دۆسیەی ئێران لە سەرووی کارنامەی سەردانەکەی ترەمپەوەیە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

03-04-2025
دیار کوردە @diyarkurda
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات و لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکە کۆببێتەوە.
 
ئەم سەردانەی دۆناڵد ترەمپ لەکاتێکدایە کە ئێستا چەندین پرسی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆشکی سپی تاوتوێ دەکرێن، بەڵام لە دیدی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە واشنتن، فایلی ئێران گرنگرینە و ئەم ئیدارەیە دەیەوێت پێش ئەوەی هەر پرسێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەسەر بکات، پرسی ئەتۆمیی ئێران یەکلایی بکاتەوە.
 
فیراس مەقسەد، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە یورەیژیا گرووپ دەڵێت: ''پێموایە کاتێک دێتە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆچوونی جیاواز لەنێو ئیدارەکەدا هەن، هەندێکیان پێیان وایە دەبێت سەرنجێکی قووڵیان لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت، هەروەها سەرنجیشیان لەسەر سیاسەتی باشووری ئاسیا و رکابەرەکانیان وەک چین هەبێت، بەڵام ئەوانەی کە بە باڵی هەڵۆ ناسراون، بەتایبەتیش بەرامبەر بە ئێران، بۆچوونیان وایە ململانێیی جیهانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەستپێدەکات و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەنتەرەکەیە". 
 
فیراس مەقسەد باسی لەوەش کرد: "کە دێیینە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێموایە ئێران یەکێکە لە پرسەکان کە سەرۆک ئاگادارە پێیی و دەیەوێت سیاسەتێکی گشتگیری بۆی هەبێت، سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری هێناوەتەوە، گورزی لە حووسییەکان داوە وەکو پەیامێک بۆ ئێران و هەروەها جێگۆڕکێیی بۆمبەرەکانیش بەشێکن لەم سیاسەتە.''
 
دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بە رێگەی دیپلۆماسی پرسی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بکات، هاوکات هەڕەشەی ئەوەش دەکات ئەگەر تاران رێگەی دیپلۆماسی رەتبکاتەوە، ئیدارەکەی چەندین بژاردەی تووندی لەبەردەستە بەرامبەر ئێران، لەنێویاندا گورزی سەربازی بۆسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
 
بەگوتەی بەرپرسی پێشووی مەلەفی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ترەمپ زیاتر بەدوای رێککەوتنەوەیە نەک بژاردەی سەربازی، بەڵام ئیسرائیلیش رۆڵی گرنگی لەم پرسەدا هەیە و دەیانەوێت لەم قۆناخەدا کە ئێران لاوازتر دەردەکەوێت بژاردەی سەربازی، بژاردەی سەرەکییان بێت و ئەمریکاش بۆ ئەم ئاراستەیە هاندەدەن.
 
جێن گاڤیتۆ، بەرپرسی پێشووی مەلەفی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: ''پێموایە هاندەری پشت سیاسەتەکەی سەرۆک ترەمپ گەیشتنە بە رێککەوتن، ئەگەر ئەو خواستێکی سەرەکی هەبێت، لەوە باوەڕەدام سیاسەتی سەرەکی ئەو گەیشتنە بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران،  بەڵام کێشەکە ئێستا ئەوەیە، ئیسرائیلیش بەشێکە لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی ستراتیجی ئەم دۆخەیە، ئایە ئێستا کاتی ئەوەیە کە رێککەوتن بکەن، یانیش دەستبکەن بە هێرشی ئاسمانی بۆ کۆتاییهێنان بە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران، بێگومان ئێران لەماوەی رابردوودا تووشی کۆمەڵێک پاشەکشێ بووە لە ناوچەکە، لە 18 مانگی رابردوودا، وەک پاشەکشەی حیزبوڵڵا، حەماس و ئەوانی دیکەش، بۆیەش لەدیدی ئیسرائیل ئەمە کاتێکی زۆر باشە، تاوەکو بەبێ پێویستی بەرگریی ئاسمانی ئەو هێرشە بۆسەر ئێران ئەنجام بدەن، ئەوان دەیانەوێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، یانیش بەدڵنیاییەوە بە پشتیوانی ئەمریکا ئەم کارە بکەن''.
 
چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا، دۆناڵد ترەمپ لە نامەیەکیدا بۆ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ماوەی دوو مانگی بە ئێران دا تاوەکو خۆیان یەکلایی بکەنەوە و بڕیار بدەن دێنە سەر مێزی گفتوگۆ یانیش ئەمریکا بیر لە بژاردەکانی دیکە بکاتەوە، حکومەتی ئێرانیش لە رێگەی عومانەوە وەڵامی ئەو نامەیەی ترامپیان داوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە نامەکە گەیشتبێتەوە کۆشکی سپی یان نا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی نێکستی رووداو لەلایەن نامۆ عەبدوڵڵاوە پێشکێش دەکرێت.

رۆژنامەڤانێکی نێوداری ئەمریکا ستایشی بەرهەمێکی رووداو دەکات

ئارۆن گلانتز، رۆژنامەڤانی دیار و کاریگەری بنکۆڵکاریی ئەمریکی کە کارەکانی وایانکردووە کۆنگرێس یاسای نوێ دابنێت و ئێف بی ئای لێکۆڵینەوە بکات، دوایین کاری رووداو لەسەر گرینلاند بە کاری "رۆژنامەگەریی مەزن" ناودەبات.