لە رووداوێکی هاتووچۆ لە ئەفریقای باشوور 12 منداڵ گیانیان لەدەستدا

10-07-2024
تەنیا ئەحمەد
پاسەکە دوای وەرگەڕانی سووتاوە و تەرمی منداڵەکان ناناسرێنەوە
پاسەکە دوای وەرگەڕانی سووتاوە و تەرمی منداڵەکان ناناسرێنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان پاسێکی قوتابخانە و بارهەڵگرێک لە ئەفریقای باشوور، 12 منداڵ گیانیان لەدەستدا کە تەمەنیان لەنێوان 6 بۆ 13 ساڵ بوو.  
 
رۆژی چوارشەممە 10-07-2024، بەرپرسانی شاری یۆهانسبێرگ لە ئەفریقای باشوور رایانگەیاند، پاسێکی قوتابییان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو. لە ئەنجامدا، پاسەکە وەرگەڕا و ئاگری تێبەربوو. بەرپرسانی ئەو شارە ئاماژەیان بەوە کردووە "12 منداڵ لە پاسەکەدا گیانیان لەدەستدا."
 
رووداوەکە لە ناوچەکی مێرافۆنگ روویداوە لە نزیک شاری یۆهانسبێرگ کە سەر بە پارێزگەی گاوتێنگە. بەرپرسانی تەندروستیی رایانگەیاند: "شوفێری پاسەکە گیانی لەدەستداوە و حەوت منداڵی دیکە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە."
 
تاوەکو ئێستا تەمەنی ئەو منداڵانە ئاشکرا نەکراوە کە گیانیان لەدەستداوە بەڵام سەرچاوە فەرمییەکان باسیان لەوە کرد زۆربەیان قوتابیی سەرەتایین و تەمەنیان لە نێوان شەش بۆ 13 ساڵە.
 
سێللۆ مارێمانێ، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گاوتێنگ گوتی "قوربانییەکان بەجۆرێک سووتاون ناناسرێنەوە، بۆیە بۆ ناسینەوەیان تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون."
 
تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەی پۆلیسی هاتووچۆ تەواو نەبووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان "ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەکە، کە پیکابێک بووە، لە پشتەوە خۆی بە پاسەکەدا کێشاوە و وەریگەڕاندووە." بەگوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، شوفێری پیکەبەکەش برینداربووە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
 
ماتۆمی چیلۆنی، وەزیری تەندروستیی گاوتێنگ رایگەیاند "بەو رووداوە تراژیدییە زۆر خەمبار بووم. هەمیشە بە دایک و باوکانم گوتووە بەدواداچوون بۆ ئەو پاسانە بکەن کە منداڵەکانتانی پێ دەگوازنەوە." 
 
ئەفریقای باشوور یەکێکە لەو وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکانی کیشوەری ئەفریقا و رێگەوبانەکانی زۆر لەبارن، بەڵام خراپترین ئاماری رووداوی هاتووچۆی هەیە و بەرپرسان بۆ "کەمتەرخەمیی شوفێران" دەیگەڕێننەوە.
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە پارێزگەی لیمپۆپۆ لە باکووری ئەفریقای باشوور، لە رووداوێکی پێکدادانی نێوان پاسێک و بارهەڵگرێک، 13 کەس گیانیان لەدەستدا.  
 
لە مانگی ئادار پاسێک لە باکووری وڵاتەکە لەسەر پردێک کەوتە خوارەوە و 45 کەس گیانیان لەدەستدا. پاسەکە چەند کریستیانێکی هەڵگرتبوو کە بۆ بۆنەیەکی ئایینی تایبەت بە (جەژنی هەستانەوە) بە رێگەوە بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە