راپۆرتێک: چین بەتەنیا زیاتر لە هەموو وڵاتان کارەبا لە سەرچاوەی نوێبووەوە بەرهەمدێنێت

11-07-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی گلۆباڵ ئینێرجی مۆنیتەر لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردەوە، چین بەتەنیا زیاتر لە هەموو وڵاتانی جیهان کارەبا لە با و خۆرەوە بەرهەم دەهێنێت؛ دەشڵێت، وڵاتەکە لە زیادکردنی بەرهەم بەردەوامە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ی تەممووزی 2024، رێکخراوی گڵۆباڵ ئینێرجی مۆنیتەر کە بارەگاکەی لە شاری سانفرانسیسکۆی ئەمریکایە نوێترین راپۆرتی سەبارە بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خاوێنەوە بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، دوو لەسەر سێی کارەبای جیهان لە رێگەی سەرچاوەکانی خۆر و باوە لە چینە. ئەو وڵاتە بەرهەمهێنەری 339 گێگاواتە لەو دوو سەرچاوەیەوە کە 159 گێگاواتی لە با و 180 گێگاواتیشی لە خۆرەوەیە. ئەم بڕەش دوو ئەوەندەی هەموو وڵاتانی جیهانە بەتەنیا. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە چین ئامانجیەتی تاوەکو ساڵی 2030 ئەم بڕە زیاتر بکات و بتوانێت ئەو بەڵێنانەی بۆ دەردانی گازە گەرمکەرەکان داویەتی جێبەجێیان بکات. 
 
ئەو وڵاتانەی زۆرترین کارەبا لە با و خۆرەوە بەرهەمدەهێنن:
 
چین، 339 گێگاوات
ئەمریکا، 40 گێگاوات
بەڕازیل، 13 گێگاوات
بەریتانیا، 10 گێگاوات
ئیسپانیا، 9 گێگاوات
ئوستراڵیا، 6 گێگاوات
 
چین پێشەنگی ئەو وڵاتانەشە پڕۆژەی دیکەیان بۆ وەبەرهێنان لەو دوو کەرتە راگەیاندووە یان هەموو ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و نزیکن لە دەستپێکردن.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، چین پلانی دیکەی بۆ گەشەدان بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی با و وزەی خۆرەوە راگەیاندووە یان نزیکن لە دەستپێکردن. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە، چین دەتوانێت 723 گێگاوات کارەبای دیکە بەرهەمبهێنێت.
 
دوای چین، بەڕازیلە. بەڕازیل ژمارەیەک پڕۆژەی راگەیاندوون یان نزیکە لە دەستپێکردنیان. بە تەواوبوونیان 306 گێگاوات کارەبای دیکە لە سەرچاوەکانی خۆر و باوە بەرهەم دەهێنێت. 
 
ئەو وڵاتانەی پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبایان لە خۆر و باوە هەیە: 
 
چین، 723 گێگاوات
بەڕازیل، 306 گێگاوات 
ئوستراڵیا، 301 گێگاوات 
ئەمریکا، 215 گێگاوات 
ئیسپانیا، 147 گێگاوات 
سوێد، 136 گێگاوات 
بەریتانیا، 126 گێگاوات 
یۆنان، 98 گێگاوات 
فلیپین، 96 گێگاوات 
ڤێتنام، 84 گێگاوات 
 
چین و وڵاتانی دیکە بۆچی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر و با زیاد دەکەن؟ 
 
بەگوێرەی ئاماری کۆپەرنیکۆس، پار 36 ملیار و 600 ملیۆن تۆن گازی گەرمکەر دەردرانە بەرگەهەوای زەوی. لەو بڕە 12 ملیار و 600 ملیۆن تۆنی لەلایەن چینەوە دەردرابوونە بەرگەهەواوە. ئەمە بەهۆی بەکارهێنانی سووتەمەنی، بەتایبەت خەڵوز، لە بەرهەمهێنانی کارەبادا.
 
ئەو وڵاتانەی زۆرترین گازی گەرمکەر دەخەنە بەرگەهەوای زەوییەوە:
 
چین 
ئەمریکا 
هیندستان 
رووسیا 
ژاپۆن 
ئێران
ئەڵمانیا 
سعودیە
کۆریای باشوور
ئیندۆنیزیا 
 
چین کە خاوەن دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە بەڵێنی کەمکردنەوەی دەردانی ئەو گازانەی بۆ ئاستێکی پێوانەیی تاوەکو ساڵی 2030 و بەڵێنی دەرنەدانی هیچ گازێکی گەرمکەر تاوەکو ساڵی 2060 داوە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی کاربۆن بریف کە تایبەتە بە چاودێریکردنی رێژەی دوانۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا، ئایاری ئەمساڵ چین 53٪ی کارەباکەی لە سووتەمەنی، بەتایبەت خەڵووزەوە بەرهەمهێنا، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پار رێژەکە 60٪ بوو. ئەوەی دیکە لە رێگەی سەرچاوە نوێبووەوەکانەوە بوو، بەتایبەت خۆر و با. پێشبینیش دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ، زیاتر لە 50٪ی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی خۆر و باوە بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە