رێکخراوێکی ئەڵمانی: هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا ناهێڵن بەهانای کۆچبەرانەوە بچین

10-07-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوێکی فریاگوزاریی ئەڵمانیا دەڵێت، بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵەکانیان بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست دروست دەکەن. رێکخراوەکە باس لەوەش دەکات، لە 24 کاژێری رابردوودا 230 کۆچبەریان رزگارکردووە. 
 
رێکخراوی فریاگوزاریی (سی ئای) ئەڵمانی بڵاویکردەوە، بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەت ئیتاڵیا لە دۆخە لەناکاوەکاندا رێگرییان لێدەکەن بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست.
 
ئەو رێکخراوە دەشڵێت، "لە 24 کاژێردا پێنج پەیوەندیمان بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەران پێوەکراوە. ئەمە پشانی دەدات کە ئێستا دەریای نێوەڕاست لە دۆخێکی لەناکاودایە و پیشانی دەدات کە بوونمان لەو ناوچانە بۆ پاراستنی ژیان چەند گرنگە." 
 
رێکخراوەکە دوای ئەوەی بەهانای کۆچبەرەکانەوە دەچن، دەیانگوازنەوە کەناراوەکانی ئیتاڵیا. رێکخراوەکە رایگەیاندووە، ئەو کارە رووبەڕووی مەترسی سزادانیان دەکاتەوە لەلایەن کاربەدەستانی ئیتاڵیاوە. "ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر تواناکانمان بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەران دەبێت". 
 
ئەو رێکخراوە فریاگوزارییانەی لە دەریای نێوەڕاست بە هانای کۆچبەرانەوە دەچن ئەگەر فەرمانەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا جێبەجێ نەکەن لەکاتی لەناکاو و بەهاناوەچوونی کۆچبەراندا، بە نزیکەی 10 هەزار یۆرۆ یان دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکانیان سزادەدرێن. 
 
رێکخراوی سی ئای ئەڵمانی دەڵێت، حکومەتی ئیتاڵیا داوای لێکردوون بچنە چەند بەندەرێکی دوور، لەوانە جەنەوە کە ئەگەر لەوێ بیانەوێت بەهانای بەلەمێکەوە بچن لەوانەیە شەش رۆژ بخایەنێت. لەو بارەیەوە، جۆردان ئسلەر، سەرۆکی رێکخراوەکە گوتی: "بە ناردنی بەلەمە فریاگوزارییەکان بۆ بەندەرە دوورەکان، کاتێکی بەنرخی زۆر بۆ گەیشتن بە ناوچەی بەهاناوەچوون و گەڕان لەدەست دەدەین، ئەمەش وامان لێدەکات نەتوانین یارمەتی ئەوانە بدەین کە پێویستییانە." 
 
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، حکومەتی ئیتاڵیا بە سەرۆکایەتیی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە لە پارتی برایانی ئیتاڵیایە لە ساڵی 2022ـەوە هەوڵی رێگریکردنی لەو کەشتییە فریاگوزارییانە داوە کە کۆچبەران دەگوازنەوە ئەو وڵاتە. هەروەها، حکومەتی ئیتاڵیا ئەو کەشتیانەی بەهانای کۆچبەرانەوە دەچن بە هۆکاری چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتەکەی دادەنێت. 
 
رۆژی 17ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکا، بەلەمەکە 76 کۆچبەری تێدابوو و زۆربەیان کورد بوون، بەڵام تەنیا 12یان رزگارکران و ئەوانی دیکە بێسەروشوێن بوون.
 
بە گوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 76 هەزار و 154 کۆچبەر چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا کە 70 هەزاریان بە دەریادا چوون. هەروەها، هەزار و 541 کۆچبەریش لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە