ئەردۆغان: دەکرێت لەگەڵ پووتیندا بەشار ئەسەد بۆ تورکیا بانگهێشت بکەین

05-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق قسەی کردووە و رایگەیاند، دەکرێت لەگەڵ سەرۆکی رووسیادا سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت بکەن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە 24ەمین لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ھاریکاریی شەنگھای کە لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو، لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
لەبارەی هەوڵی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "رەنگە لەگەڵ بەڕێز پووتین بانگهێشتی بەشار ئەسەد بکەین. ئەگەر بەڕێز پووتین سەردانێکی بۆ تورکیا هەبێت، ئەوە سەرەتای ئەو قۆناخە دەبێت".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی، "بەردەوام دەستی دۆستایەتیمان بۆ سووریا درێژ کردووە. لەپاڵ ئەو سووریایەدا دەبین کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە و فرەچەشنی هەبێت و هەموو لایەنێک لەباوەش بگرێت".
 
ئەردۆغان 28ـی حوزەیرانیش لەبارەی هەمان بابەت قسەی کرد و گوتی: "هیچ هۆکارێک نییە رێگر بێت لەبەردەم ئاسایینەکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا. لە رابردوودا پێکەوە لەگەڵ سووریا پەرەمان بە پەیوەندییەکان دا، بەیەکەوە کار بۆ پەرەپێدانیان دەکەینەوە". 
 
ئەردۆغان جارێکی دیکە دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتکردەوە و رەخنەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گرت کە پاڵپشتی لە هەسەدە دەکەن و گوتی، "لە هەڵوێستی هاوپەیمانمان لە ناتۆ نیگەرانین کە پێچەوانەی رۆحیەتی هاوپەیمانی، ئێمەیان تەنیا جێهێشتووە و تەنانەت هانی رێکخراوێکی تیرۆریستی دەدەن کە پەل بهاوێت".
 
دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021 دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کردەوە. لە تشرینی یەکەمی 2021 وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە بولگاریا کۆبوونەوە. ئەیلوولی رابردووش بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی رووسیا، هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جۆرج کلوونی و جۆ بایدن

داوایەکی رووخێنەر لە ئەکتەرێکی نێودارەوە بۆ بایدن: واز بهێنە ناتوانیت بیبەیتەوە

تادێت رەخنەکان لەدژی جۆ بایدن، بەربژێری سەرۆکایەتیی داهاتوو زیاتر دەبن. جۆرج کلوونی، ئەکتەری بەنێوبانگی ئەمریکا و پاڵپشتیکاری دیاری دیموکراتەکان رایگەیاند: "جۆ بایدنم خۆشدەوێت، بەڵام ئەو شەڕە ناتوانێت بباتەوە، شەڕ لە دژی کات دەکات."