رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی لۆهانسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا هێشتا کەشوهەوا ساردە و شەڕ گەرمە، بەشێكی بەرچاوی باڵەخانە حکومی، ماڵ و یەکەکانی نیشتەجێبوونیش بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە وێران بوون.
زۆربەی لۆهانسییەکان لە مووشەک، گوللـەتۆپ و بۆمبی درۆنەکانی سوپای ئۆکراینا بێبەش نەبوون و ئێستا بێ ئاو و کارەبا و خۆراک ماونەتەوە. بۆ هاوکاریکردنی خەڵکیش، لەو بەشەی شارەوانیی لۆهانسک کە نەڕووخاوە، هاوکارییەکان کۆدەکرێنەوە و بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێن.
پیتر، بەرپرسی خزمەتگوزاریی شارەوانی لۆهانسکە، ئەو دەڵێ "دوێنی هاوکاری دیکەمان بەدەست گەیشت، خۆمان هاوکارییەکان دەگەیێنینە کەسانی بەتەمەن و نەخۆشەکان".
پێش شەڕ، ژمارەی دانیشتووانی لۆهانسک نزیکەی 400 هەزار کەس بوو؛ نیوەیان رووس و بەشەکەی دیکەیان ئۆکراینین. 13 مانگ شەڕ و پێکدادان، زۆربەی لۆهانسکییەکانی بە دوو ئاراستەی جیاواز ئاوارە کرد؛ رووسەکان بەرەو رۆژهەڵات بە ئاراستەی رووسیا کۆچیان کرد و ئۆکراینییەکانیش بە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەستی سوپای ئۆکراینا.
ئۆکسانا، بەرپرسی دابەشکردنی هاوکارییەکانە لە شارەوانی لۆهانسک، دەڵێ "پەتاتە، ئاو و خواردنمان هێناوە، زیاتر لە ساڵێكە ئێمە ئەو کارە دەکەین، خەڵکێكی زۆر ناوچەکەیان جێهێشتووە، زۆربەی بە ئاراستەی رووسیا رۆیشتوون و بەشێكی کەمیان بەرەو ئۆکراینا، بەڵام هێشتا خەڵکانێك هەن نایانەوێت ئێرە جێبهێڵن و ئێمەش هاوکاریان دەکەین".
سوپای رووسیا و هێزە هاوپەیمانەکانی، کۆنترۆڵی سەرووی 98٪ـی هەرێمی لۆهانسکی باکووری ناوچەی دۆنباسیان کردووە، بەڵام بەشی باشووری دۆنباس کە هەرێمی دۆنێتسکە، کەمتر لە 50٪ـی لەژێر کۆنترۆڵی رووسیایە و نازانرێت شەڕەکە بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ