رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە دووەم هەڵبژاردنی دیموکراتەکان لە ویلایەتی کارۆڵاینای باشوور، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دوای راگەیاندنی ئەنجامەکە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بردنەوەی لەو ویلایەتە، هەنگاوی یەکەمیەتی بۆ مانەوە لە کۆشکی سپی.
رۆژی یەکشەممە (چواری شوباتی 2024) بایدن، دووەم بەربەستی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی دیموکراتەکانەکانی بڕی، دوای ئەوەی رێژەی 96٪ـی دەنگەکانی ویلایەتەکەی بەدەستهێنا لە بەرامبەر دوو رکابەرەکەی، کە مارین ولیەمسن، تەنیا لەسەدا 2.1 و دین فیلیپس لەسەدا 1.7ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
لەدوای سەرکەوتنی لە ویلایەتی کارۆڵاینای باشوور، لە راگەیێندراوێکدا بایدن رایگەیاند "خەڵکی کارۆڵاینای باشوور، جارێکی دیکە بۆچوونی خۆیان راگەیاندووە و هیچ گومانیشم لەوە نییە، ئێوە جارێکی دیکە ئێمەتان خستە سەر رێگەی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و، جارێکی دیکەش شکست بە دۆناڵد ترەمپ دەهێنن."
سەرکەوتنی بایدن لە کارۆڵاینای باشوور، بە گرنگ دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر دەنگدەری ئەو ویلایەتە رەشپێستن.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی بەرایی دیموکراتەکان، چاوەکان ئێستا لەسەر کێبڕکێی نێوخۆیی کۆمارییەکانە کە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و نیکی هەیلی دەبێت، ئەو ویلایەتەش بە بنکەی بەهێزی هەیلی دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی خەڵکی ئەو ویلایەتەیە و بۆ شەش ساڵیش حاکمی کارۆڵاینای باشوور بووە.
ئەمە سێیەم گەڕی هەڵبژاردنەکانی کۆمارییەکانە لەدوای ئەوەی لە دوو ویلایەتەکەی دیکە، ترەمپ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە.
بڕیارە لە 24ـی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆڵاینای باشوور بکرێت. گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی بەرایی دیموکراتەکانیش لە ویلایەتی نیڤادا لە شەشی ئەم مانگە دەکرێت.
بایدنی تەمەن 81 ساڵ کە بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکانە، دەیەوێت بۆ چوار ساڵی دیکە ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، سەرەڕای نیگەرانیی لایەنگرانی دیموکراتەکان لەبارەی تەمەن و دۆخی تەندروستیی، بەڵام هێشتا زۆربەی دیموکراتەکان بایدنیان لە رکابەرەکانی پێ باشترە.
ویلایەتی کارۆڵاینای باشوور بە یەکێک لە ویلایەتە گرنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەبینرێت، چوار ساڵ لەمەوبەر ترەمپ سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر بە بایدن بەدەستهێنا دوای ئەوەی رێژەی 55٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا بەرامبەر بە 43٪ـی دەنگەکان. لە ساڵی 2016شدا هەر ترەمپ لەو ویلایەتە براوە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ