کەنەدا بووەتە پایتەختی دزینی ئۆتۆمبێل لە جیهان

10-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی پۆلیسی تاوانکاری نێودەوڵەتی "ئینتەرپۆل" رایدەگەیێنێت، کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان زۆرترین ئۆتۆمبێلی تێدا دەدزرێت. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەش ساڵی رابردوو، زیاتر لە 105 هەزار ئۆتۆمبێل لەو وڵاتەدا دزراون. 
 
بەرپرسانی کەنەدا ئاماژە بەوە دەکەن، زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو وڵاتە دەدزرێن، بۆ تاوان بەکاردەهێندرێن، لەنێوخۆی ئەو وڵاتە دەفرۆشرێن یان دەنێردرێنە دەرەوە بۆ فرۆشتن. 
 
ئینتەرپۆڵ ئاماژە بەوە دەکات، لە شوباتی ئەمساڵەوە، زیاتر لە هەزار و 500 ئۆتۆمبێلیان لە جیهان دۆزیوەتەوە کە لە کەنەداوە دزراون و براونەتە دەرەوەی ئەو وڵاتە. 
 
پۆلیسی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەش دەکات، هەفتانە نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلی دزراوی کەنەدی لە بەندەرەکانی جیهان ئاشکرا دەکەن، کە بەرەو وڵاتانی دیکە دەگوازرێنەوە. 
 
دزینی ئۆتۆمبێل لە کەنەدا بووەتە دیاردە، ئەوەش وایکردووە ساڵی رابردوو نووسینگەی بیمەی کەنەدا، دزینی ئۆتۆمبێل وەکو "قەیرانێکی نیشتیمانی" دیاریبکات و کۆمپانیاکانی بیمەش ناچاربوون لەو ساڵەدا بەهۆی دزینی ئۆتۆمبێلەوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بە هاووڵاتییان بدەن. 
 
کێشەکە هێندە گەورەیە کە وای لە بەرپرسانی کەنەدا کردووە لە سەرانسەری وڵات رێنمایی بە هاووڵاتییان بدەن، چۆن بتوانن رێگری لە دزینی ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن.
 
بەشێک لە کەنەدییەکان بەرپرسیارییەتی پاراستی ئۆتۆمبێلەکانیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان و بەمەبەستی رێگری لەو دیاردەیە، شوێنپێهەڵگرییان لە ئۆتۆمبێلەکانیان بەستووە و بەشێکی دیکەشیان بە پارەی خۆیان خەڵکیان بۆ پاراستنی گەڕەکەیان گرتووە.
 
بەراورد بە ئەمریکا و بەریتانیا، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە کەنەدا دەدزرێن زۆر بەرزە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە 100 هەزار کەسێک لەو وڵاتە، 262 کەس ئۆتۆمبێلییان ڵی دزراوە، لەکاتێکدا، لە بەریتانیا لە هەر 100 هەزار کەسێک 220 کەس ئۆتۆمبێلییان لێ دزراوە و لە ئەمریکاش لەو ژمارەیە 300 کەس ئۆتۆمبێلیان لێ دزراوە. 
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، ژمارەی دانیشتوانی کەنەدا نزیکەی 39 ملیۆن کەسە، ژمارەی دانیشتووانی بەریتانیا نزیکەی 67 ملیۆن کەس و ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکاش زیاترە لە 333 ملیۆن کەس. 
 
لە شوباتی ئەمساڵدا کەنەدا بۆ رێگری لە دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەگەڵ ئینتەرپۆل راگەیاند و بۆ ئەو مەبەستەش 3.5 ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ ئەوەی ئاستی هاوبەشیپێکردنی زانیاری لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی زیاتر بکات بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلی دزراوی کەنەدی لە تەواوی جیهاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە