ترەمپ: کوڕەکەی بایدن ئەمریکا بەڕێوەدەبات

11-07-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری بەهێزی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024، لە شاری دۆراڵ لە ویلایەتی فلۆریدا بانگەشەیەکی هەڵبژاردنی کرد و بە تەنزەوە باسی بایدنی کرد. 
 
ترەمپ لە بانگەشەکەی باسی ئاستە خراپەکەی بایدن لە دیبەیتەکەی 28ـی حوزەیران و ناکۆکیی ناو پارتی دیموکراتەکانی کرد. ترەمپ گوتیشی: "رکابەرایەتیی بایدن دەکەم دیبەیتی دووەم لەگەڵ بکات، یان یارییەکی گۆڵفم لەگەڵ بکات لێرە لە دۆراڵ."
 
لە دیبەیتەکەی سەرۆکایەتی، بایدن و ترەمپ رووبەڕووی یەک بوونەوە و بۆ ماوەی 90 خولەک لەسەر چەندین پرسی گرنگی ناوخۆیی و دەرەکی قسەیانکرد. بایدن ئاستێکی خراپی پێشکێشکرد، دەمی تەتەڵەی کرد و چەند جارێکیش شتەکانی بیرچوویەوە؛ بەڵام ترەمپ بە متمانەیەکی باشترەوە قسەی دەکرد.
 
بەربژێری کۆمارییەکان ئەوەشی خستەڕوو: "لەناو خودی پارتەکەی بایدن داوایان لێکردووە دان بە شکستەکەی خۆیدا بنێت و ئیدی واز لە سەرۆکایەتی بهێنێت."
 
دواتر ترەمپ بە لایەگرەکانی گوت: "هەنتەری کوڕی بایدن وڵاتەکەمان بەڕێوەدەبات و جیڵی دایکی هەنتەریش یارمەتیی دەدات."
 
پرسی تەمەنی بایدن کە 81 ساڵە و ئاستە خراپەکەی لە دیبەیتەکە، دیموکراتەکانی نیگەران کردووە.
 
جۆرج کلوونی کە ئەکتەرێکی بەنێوبانگی ئەمریکییە لەبارەی دیبەیتەکەوە گوتی: "بەداخەوە کە وا دەڵێم، بەڵام ئەو جۆ بایدنەی سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵی بووم، هەمان ئەو جۆ بایدنەی 2010 نییە. ئەو تەنانەت هەمان ئەو بایدنەی 2020ـیش نییە. ئەوەی من بینیم هەمان ئەو پیاوە بوو کە لە دیبەیتەکە بینیمان".
 
بایدن لە 05-07-2024 لەبارەی دیبەیتەکەوە لە هەڤپەیڤینێک گوتی: "زۆر نەخۆش بووم؛ سەرمام ببوو. هەستم بە باشی نەدەکرد".
 
سەرۆکی ئەمریکا پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئایا سەیری دیبەیتەکەی کردووەتەوە؟ گوتی: "نەخێر، سەیرم نەکردووەتەوە. شەوێکی خراپم بەسەربرد، ماندوو بووم".
 
دواتر بایدن چووە شاری مایدسن لە ویلایەتی ویسکۆنسن، بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد و بە لایەنگرانی گوت: "ناتوانم بڵێم باشترین ئاستی خۆم لە دیبەیتەکەدا پێشکێش کرد، بەڵام لەو کاتەوە قسە و باس زۆر دەکرێن کە ئایا بەنیازی چیم. با لێرە وەڵام بدەمەوە. لە کێبڕکێکە دەمێنمەوە و لە دۆناڵد ترەمپیش دەبەمەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە