رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک رەخنەی تووند لە پیتەر ناڤارۆ، راوێژکاری باڵای ئیدارەی ترەمپ دەگرێت و داوا دەکات، بازرگانیی ئازاد لە نێوان ئەمریکا و ئەورووپا هەبێت.
ناڤارۆ پشتیوانی لە سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی بیانیدا کرد، کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بووە هۆی ئەوەی پێنوێنی بازاڕەکانی ئەمریکا دابتەپێت و لە ئەنجامدا کۆمپانیای تێسلای مەسک 18 ملیار دۆلاری لە بەهای پشکەکانی لەدەست دا.
مەسک پێشتر دوور و نزیک قسەی لەسەر پێناسە گومرگییەکان نەکردووە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە دەبنە هۆی "ئازادکردنی ئەمریکا" و گەڕاندنەوەی دەیان ترلیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی وڵاتەکەی.
چاوەڕوان دەکرێت، بە قسەکردنی مەسک لەسەر پێناسەکان، گومانی زیاتر بکەوێتە سەر سەرکەوتنی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گۆڕینی شێوەی ئابووریی جیهان.
بەیانیی رۆژی هەینی بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە مەسک خاوەندارێتیی دەکات، بەرگریی لە ناڤارۆ کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو راوێژکارە لە بابەتی پێناسەکاندا شارەزایی و ئەزموونی فراوانی هەیە، بەو پێیەی بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی هارڤارد بەدەستهێناوە.
بەڵام رۆژی شەممە، مەسک لە وەڵامی ئەو پۆستەدا رایگەیاند، هاوڕا نییە و گوتی: "بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری ئابووری لە هارڤارد شتێکی خراپە، شتێکی باش نییە، "هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە بڕوانامەکە زیاتر "لووتبەرزی" لێدەکەوێتەوە نەک "مێشک".
لە هەمان پۆستدا، بەکارهێنەرێکی دیکە لە بواری بازرگانیدا بەرگری لە ناڤارۆ کرد، بەڵام مەسک لە وەڵامدا نووسی: "ئەو یەک شتی نەفرەتیشی نەکردووە".
دواتر هەر لە رۆژی شەممە، مەسک بە ڤیدیۆ قسەی بۆ گردبوونەوەیەکی پارتێکی سیاسیی ئیتاڵیا کرد و لەوێ باسی لەوە کرد کە پێی باشە بازرگانیی ئازاد لە نێوان ئەمریکا و ئەورووپا پەیڕەو بکرێت، کە بریتییە لە رێگەدان بە کڕین و فرۆشتنی کاڵا لە نێوان وڵاتاندا بێ ئەوەی باجی گومرگیان بخرێتە سەر، سنوورێک بۆ بڕ و قەبارەیان دابنرێت یان لە لایەن حکومەتەکانەوە پشتیوانیی دارایی بکرێن کە ئەوە دەکرێت بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە بەرژەوەندیی هەندێ کۆمپانیادا بێت.
مەسک گوتی: "هیوادارم رێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی ئەورووپا و ئەمریکا هەردووکیان هەنگاو بەرەو سفرکردنی گومرگ بنێن و سەرکەوتووانە ناوچەی بازرگانیی ئازاد لە نێوان ئەورووپا و ئەمریکای باکوور دروست بکەن."
لەپاڵ ناڤارۆ، ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی هەرە باڵای ئیدارەی ترەمپ لە هارڤارد دکتۆرایان لە بواری ئابووریدا بەدەستهێناوە، دیارترینیان ستیڤن میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی ئابووری.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ناڤارۆ لە چەندین هەڤپەیڤین و دیمانەی تەلەڤزیۆنیدا بەشداربووە، بەرگری لە سیاسەتی سەپاندنی پێناسی گومرگی کردووە و پێداگربووە لەسەر ئەوەی کە ساڵانە 600 ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی وڵات دەگەڕێننەوە.
ترەمپ ئەو پێناسەکان بە "شۆڕشی ئابووری" ناودەبات و دەڵێت لە کۆتاییدا بازرگانییە گەورەکان قازانج دەکەن.
مەسک کە لە ئیدارەی ترەمپدا خاوەن کاریگەرییەکی گەورەیە، بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، رەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا کارەکەی کۆتایی بێت.
فەرمانگەی کارامەیی حکومەت کە تایبەتە کە کەمکردنەوەی خەرجی و بیرۆکراسیەت، بەمدواییانە رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا کاری مەسک بۆ کەمکردنەوەی 1 ترلیۆن دۆلار لە کورتهێنانی بودجەی وڵاتەکە تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ