوە دەکەین لۆبی کورد بەهێز بکەین، لۆبی بە پاڵپشتی بەهێز دەبێت، لە ماڵی خۆمان دانیشین و بە کوردی بنووسین بەڕاستی شانازییە، بەڵام ئەگەر بتەوێ کاریگەری لەسەر سیاسەتی هەموو وڵات بێت، دەبێت کەسانی شیاو بنێری بۆ ئەو ناوەندانە کە دەنگی تۆ بگەیەنن، من دەمەوێت دووبارە دووپاتی بکەمەوە کە بەشداری ئێمە لە هەڵبژاردنەکان زۆر گرنگە، ئێمە کە باسی لۆبی دەکەین، لۆبی بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، بە سازکردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی فینلەندی دەکرێت، ئێمە کە لە هەڵبژاردندا سی و حەوت بەربژێری کوردمان هەیە، دڵنیام کە دانەیەک دۆستانی کوردمان هەیە، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کورد مافی هەبێت لە وڵاتی خۆی، دەیانەوێت ئەو کوردە وەک نەتەوەیەک مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەبێت و ئەوان پشتگیری دەکەن، بەتایبەت دوای شەڕی داعش کە پێشمەرگە و ژنانی کورد ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان هەبوو، هەروەها دوای شۆڕشی ژینا، ژیان، ئازادی، کە بەڕاستی دەنگدانەوەی لە هەموو جیهاندا هەبوو، کورد پێگەیەکی زۆر بەرزی هەبوو، ئەمانە هەموو بوونەتە هۆی ئەوەی کە بە ڕەنگێکی ئەرێنی چاو لە کورد بکرێت، لە ناوەندەکان جێگە بە کورد بدرێت، لایەنە کوردییەکان کە دەیانەوێت سەردانی شوێنەکان بکەن دەرفەتیان پێدەدرێت، ئەوانە هەموو شتی باشن، لەبەر ئەوەش بە بڕوای من زۆر زۆر پێویستە ئێمە لە هەڵبژاردنەکان چالاک بین و دەنگ بە بەربژێری کورد و دۆستی کورد بدەین.
 
رووداو: زۆر باشە، شەهین خان دەتەوێت شتێک بڵێی؟ فەرموو..
 
شەهێن زادە ئەحمەد: بەڵێ، حەز دەکەم بە کوردی بیڵێم، راستی من خۆم ئەو دوو ساڵەی پێش خۆم ،بەربژێر کرد بۆ پەرلەمانی فینلەند، پێم یانی تازە بوو، کەمێک شۆکم بوو، بەڵام شۆکێکی باش بوو، نەک بۆ خۆم، ڕۆژێک لە ناوەڕاستی ڤاسارادا لە هێلسینکی چووم بۆ ئەوەی پڕۆژەکەم بڵاو بکەمەوە، چەند کوردێک هاتن، هەندێکیان هەر نەمدەناسین کێن، زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم، چونکە وەکو دەزانین کۆچبەرە کوردەکان دەنگ بە دەنگفرۆش نادەن، بەڵام ئەم کەسانە خۆیان هاتن نەک تەنیا دەنگم پێ بدەن، بەڵکو یارمەتیم بدەن، بەڵێ، باوەڕیان بە من بوو، بۆ من جێی سەرسوڕمان بوو، بەڵام شتێکی جوان بوو، ئێستا هەست دەکەم کوردەکان ئاگادارترن لە دەنگدان، خۆیان ،بەربژێر دەکەن و دەنگ دەدەن، کەم کەم، بەڵام هەموو شتێک گرنگە و هەنگاوی کەم کەم بەرەو پێشەوە جوانە و باوەڕم پێیەتی.
 
رووداو: کوردانی فینلاند، دوای بینینی ئەم بەرنامەیە، پێم وایە باشتر تێگەیشتن کە بۆچی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا گرنگە، کوردانی دەرەوەی فینلەند، ئەگەر خزمێکتان لە فینلەند هەیە، ئێستا تەلەفۆن هەڵگرن و قسەیان لەگەڵ بکەن و پێیان بڵێن دەنگ بدەن بە بەربژێرەکان، لە کاژێرەکانی داهاتوودا ئێمە لێرە دەمێنینەوە تاوەکو بزانین ئەنجامەکان چی دەبن، ئەو بەربژێرانە دەناسن لە ڕێی ڕووداوەوە، لە هەر شارێک بن تەلەفۆن بکەن، هەر کەسێکتان لە هەر شارێکی فینلەند هەیە تەلەفۆنی بۆ بکەن، پشتیوانی لە بەربژێرە کوردەکان بکەن، زۆر سوپاسیان دەکەم، لە هەر جێیەک بن سەلامەت بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە