رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بە کەسە نزیکەکانی خۆی راگەیاندووە، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری جیهان و گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە پۆستەکەی نامێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاستی کار و بڕیارەکانی مەسک رازییە. هاوکات مەسک ئەو هەواڵە بە 'ساختە' ناودەبات.
رۆژی چوارشەممە 2ی نیسانی 2025 ماڵپەڕی پۆڵەتیکۆ، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە کەسە نزیکەکانی خۆی راگەیاندووە، ئەو رازییە لە بەرنامەکانی مەسک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ژمارەی فەرمانبەرانی فیدراڵی ئەمریکا، بەڵام هەردووکیان لەسەر ئەوەش رێککەوتوون بەمنزیکانە مەسک بگەڕێتەوە بۆ سەر کاری بازرگانییەکەی و دەست لە پۆستەکەی وەکو گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت بکشێتەوە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی دوورکەوتنەوەی مەسک لە بازنەی بڕیاردانی کۆشکی سپی، لەکاتێکدایە لە چەند هەفتەی رابردوو، بەرپرسانی ئەمریکی لە فراوانبوونی رۆڵی مەسکی تەمەن 53 ساڵ لەسەر سەرۆکی ئەمریکا نیگەران بوون و دەیانگوت، "هەتا بووەتە سەرئێشە بۆ ئیدارەی ترەمپ."
کەسێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەو هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە و ئیلۆن مەسک لە وەڵامیدا نووسیویەتی، "هەواڵێکی ساختەیە."
بەگوێرەی رێککەوتنی فەرمی نێوان ترەمپ و مەسک، ملیارێرەکە تاوەکو 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، وەکو راوێژکار کار لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەکات و ئەم ماوەیەش لە کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیران کۆتایی بێت.
لەسەرەتای ئەم مانگە بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوابووە مەسک لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە لەدوای ئەو وادەیەشی بۆ دیاریکراوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، هەرچەندە، کارۆڵاین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئەو راپۆرتەی پۆڵەتیکۆی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو راپۆرتە سەرلەبەری زبڵە و هەردوو ئیلۆن مەسک و سەرۆک ترەمپ بە ئاشکرا رایانگەیاندووە کە ئیلۆن ئەوکاتەی ئەرکەکەی تەواو دەبێت وەکو کارمەندێکی تایبەتی حکومەت دووردەکەوێتەوە."
مەسک وەکو بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، هیچ مووچەکی نییە و وەکو کارمەندێکی تایبەتی حکومەت کار دەکات، ئەو پۆستەش وایکردووە کە لە هەندێک رێکاری یاسایی و چاودێری ببەخشرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ