رووداو هەولێر
لە گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمشەو کاژێر 20:30 یانەی دهۆک میوانداری یانەی جەوییە دەکات.
یانەی جەوییە وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە خولەکەدا پێشکێشکردووە و تاکە یانەی خولەکەیە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و بەکۆکردنەوەی 45 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییە، جەوییە دوو رۆژە گەشتی شاری دهۆکی کردووە و دوایین یەکەی راهێنانی تیپەکە بەسەرپەرشتی ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەر لەنێو یاریگەی ئەو شارە ئەنجامدرا.
ئەنوەر عەلی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی جەوییە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە سوپاسی خەڵکی دهۆك و یانەکەیان دەکەین کە پێشوازییەکی جوانیان لێکردین، یارییەکە گرنگە و دەمانەوێت سێ خاڵی دیکە بۆ خۆمان زیاد بکەین و ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ کردووە".
لە ریزی جەوییەدا ژمارەیەک ئەستێرەی بەنێوبانگ یاریدەکەن، ئەیمەن حوسێن و ئیبراهیم بایش و حوسێن عەلی لەگەڵ سەعد ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراقن لە ریزی تیپەکەدا، بوونی پێکهاتەیەکی بەهێز بووەتە هۆکار بۆ ئەنجامە باشەکانی یانەکە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
عەلی زیاتر گوتی "لە ماوەی وەستانی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەکەمان لەسەر ئامادەکارییەکانی بەردەوامبوو، بەدڵنیاییەوە گەڕانەوەی ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراقیش خاڵێکی بەهێز دەبێت بۆ ئێمە، سوپاسی هاندەرانمان دەکەین کە لە هەموو یارییەکان رێگایەکی زۆر دەبڕن و دێن بۆ پاڵشتیمان".
وەرزی رابردوو یانەی جەوییە نازناوی جامی عێراقی بردەوە، لە دوایین وەشانی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بەشداربوو، هەرچەندە لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاواییکرد، بەڵام بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی ئیتیحادی سعودی بردەوە کە چوار گۆڵی خاوێن بوو، ئەم سەرکەوتنەی جەوییە لە شاری هەولێر بوو لەو کاتەی کەریم بنزیمای ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری یاری بۆ یانە سعودیەکە کرد.
یانەی دهۆک ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکێشکردووە و بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکەیە، دهۆک دەیەوێت بەپاڵپشتی هاندەرانی جەوییە تووشی یەکەم دۆڕاندن بکات.
یانەی جەوییە لە 1930 دامەزراوە، یانەیەکی جەماوەری شاری بەغدایە و خاوەن 7 نازناوی خولی عێراقە، شینپۆشانی بەغدا 6 جار ئاهەنگی پاڵەوانبوونیان لە جامی عێراق گێراوە.
یانەی دهۆک لە 1970 دامەزراوە و یەکجار نازناوی خولی عێراقی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ