رووداو دیجیتاڵ
زۆر وریاتر لە جاران بە قادرمەی فڕۆکەکەی سەردەکەوێت، لەنێو لایەنگرانیدا هەوڵدەدات شادتر دەرکەوێت، لەسەر سەکۆی هەڵمەتەکانی، دەم گەرمتر بووە؛ ئەمە حاڵی بایدنی دوای دیبەیتەکەیە.
ئێستا چارەنووسی سیاسیی بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر چەقۆیەکی تیژی دیموکراتەکانە.
ریپۆرتەرێک لە شیرۆد براون، ئەندامی دیموکراتی کۆنگرێس دەپرسێت "هێشتا پشتگیری لە سەرۆک بایدن دەکەیت؟" ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ "خەڵک مافی خۆیانە بزانن بایدن دەتوانێت چی بکات." ریپۆرتەرەکەش دەڵێ "بەڵام ئەو وەڵامە بە واتای بەڵێ نییە."
ریچارد بلومێنسال، ئەندامێکی دیکەی دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێ "پشتگیری لە بایدن دەکەم وەک بەربژێری دیموکراتەکان، بەڵام دەبێت بەهێزیی خۆی بۆ گەلی ئەمریکا بسەلمێنێت؛ هەندێ نیگەرانیش لای ژمارەیەک دیموکرات دروست بوون و پێویستە بایدن دڵنیایان بکاتەوە."
تاوەکو ئێستا لە 260 دیموکراتی نێو هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران، حەوتیان بە ئاشکرا داوای کشانەوەی بایدن لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتی دەکەن.
ئەوان چی دیکە وەک جاران متمانەیان بە بایدن نەماوە، کە بتوانێت لە رووی هۆش و جەستەوە شکست بە ترەمپ بهێنێت.
شێڵدن وایتهاوس، ئەندام کۆنگرێس (دیموکرات) دەڵێ "پێموایە وەک زۆربەی خەڵک، دیبەیتەکەی بایدن نیگەرانی کردم، لاوازیی بایدن و درۆ بە کۆمەڵەکانی ترەمپ، ئەنجامێكی خراپیان بۆ بایدن هەبوو."
بەڵام بایدن لە نامەیەکیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی داوای یەکخستنی ریزەکانیان دەکات و دەڵێت، "سەرەڕای ئەو قسانەی لە میدیا و شوێنەکانی دیکە دەکرێن، هێشتا سوورم لەسەر بەردەوامبوون. کاتی ئەوە هاتووە یەکبگرین و شکست بە دۆناڵد ترەمپ بهێنین."
لە ڤیدیۆیەکدا 13-8- 2023 بایدن و جیلی هاوژینی لە کەناری دەریای ریهۆبس، نزیک ماڵی خۆیان لە ویلایەتی دیلاوەر دەردەکەون لەکاتێکدا پاسکیلسواری دەکەن، ئەو کات کەمتر قسە لەسەر تەندروستی بایدن هەبوو، لە ئەگەری نەکشانەوەی بایدن، کۆبوونەوەی نیشتمانی دیموکراتەکان لە ئابی ئەمساڵ، وێستگەی یەکلاییکەرەوەی ئاییندەی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ