داوایەکی رووخێنەر لە ئەکتەرێکی نێودارەوە بۆ بایدن: واز بهێنە ناتوانیت بیبەیتەوە

11-07-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تادێت رەخنەکان لەدژی جۆ بایدن، بەربژێری سەرۆکایەتیی داهاتوو زیاتر دەبن. جۆرج کلوونی، ئەکتەری بەنێوبانگی ئەمریکا و پاڵپشتیکاری دیاری دیموکراتەکان رایگەیاند: "جۆ بایدنم خۆشدەوێت، بەڵام ئەو شەڕە ناتوانێت بباتەوە، شەڕ لە دژی کات دەکات."
 
رۆژی چوارشەممە 10-07-2024 جۆرج کلوونی کە لە فیلمەکانی وەک The Flash، Ticket to Paradise،  Gravity و Up in the Air رۆڵی بینیوە گوتی: "بەداخەوە کە وادەڵێم، بەڵام ئەو جۆ بایدنەی سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵی بووم، هەمان ئەو جۆ بایدنەی 2010 نییە. ئەو تەنانەت هەمان ئەو بایدنەی 2020ـیش نییە. ئەوەی من بینیم هەمان ئەو پیاوە بوو کە لە دیبەیتەکە بینیمان."
 
رۆژی 28-06-2024 دیبەیتی سەرۆکایەتیی نێوان دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری بەهێزی کۆمارییەکان و بایدن بەڕێوەچوو. لە دیبەیتەکە بایدن زۆر "لاواز و بێهێز" دەردەکەوت و چەند جارێکیش دەمی تێکئاڵا و شتەکانی بیرچووەوە. دوای دیبەیتەکە خەڵکێکی زۆر دەنگیان بە باشیی ئاستی ترەمپ و دژی بایدن دا. بایدن دواتر رایگەیاند، ئەو نەخۆش بووە و قوڕگی ئەستوور بووە.
 
خواستی بایدن بۆ بەردەوامبوون لە خۆ بەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا کە بڕیارە لە 05-11-2024 هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەبچێت، لەلایەن بەشێک لە دیموکراتەکانەوە بووەتە جێگەی نیگەرانی و متمانەیان بە تەندروستیی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا نییە. 
 
جگە لە کلوونی؛ نانسی پێلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەسەر پشکی دیموکراتەکان لە نوێترین لێدوانی بە میدیای ئەمریکی گوت: "ئێمە هەموومان داوا لە بایدن دەکەین ئەو بڕیارە بدات، لەبەر ئەوەی کاتێکی کەممان لەبەر دەستە."
 
لەبارەی پرسیاری ئەوەی ئایە پێلۆسی لەگەڵ ئەوەیە بایدن لە بەربژێربوونی بەردەوام بێت، پێلۆسی گوتی، "دەمەوێت بایدن ئەوە بکات کە خۆی پێی خۆشە." 
 
دوای ئاستە خراپەکەی لە دیبەیتەکەی بەرامبەر ترەمپی رکابەری، بایدن لە 05-07-2024 لە هەڤپەیڤینێک گوتی: "زۆر نەخۆش بووم؛ سەرمام ببوو. هەستم بە باشی نەدەکرد." 
 
سەرۆکی ئەمریکا پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئایا سەیری دیبەیتەکەی کردووەتەوە؟ گوتی: "نەخێر، سەیرم نەکردووەتەوە. شەوێکی خراپم بەسەربرد، ماندوو بووم."
 
دواتر بایدن چووە شاری مایدسن لە ویلایەتی ویسکۆنسن، بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد و بە لایەنگرانی گوت: "ناتوانم بڵێم باشترین ئاستی خۆم لە دیبەیتەکەدا پێشکێش کرد، بەڵام لەو کاتەوە قسە و باس زۆر دەکرێن کە ئایا بەنیازی چیم. با لێرە وەڵام بدەمەوە. لە کێبڕکێیەکە دەمێنمەوە و لە دۆناڵد ترەمپیش دەبەمەوە."
 
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا تەمەنی 81 ساڵە و تەنیا سێ ساڵ لە ترەمپ گەورەترە، بەڵام ترەمپ هەمیشە گوتوویەتی: "هەست دەکەم تەمەنم 40 ساڵە."
 
بە گوێرەی دوایین راپرسی، 47.3٪ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە دەڵێن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە ترەمپ دەدەن، 44٪ـیش دەڵێن دەنگیان بۆ بایدنە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە