سەرۆکی ئۆکراینا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە بەپەلەکانی وڵاتەکەی بانگهێشتی ئەمریکا دەکرێت

11-12-2023
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن ئۆکراینا زیلینسکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە سەرۆکی ئۆکراینا سەردانی کۆشکی سپی دەکات و لەگەڵ بایدن کۆدەبێتەوە. کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکە بۆ جەختکردنەوەی پابەندیی ئەمریکایە لە پاڵپشتیکردن لە گەلی ئۆکراینا و گفتوگۆکردن لەبارەی پێداویستییە بەپەلەکانی ئەو وڵاتە.
 
کۆشکی سپیی ئەمریکا  رۆژی یەکشەممە (10-12-2023) لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "سەرۆک بایدن، بانگهێشتی سەرۆک ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکیی ئۆکراینا کردووە بۆ کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی لە رۆژی سێشممە 12-12-2023."
 
لەبارەی مژاری کۆبوونەوەکەوە، کۆشکی سپی دەڵێ "بۆ جەختکردنەوەی پابەندیی ئەمریکایە بۆ پاڵپشتیکردن لە گەلی ئۆکراینا، کە دژی داگیرکاریی رووسیا بەرگری لەخۆیان دەکەن".
 
کۆشکی سپی هەروەها رایگەیاندووە، "دوو سەرۆکەکە گفتوگۆ لەسەر پێداویستییە بەپەلەکانی ئۆکراینا و گرنگیی پاڵپشتیی هەمیشەیی ئەمریکا لەو کاتە سەختەی ئێستادا، دەکەن."
 
لەوەتەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە 24-2-2022ـوەوە دەستیپێکرد، ئەمە دەبێتە دووەم سەردانی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ ئەمریکا. یەکەم سەردانی زیلینسکی لە 21-12-2022 بوو. سەرۆکی ئەمریکاش لە 20-2-2023 سەردانی ئۆکراینای کرد و لەگەڵ زیلینسکی کۆبووەوە.
 
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی نییە.
 
رۆژی 22-11-2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام تراژیدیایە؛ بەدڵنیاییەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە چۆن ئەو تراژیدیایە بووەستێندرێت."
 
سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە بەرپرسانی ئۆکراینا گرت بەوەی گفتوگۆ بۆ وەستاندنی شەڕ رەتدەکەنەوە و گوتی "رووسیا هەرگیز گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا رەتنەکردووەتەوە".
 
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی یاسایەکی واژۆ کرد و بەگوێرەی یاساکە، هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین قەدەخە کرد.
 
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینادا کۆنترۆڵکردووە؛ لە ساڵی 2014ـشەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا بە خۆیەوە لکاندووە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا